ئابوریناسێکی سوریا وتی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی رژێمی سوریا ئهزمونی كورتهێنانێكی سهختی سووتەمەنی دهكهن، کە بووەتە هۆی ئیفلیجکردنی ئابوری لەكاتێكدا ناڕهزایی خهڵك لە رژێم و پشتیوانهكانی، ئێران و روسیا، له زیادبووندایه.
ئابوریناس مهحمود مستەفا بە دیارونای وت ریزبەستنی ئۆتۆمبێلەکان لە وێستگەکانی پاس لە هەندێك ناوچە بۆ زیاتر لە یەک کیلۆمەتر نزیکدەبێتەوە و دانیشتوان دەبێت بۆ چەند کاتژمێرێک راوهستن تا بتوانن سووتەمەنی بکەنە ناو ئۆتۆمبیلەکانیانەوە.
وتی رژێم پشتیوانیدهكات لە دابینکردنی بهنزین و 20 لیتر دهدات به ئۆتۆمبیلی تایبەتی لە ماوەی پێنج رۆژدا، لەکاتێکدا تاکسی هەمان بڕ لە ماوەی دوو رۆژدا وەردەگرێت.
بەنزین بە بڕی نێوان 250 لیرەی سوری (0.53 دۆلار) و 575 لیرە دەفرۆشرێت بۆ هەر لیترێک.
![ریزه درێژهكانی ئۆتۆمبیل لهسهر رێگە سەرەکییهكانی پارێزگاکانی ژێردەستی رژێمی سوریا گیردهخۆن، بەهۆی قەیرانی سووتەمەنییەوە. [وێنەکە لە پهیجی فهیسبوكی پۆلیسی سوریا وەرگیراوە]](/cnmi_di/images/2020/09/16/26105-Syria-long-lines-600_384.jpg)
ریزه درێژهكانی ئۆتۆمبیل لهسهر رێگە سەرەکییهكانی پارێزگاکانی ژێردەستی رژێمی سوریا گیردهخۆن، بەهۆی قەیرانی سووتەمەنییەوە. [وێنەکە لە پهیجی فهیسبوكی پۆلیسی سوریا وەرگیراوە]
مستەفا وتی هاوکات بازاڕی رەش لهگهشهدایه، كه بەنزین بە نزیکەی 2,000 لیرەی سوری (3.9 دۆلار) بۆ هەر لیترێک دەفرۆشرێت.
وتیشی نرخی غازی چێشتلێنان و مازۆت (نەوت)یش بەرزبوونەتەوە، ئەمەش لەگەڵ هاتنی زستاندا کێشەیەکی جددی دەهێنێتە ئاراوە.
وتی قەیرانی سووتەمەنی بۆته هۆی بەرزبوونەوەی نرخی گواستنەوەی گشتی و بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە نرخەکانیشدا بەهۆی بەرزیی نرخی گواستەنەوەوه.
هەروەها زۆربەی کارمەندانی کەرتی تایبەتی گواستنەوە لە کارکردن وەستاون، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری.
ناڕهزایی خهڵك
مستەفا وتی هەموو رۆژێک شەڕ لەنێوان دانیشتواندا روودەدات بەهۆی شوێنیان لە ریزهكانی چاوەڕوانیدا و ئاماژەیکرد بۆ ئهوهی کەسێک لە یەکێک لە شەڕەکاندا لە حەما کوژرا و چەند كهسێكی تریش لە پارێزگاکانی دیکە برینداربوون.
وتی دانیشتوانیش ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن لە لایەنە نزیکەکانی رژێم و ئەندامانی میلیشاکانی سەر بە رژێم كه زۆربەی بڕی ئەو بەنزینە وەردەگرن كه لهبەردەستدایه.
مستەفا وتی: "کاریگەریی قەیرانی بەنزین بەهۆی کەمیی ژمارەی ئۆتۆمبیلەکانهوه لەسەر رێگاکان زۆر بەڕوونی دەردەکەوێت، بەڵام رژێم هێشتا رێوشوێنی بەپەلەی رانەگەیاندووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە."
وتیشی ئەمە بۆته هۆی تووڕەکردنی خەڵك، كه زۆر كهس لە دەستوەردانە بەردەوامەکەی روسیا و ئێران لە وڵاتەکەدا تووڕهن كه "هیچ هاوکارییەکی راستەقینەی گەلی سوریا ناكهن، بە پێچەوانەوەی ئەوەی لە میدیادا بانگەشەی بۆ دەکرێت".
ناوبراو بەشێوەیەکی مهسخهرهئامێزانه ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە "چەک و موشەک دهنێردرێنه نێو سوریاوه بۆ پشتیوانکردنی رژێمەکە، بەڵام بهنزین زهحمهته".