هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێرشەکانی میلیشیاکان گروپە تیرۆریستیەکان بیری عێراقیەکان دێننه‌وه‌

حسێن عوبێدی لە بەغدا

پیاوێکی عێراقی لافیتەیەکی بەرزکردۆتەوە کە لەسەری نوسراوە 'کوشتن بەسە' لەکاتی خۆپیشاندانێكدا لەبەردەم ناوچەی سەوزی بەغدا، لە 12 تەمموز تا داوای رێگری له‌ میلیشیاکان و سنووردارکردنی بەکارهێنانی چەك بکات بۆ هێزە حکومیەکان. [ئەحمەد روبەیعی / ئاژانسی فرانس پرێس]

پیاوێکی عێراقی لافیتەیەکی بەرزکردۆتەوە کە لەسەری نوسراوە 'کوشتن بەسە' لەکاتی خۆپیشاندانێكدا لەبەردەم ناوچەی سەوزی بەغدا، لە 12 تەمموز تا داوای رێگری له‌ میلیشیاکان و سنووردارکردنی بەکارهێنانی چەك بکات بۆ هێزە حکومیەکان. [ئەحمەد روبەیعی / ئاژانسی فرانس پرێس]

هێرشەکانی میلیشیاكان، کە کاروانی ئۆتۆمبیل و بنکە دبلۆماسی و سەربازییەکان دەکەنە ئامانج لە عێراق بیرخەرەوەی ئەوانەیە کە لەلایەن قاعیدە و رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە ئەنجامدەدران، چاودێران و سیاسییە عێراقیەکان بە دیارونایان وت.

سەرچاوە ئەمنی و دبلۆماسیەکان سێشەممە (15 ئەیلول) رایانگەیاند سێ هێرشی جیاواز لە ماوەی 24 کاتژمێردا بنکە دبلۆماسی و سەربازیە خۆرئاواییه‌كانیان کردە ئامانج.

سەرچاوەیەکی دبلۆماسی بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت بەیانی سێشەممە، بۆمبێکی دەستکرد ئۆتۆمبیلێكی باڵیۆزخانەی بەریتانیای کردە ئامانج کە لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەگەڕایەوە.

سەرچاوەکە وتی هێرشەکە، کە یەکەمین هێرشە دژی ئۆتۆمبیلێکی حکومەتی بەریتانیا لە عێراق لە ماوەی زیاتر لە دەیەیەکدا، لەبەردەم ناوچەی سەوزدا بوو کە ئەمنیەتێکی تووندی هەیە.

هەمان بەرپرسی ئەمنی وتی بۆ شەوەکەی، دوو موشەکی کاتیوشا باڵیۆزخانەی ئەمریکایان کردە ئامانج، ئەویش لە ناوچەی سەوزە.

سیستمی بەرگری موشەکی C-RAMی باڵیۆزخانەکە هەردووکیانی خستە خوارەوە. C-RAM کە پێشتر لەمساڵدا لە باڵیۆزخانەكه‌ جێگیرکرا، پشکنین بۆ تەقەمەنی هاتوو دەکات و لە هەوادا دەیانتەقێنێتەوە بە كردنه‌ ئامانجیان بە هەزاران فیشەك لە خولەکێکدا.

سوپای عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند كه‌ دووشەممە دوو بۆمبی دەستکرد کاروانێکی ئامراز گواستنەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییان کردە ئامانج.

سەرچاوە هەواڵگرییەکانی عێراق پێشتر گروپە میلیشیاکانی سەربە ئێرانیان تۆمەتبارکردووە بەوجۆرە هێرشانە.

پێش هێرشەکانی ئەم هەفتەیە، میلیشیاکانی سەربە ئێران لە ئابەوە 11 هێرشیان ئەنجامداوه‌ و کاروانی ئه‌و کۆمپانیانه‌یان كردۆته‌ ئامانج كه‌ شمه‌ك ده‌گوێزنه‌وه‌ بۆ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە زیقار، بابل، بەسرە، واسیت و بەغدا.

یەکێك لەو هێرشانە، کە بە بۆمبێکی دەستکرد ئەنجامدرا، شۆفێرێکی تاکسی 28 ساڵی کوشت، حەوتی دیکەی بریندارکرد و زیانی گەیاند بە موڵکی گشتی و تاکەکەسی.

لە 21 ئاب، لە باشوری بەغدا، میلیشیایەك بۆمبێکی دەستکردی تەقاندەوە کە لە ناوەندی رێگەیەکی قەرەباڵغدا چێنرابوو، کەسێکی کوشت و دووانی دیکەی بریندارکرد.

