تۆماری ئێران، بەتایبەتی لە دەیەی رابردوودا، هەڵوێستەیەکی خەمسارادانە پیشاندەدات سەبارەت بە رێوشوێنەکانی پارێزگاری و بەکارهێنان و راهێنانی باش له تەکنەلۆژیای موشەکه بالیستییهكانیدا، شرۆڤەکاران و چاودێران وتیان.
ئەمەش نیگەرانی دەهێنێتە ئاراوە سەبارەت بەوەی ئایا دەکرێت ئێران باوەڕیپێبکرێت كه گوایا سیستمێكی نوێی راداری فره قۆناغی ههیه، کە سوپای ئێران دەڵێت بەرهەمی ناوخۆییە و دەتوانێت بەدوای نزیکەی 300 ئامانج بکەوێت.
میدیای ئێران چەند وێنەیەکی راداری "کاشف-99" (دۆزەرەوە-99)یان بڵاوکردەوە لە 2 ئەیلول. راپۆرتەکان رادارەکهیان لهقهڵهمدا به "رادارێکی گوێزراوەی فره قۆناغ کە لە توانایدایە بەدوای نزیکەی 300 ئامانج بکەوێت لە مەدودای 12 کیلۆمەتردا".
رووداوە تراژیدییەکەی 8 کانونی دووەم، کە تێیدا سوپای پاسداران بەڕێکەوت فڕۆکەیەکی مەدەنی ئۆکرانی خستەخوارەوە کەمێک دوای ئەوەی لە تارانەوە دەستی بە فڕین کردبوو، تەنیا یەکێکە لە دواهەمین زنجیرە له هەڵە گەورەکان.
ئەو هەڵانە دەگەڕێنەوە بۆ لانیکەم 2011، كاتێك چەند ئەفسەرێکی سوپای پاسداران لە تەقینەوەیەکی پەیوەندیدار بە بەرنامەی پێشخستنی موشەکی ئێرانیدا مردن.
مێژووی هەڵەکان
لە رووداوەکەی فڕۆکەکەی کانونی دووەمدا، کارمەندێکی سوپای پاسداران گهشتی 752ی هێڵی ئاسمانی ئۆکرانی بەهەڵە دهستنیشانكردبوو دوای ئەوەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئیمام خومەینی له تارانەوە بۆ کیهڤ دەستیكرده فڕین.
کارمەندەکە سێ موشەکی نا بە فڕۆکەکەوە دوای ئهوهی کێشەیهكی پەیوەندیکردن رێگریی لێکرد ئامانجەکە لەگەڵ فەرماندەیی سوپای پاسداراندا پشتڕاستبکاتەوە.
تەواوی 176 سەرنیشنەکەی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستدا.
ئەوە یەکەمین جار نەبوو له یادهوهریی ئهمدواییانەدا كه سوپای پاسداران له هاویشتنی موشهكهدا به ههڵهدابچێت. رۆژنامەوانی ئێرانی دانیشتووی ئەمریکا، شاهین محەمەدی ئاماژەیكرد بە ئۆپەراسیۆنی لەیلەت قەدری سوپای پاسداران، كه هێرشێکی موشەکی بوو له 2017.
محەمەدی وتی لەو ئۆپەراسیۆنەدا، سوپای پاسداران بنکەیەکی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان کردە ئامانج لە پارێزگای دێرە زووری سوریا، لە وەڵامی هێرشەکانی داعشدا بۆسەر بینای پەرلەمانی ئێران و مەزاری ئیمام خومەینی لە هەمان ساڵدا.
محەمەدی بە دیارونای وت لانیکەم چوار دانە لە شەش موشەکەکە ئامانجەکەیان نەپێکا "سەرباری هەموو ئەو سامان و سەرچاوەیەی سوپای پاسداران لە بەرنامە موشەکییەکەیدا خهرجیدەکات".
بەرنامەی ئاسمانیی ئێران، کە موشهك بهكاردههێنێت وەک هاوێژهری مانگی دهستكرد (SLV)، سێ شکستی یەک لەدوای یەکی هێنا لەم ساڵانەی دواییدا، لەنێویاندا تەقینەوەی سەفیر SLV لە 29 ئاب 2019.
لە رووداوێکی دیکەی پەیوەندیدار بە خراپی بهڕێوهبردنی ئێران لە بەرنامە موشەکییەکەیدا، هێزی دەریایی ئێران کەشتییەکی پشتیوانیی کردە ئامانج لە میانەی راهێنانی راستەوخۆدا لە کەنداوی عوممان لە 11 نیسان، ئەمەش بووە هۆی کوشتنی 19 ئەندامی تیمەکە.
شرۆڤەکارێکی هێزی دەریایی خانەنشینکراوی ئێران، کە نەیوست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دیارونای وت: "زۆربەی تەکنەلۆژیای [سەربازی]ی ئێران ئەندازیاریی پێچەوانەیە یان "لە روسیا و چین كڕدراوه یان له کۆریای باکور."
"هیچ کام لەم وڵاتانە راهێنان و پشتیوانیی پێویست دابینناکەن بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی."
ملیۆنان دۆلار بێسوود خەرجدەکرێت
محەمەدی بە دیارونای وت: "رووداوەکانی ئەمدواییە روویاندا سەرباری ئەوەی تەنیا لە 2017 یاسادانەرانی ئێران 520 ملیۆن دۆلاریان بۆ پێشخستنی توانا موشەکییەکانی ئێران خستهگهڕ، هەوڵێک کە مهبهست لێی نمایشكردنی پشتگوێخستنی سزاکانی ئەمریکا بوو."
بەرپرسانی ئێران یەکڕاست دەڵێن بەرنامەی موشەکی ئێران بۆ "پاراستنی ئێرانه لە دژی هێرش"ی ئەمریکا و رکابەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە.
بەرپرسانی سوپای پاسداران بە بەردەوامی شکستەکانیان دەشارنەوە و سەرکەوتنە جارجارەکانیان زەقدەکەنەوە، وەک ئەو کاتەی سوپای پاساران لەمدواییەدا مانگێکی دەستکردی سەربازیی نارد بۆ خولگەی 440 کیلۆمەتری.
ئەوەی بەرپرسانی ئێران شکستیانهێناوە لە باسکردنی، ئەو نرخه بێئهندازهیهی بەرنامە موشەکییە خراپ ئیدارەكراوهكهی ئێرانه كه خەڵکی وڵاتەکە دهبێت بیدات.
ئەو نرخه رەگی داکوتاوە لە پەراوێزخرانی نێودەوڵەتی و سزاکاندا بە سەرپەرشتی ئەمریکا: سزاگەلێک کە مەبەستێتی توانای کۆماری ئیسلامی کەمبکاتەوە لە هەڕەشەکردن لە وڵاتانی ناوچەکە، یان گواستنەوەی چەک بۆ بەکرێگیراوەکانی لە ناوچەکە.