داواکارانی گشتی لە واشنتۆن هاوڵاتییەکی ئەمریکییان سزادا لهسهر پەیوەندیکردنی بە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە لە سوریا، بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی داد، چوارشەممە (16 ئەیلول).
بهگوێرهی تۆمەتەکان، لیریم سیلهیمانی پیلانیگێڕاوە بۆ دابینکردنی پشتیوانی ماددی بۆ داعش، کە ئەمریکا وەك رێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێنیکردووە، لەنێوان 2015 بۆ 2019.
وەزارەتەکە راشیگەیاند کە سیلهیمانی لە گروپەکەوە راهێنانی سەربازیی وهرگرتووه.
بریکاری داواکاری گشتی ئەمریکا، شێروین لە بەیاننامەیەکدا دەربارەی سیلهیمانی، کە لە کۆسۆڤۆ لەدایکبووە، وتی: "تۆمەتبار هاوڵاتییەکی ئەمریکیە کە ئهو وڵاتەی لهخۆیگرتووه بهجێهێشت تا پەیوەندیبكات بە داعشەوە لە سوریا. ئێستا بەرپرس راگیراوە بەرامبەر کارەکانی لە دادگایەکی ئەمریکیدا."
بەگوێرەی بەیاننامەکە سیلهیمانی لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی پشتیوانیکراو لەلایەن ئەمریکاوە دەستگیرکرا لە ساڵی رابردوودا، پێشئەوەی رووبەڕووی لێکۆڵینەوە ببێتەوە لەلایەن هێزی ئەرکی هاوبهشی تیرۆریزم له نوسینگەی مەیدانیی واشنتۆنی ئێف بی ئای.
بابەتی ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ چەکدارە بیانییە دەستگیرکراوەکانی داعش بکرێت، حکومەتەکانی خۆرئاوای جاڕسکردووە، لەکاتێکدا ئەمریکا داوا لە وڵاتانی ئەوروپا دەکات هاوڵاتیانی خۆیان ببەنەوە و دادگاییان بکەن.
وڵاتانی وەك فەرەنسا و بەریتانیا گەڕاندنەوەی ئهو پشتیوانانهی گروپی یهكجار تووندوتیژی داعشیان رهتكردۆتهوه كه بههۆی شهڕهوه تووندگیر بوون، ئهو گروپهی بەرپرسە لە زنجیرەیەك لە هێرشی دڕندانە دژی مەدەنیەکان.
هەندێك حکومەتی ئەوروپی، لەنێویاندا بەریتانیا، هاوڵاتیبوونی ژمارەیەك هاوڵاتی خۆیان هەڵوەشاندۆتەوە بەتۆمەتی بوونی پەیوەندی بە داعشەوە.
بەڵام ئەمریکا ئەم شێوازانەی رەتکردۆتەوە.
هەماهەنگیکاری بەڕێوبەرێتی دژە تیرۆریزمی ئەمریکا، نەیسن سەیلس لە کۆبوونەوەیەکدا لە برۆکسل ساڵی رابردوو وتی: "جێهێشتنیان لە بیابان چارەسەرێکی کاریگەر نییە. وادەکات رێگەی خۆیان بدۆزنەوە بۆ مەیدانی شەڕ و پهسهندكردنی ئەمە تووندی نییە بەرامبەر تیرۆریزم."
بەگوێرەی ئەمریکا، جیا لەوەش دەکرێت بارێکی زیاتر بخاتە سەرشانی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیانی چەکداری داعشی پێشتری خۆیان دەکەن.
تۆڕی جینۆسایدی پشتیوان بە یەکێتی ئەوروپا ئەم بەهارە بانگەشەی ئەوەی کرد بە گەڕانەوەی چەکدارانی بیانی داعش دەکرێت تۆمەتباربکرێن بە تاوانی جەنگ لەژێر یاسای نێودەوڵەتی --وەك جینۆساید و تاوان دژی مرۆڤایەتی -- جیا لە هەر تۆمەتێکی دیکەی تیرۆر کە دەکرێت رووبەڕوویان ببێتەوە لە وڵاتی خۆیان.
تا ئایار، نزیکەی 2,000 چەکدار لەلایەن هێزەکانی سوریاوە دەستبەسەرکرابوون و 1,000ی دیکە لە عێراق زیندانی کرابوون، کە زۆرێكیان هاوڵاتی ئەوروپین و زیاتر لە فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیاوە هاتبوون.
بەریتانیا منداڵێك لە سوریاوە وهردهگرێتهوه
بەریتانیا چوارشەممە رایگەیاند کە منداڵێکی لە سوریاوە گێڕاوهتهوه وڵاتهكه، یەکێك لە دەیان منداڵانی بەریتانی کە دەوترێت گیریانخواردووە لەو وڵاتە.
وەزیری دەرەوە دۆمینیك راب لەسەر تویتەر پشتڕاستیکردەوە: "خۆشحاڵم کە توانیمان منداڵێکی بەریتانی لە سوریاوە بگەڕێنینەوە."
وتی: "گەڕاندنەوەی منداڵانی بهریتانیی بێسهرپهرشت یان بێ هاوڕێیی دایکوباوکیان بهسەلامەتی، کارێکی دروستە."
وەزارەتی دەرەوە رەتیکردەوە وردەکاریی زیاتر بدات کاتێك لەلایەن ئاژانسی فرانس پرێسەوە پەیوەندیی پێوەکرا، باسی لە بەربەستە یاساییەکان کرد دەربارەی ئەو کەیسانەی پەیوەندییان بە کەمتەمەنەکانەوە هەیە.
رێکخراوی خێرخوازی منداڵپارێز لە راپۆرتێكدا ساڵی رابردوو رایگەیاند کە زیاد لە 60 منداڵی بەریتانی لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا وێڵبوون.
گروپی مافەکانی مرۆڤ ریپرییڤ بە خەمڵاندن رایگەیاند کە 14 ژنی پێگەیشتوو لهگهڵ هەشت پیاوی بەریتانی لە کەمپەکان یان لە زیندانەکانی ناوچەکە دەستبەسەرن، لەگەڵ منداڵەکانیان.
ئاماژەیکرد بەوەی حکومەتی بەریتانیا گەڕاندنەوەی ژنەکان لەگەڵ منداڵەکانیانی رەتکردۆتەوە، "تەواو پێچەوانە"ی کارەکانی حکومەتەکانی دیکە، لەنێویاندا ئەمریکا.
بەڕێوبەری جێبەجێکاری کاتیی گروپەکە، مایا فۆوا وتی: "(حکومەت) پێویستە شتێکی گونجاو بکات و خێزانە ماوە بەریتانیەکان بگەڕێنێتەوە."
"سیستمی دادپەروەری و ئهمنیمان پڕتفاقن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ژمارەیەکی کەم لە پێگەیشتووی بەریتانی کە لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا دەستبەسەرن."
رێکخراوی منداڵپارێز رایگەیاندووە کە هەڕەشە بۆ منداڵانی وێڵ لە کەمپەکانی سوریا بەرزە و هەشت منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ لە ماوەی تەنیا پێنج رۆژدا مردوون.
هەروەها ترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کوشندەی کۆرۆناش هەیە.