زۆرینەی سەرکردە خێڵەکیەکان لە پارێزگاکانی باشوری عێراق پێشوازییان کردووە لە هەوڵەکانی ئەمدواییەی حکومەت بۆ دەستگرتن بەسەر چەکە بێمۆڵەتەکاندا دهستگیركردنی داواکراوان، بەرپرسان بە دیارونایان وت.
لە 5 ئەیلول، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان زنجیرەیەك ئۆپەراسیۆنی بەگەڕخست بەناوی "بەڵێنی راستەقینە"، بۆ دەستگرتن بەسەر چەکە بێمۆڵەتەکاندا لەو ناوچانەی پێکدادانی چەکدارییان تێدایه لهنێوان خێڵەکاندا.
ئۆپەراسیۆنەکان، کە تا 15 ئەیلول بەردەوامبوون، پارێزگاکانی بەسرە، میسان، موسەننا و زیقاریان لە باشوری عێراق کردە ئامانج، لەگەڵ ناوچەکانی خێڵەکانی فەزیلیە و حوسەینیەت مەعامل لە بەغدا.
یەکەکانی دەزگای دژە تیرۆریزم و فەوجەکانی هێزە تایبەتەکان بەشدارییانکرد لەو ئۆپەراسیۆنانەی لە بەغدا ئەنجامدران، لەکاتێکدا هێزەکانی سوپای عێراق، دەریاوانی، پاسەوانی سنوور و یەکەی پۆلیسی دۆخی کتوپڕ، هەڵمەتەکانی بەسرەیان ئەنجامدا.
![هێزەکانی عێراق لە 5 ئەیلول ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان دەستپێکرد بۆ دەستگرتن بەسەر چەکە بێمۆڵەتەکاندا لە پارێزگاکانی باشور. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]](/cnmi_di/images/2020/09/22/26138-Iraq-weapons-campaign-600_384.jpg)
هێزەکانی عێراق لە 5 ئەیلول ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان دەستپێکرد بۆ دەستگرتن بەسەر چەکە بێمۆڵەتەکاندا لە پارێزگاکانی باشور. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]
فیرقەی بهرپهچدانهوهی خێرای عێراقیش هەڵکوتانەسەرهكانی لە پارێزگای میسان ئەنجامدا شانبەشانی پۆلیسی ناوخۆ.
ئۆپەراسیۆنەکان بوونە هۆی دەستگرتن بەسەر سەدان چەکی سوك و مامناوەندیی بێمۆڵەتدا و دەستگیرکردنی دەیان داواکراو.
هەڵکوتانەسەرەکان چەند پێکدادانێکیان لەخۆگرت کە بوونە هۆی کوشتنی ژمارەیەك کەسی داواکراو و كوشتنی ئەفسەرێکی بهرپهچدانهوهی خێرا بە پلەی نەقیب لە قەزای قەلعەت ساڵحی پارێزگای میسان.
ئۆپەراسیۆنەکان، کە لە ناوچە خێڵەکیەکان لە کەنارەکانی شارەکان و قەزاکان بەڕێوەدهبرێن، لەلایەن زۆرینەی سەرکردە خێڵەکیەکانەوە پێشوازییان لێکراوه کە مەبەستیانه رێخۆشکەری بکەن بۆ ئەرکی هێزە ئەمنیەکان لە ناوچەکانیان.
سەرۆکی خێڵی نەعیم لە پارێزگای بەسرە، شێخ حەسەن سەید حەمەد بە دیارونای وت دانیشتوانی بەسرە، لەنێویاندا ریشسپیەکان، خێڵەکیەکان و نەجیبزادەکان، "پشتیوانییهكی بەهێز دهكهن له ئۆپەراسیۆنە ئەمنیەکانی ئەمدواییە بەمەبەستی دەستگرتن بەسەر چەکە بێمۆڵەتەکاندا".
حەمەد دەستخۆشی كرد لە دواکەوتنی کەسانی داواکراو و نایاساییەکان کە "هێندەی هەڕەشەن بۆسەر تەواوی کۆمەڵگە، هەڕەشەشن بۆسەر خێڵەکانی خۆیان".
خێڵەکان چەکداران رهتدهكهنهوه
شێخ فاخیر سەیهود وتی ههندێك له چەکداران و له یاسا لاداوان خێلەکان بەکاردەهێنن بۆ روپۆشکردنی کردە تاوانکاریەکانیان کە "دژی نەریت و کلتوری کۆمەڵگەی عێراق و خەڵکەکەین".
بە دیارونای وت: "خێڵەکانی عێراق بەتەواوی بێتاوانن لەم خەڵکانە و باندە چەکداریەکان و ئەوانەی کە لەپشتیانەوەن و یارییان پێدەکەن." وتیشی خێڵەکان بەکارهێنانی چەکی نایاسایی لەنێو مەدەنیەکاندا رهتدهكهنهوه.
سەیهود، کە سەرکردەیەکی باڵای خێڵی غازییە لە باشوری عێراق، وتی زۆربەی سەرکردە خێڵەکیەکان لە عێراق "جەخت لە پابەندبوون بە یاسا و دەستورەکەیان دەکەنەوە".
بەڕێوبەری پۆلیسی پارێزگای موسەننا، عەمید عەبدولڕەزا کاتیع، بە دیارونای وت ئۆپەراسیۆنەکانی بەڵێنی راستەقینە "پێشوازیی بەرفراوان و هاریکاریی بێوێنەیان لێکرا لەلایەن سەرکردەكانی خێڵەکانهوه لە پارێزگای موسەننا".
وتی هاریکاریی هاوڵاتیان و خێڵەکیەکان یارمەتی بەدەستهێنانی ئەنجامی گەورەی داوە لە دەستگرتن بەسەر چەك و دەستگیرکردنی کەسە داواکراوەکاندا، وتیشی زیاد لە 90 کەس لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەستگیرکران.
ههروهها وتی خێڵەکانی عێراق کاری هێزە ئەمنیەکان تەواودەکەن لە پاراستنی ئاسایش و ئارامیدا و کۆڵەکەی سەقامگیری و سەلامەتین و ئاماژەشیکرد بەوەی بوونی له یاسا لاداوان لەنێو ئەندامانی خێڵەکانیاندا پهسهندناکەن.