پۆلیسی عێراق دەستیانگرت بەسەر چەردەیەك لە کتێبی دزراوی کەنیسەکاندا لە ماڵی ئەندامێکی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا لە موسڵ، بەڕێوبەری پۆلیسی نەینەوا، لیوا لەیس خەلیل حەمدانی دووشەممە (21 ئەیلول) وتی.
وتی ئەو 32 کتێبە، کە هەندێكیان وادیارە کتێبی مەسیحی دێرین بن و بێهاوتا بن، لەکاتی فەرمانڕەوایی گروپەکه بەسەر پارێزگای نەینەوادا دزرابوون.
حەمدانی وتی لەنێو ماڵی چەکدارێكدا لە ناوچەی باب جەدیدی موسڵ دۆزرانەوە دوای دەستگیرکرانی، لەگەڵ 19 زهرفی نامه کە چەند بەڵگەیەکیان تێدابوو دەربارەی هەمان ئەو کتێبانە.
وتیشی: "ئەو تیرۆریستە ئەم شتانەی لە سندوقێكی ئاسندا لە چێشتخانەکەی شاردبووهوە و بە چیمەنتۆ دایپۆشیبوو تا بیشارێتهوه."
سەرۆکی لیژنەی شوێنهواره زیانبەرکەوتووەکان لە نەینەوا، موسعەب محەمەد جاسم وتی کتێبەکان و بەڵگەنامەکە سەرەتا پشکنینیان بۆ کرا تا پشتڕاستبکرێتەوە لە دۆخێکی باشدان.
بە دیارونای وت دواتر پەیوەندیدهكرێت به دەسەڵاتی گشتی کەلەپور و شوێنەوارهوه تا شمەکەکانی بۆ بنێردرێت بۆ پاراستنیان لە بەغدا.
پاراستنی کەلەپوری عێراق
جاسم وتی دۆزینەوەکەی ئەمدواییە، لەگەڵ هەموو هەوڵەکانی دیکە بۆ دۆزینەوەی کەلەپورە دزراوەکان لەلایەن داعشەوە، لە ئەنجامی "هەوڵێکی هەماهەنگیکراوی ئاستبەرزی هاوبەش"دا بوو لەنێوان هێزە ئەمنیەکان و وەزارەتی رۆشنبیری و ستافی بەڕێوبەرێتی شوێنەوار و کەلەپوری نەینەوا.
وتی دوای ئەوەی پارێزگای نەینەوا لە 2017 لەدەست داعش رزگارکرا، زۆرێك لەو کەلەپورە دزراو و شمەکە دانسقانه دۆزرانەوە کە چەکدارەکان پلانی بەقاچاخبردنیان هەبوو بۆ دەرەوەی وڵات.
هەواڵگریی عێراق لە 10 تەمموز رایگەیاند کە 18 پارچه کەلەپوری لە حەشارگەیەکی داعشدا لە موسڵ دۆزیوەتەوە کە ئامادەکرابوون بۆ بەقاچاخبردن بۆ دەرەوە.
ئاماژەیکرد بەوەی زۆربەی کەلەپورە دزراوەکان لە مۆزەخانەکان نەدزرابوون، بەڵکو لە شوێنەوار و جێگا دێرینەكانی وڵاتەکە تاڵانکرابوون.
جاسم وتی: "لەکاتی کۆنترۆڵکردنی نەینەوادا، ئەندامانی داعش زۆر شوێنی لەوشێوەیەیان هەڵکەند بۆ دەرهێنانی کەلەپورەکان بەمەبەستی بازرگانی پێوەکردنیان و بەقاچاخبردنیان."
وتی یەکێك لە شوێنە هەرە زیانبەرکەوتووەکان نزرگەی تەل نەبی یونس [پەیامبەر یونس] بوو، "کە تیرۆریستان خاکەکەیان هەڵکەند و تۆڕێك لە تونێلی ژێرزەمینییان لێدا بۆ گەڕان بەدوای گەنجینەی شوێنەوارهكاندا لە کۆشکی شا سەرحەدونی ئاشوری".
وتیشی: "داعش زیانی بە مزگەوتەکان و کەنیسە مێژوییەکان و زۆر شوێنی دیکەش گەیاند بە بەکارهێنانیان وەك پەناگە و قەڵا تا بەر بە پێشڕەویی هێزە ئەمنیەکان بگرێت."
جاسم وتی هەوڵەکان بۆ پاراستنی شوێنەوارەکانی عێراق گەڕانیش لهخۆدهگرن بەدوای ئهو کەلەپورانهدا كه داعش بەقاچاخ بردوونیهته دەرەوەی وڵات.
وتی هاریکاریی نێودەوڵەتی هەیە لەگەڵ عێراق بۆ گەڕاندنەوەی شمەکە دانسقەکان و ژمارەیەکی زۆر لە کەلەپور گەڕێندراونەتەوە دوای ئەوەی لە مەزادە نێودەوڵەتیەکان دۆزراونەتەوە و لەلایەن ئینتەرپۆڵەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.