هێرشێك له‌ 2 ئەیلول لە پارێزگای بابل دوو مەدەنی بریندارکرد و هێرشێکی دیکە کە کاروانێکی گواستنەوەی شتومەکی کردە ئامانج بۆ بنکەیەکی سەربازی لە باکوری خۆرئاوای بەغدا، ئەفسەرێکی پۆلیسی بریندارکرد.

هێرشەکان مەدەنیە عێراقیەکان ئازارده‌ده‌ن

بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆ بە دیارونای وت: "ئەو هێرشانەی لەلایەن میلیشیاکانی سەربە ئێرانەوە ئەنجامدەدرێن زۆر جیاواز نین لەوانەی لە عێراق لەلایەن قاعیدەوە ئەنجامدەدران لەنێوان 2003 بۆ 2012 و دواتر لەلایەن داعشەوە."

بەرپرسەکە بەمەرجی ناونەهێنان وتی لە هەردوو حاڵەتەکەدا، هێرشبەرەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن "زیانی گیانیان داوە لە ریزەکانی هێزە بیانیەکان، لەکاتێکدا راستیەکەی تەنیا قوربانیان مەدەنیە عێراقیەکانن".

ئەو میلیشیانەی هێرشەکان ئەنجامدەدەن له‌نێویاندا کەتائیب حیزبوڵڵا، حەرەکات نوجەبا، عەسائیب ئەهل حەق، سەرایا خوراسانی، کەتائیب ئیمام عەلی و سەید شوهەدا هه‌ن.

بەرپرسەکە وتی چەند میلیشیایەکی نوێ بەمدواییانە دەرکەوتوون بە ناوەکانی وەك ئەسحاب کەهف (هاوڕێیانی ئەشکەوت) و سەئر (تۆڵە)، "بەڵام راستیەکەی ئەوانه‌ تەنیا رووكه‌شێکن بۆ میلیشیاكانی دایکانیان".

وتی: "ئەو کاروانانەی هێرشیان کراوەتە سەر هیچ پەیوەندییان بە ئەمریکا یان هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە نییە." روونیکردەوە کە راستیەکەی ئەوانە کۆمپانیای تایبەتی گواستنەوه‌ن کە خۆراك و ئامێری کارەبایی و پارچە ئامرازی جیاواز دەگوێزنەوە.

وتیشی: "کاروانەکان ئامرازی سەربازی یان ئەمنی ناگوێزنەوە، بەڵام میلیشیاکان بەردەوامن لە بانگەشەی ئەوەی کاروانەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەنە ئامانج لەڕێی چەندین هێرشەوە. ئەمە زۆر به‌ساده‌یی راست نییە."

پسپۆڕێكی کاروباری ئەمنی، ئەحمەد حەدیسی بە دیارونای وت هێرشەکانی ئەمدواییە سەلماندوویانە کە میلیشیاکان توانای هەڕەشەکردنیان نییە لە هێزە نێودەوڵەتیەکان.

وتی بەڵگەی ئەمە ئەو راستیەیە کە ئەو ئۆتۆمبیلانە دەکەنە ئامانج کە لەلایەن شۆفێرە عێراقیەکانەوە لێده‌خوڕێن و شمەکی مەدەنی ئاساییان هەڵگرتووە.

حەدیسی وتی بە بەکارهێنانی بۆمبی دەستکرد، ئەم میلیشیانە چەندین هێرش ئەنجامدەدەن له‌ژێر رووکاری داعشدا، کە زۆرجار ئەم جۆرە هێرشانە ئەنجامدەدات و وتیشی میلیشیاکانی سەربە ئێران لەئێستادا هەڕەشەیەکی سەرەکین بۆسەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق.

'کردەی جەنگ دژی عێراق'

پەرلەمانتارێكی عێراق، حامید موتڵەگ وتی هێرشەکان ئاستەنگێکن بۆ دەوڵەت و یاسای عێراقی و ئاماژەیکرد بەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر داوای عێراق، کە له‌ 2014 کرا، له‌ وڵاته‌كه‌دان و حکومەتی ئێستاش پێویستیی خۆی بۆ ئەم پشتیوانیە دووبارەکردۆتەوە.

بە دیارونای وت ئەمە وادەکات بەئامانجکردنی کاروانێك کە شمەك دەگوێزێتەوە بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هاویشتنی موشەك بۆ ناوچەی سەوز و بنکەکان کە ئەم هێزانەیان لەخۆگرتووە "كرده‌ی تاوانی جەنگن کە پێش هەموو شتێك دژی دەوڵەتی عێراقە".

وتی حکومەتی عێراق رووبه‌ڕووی ئاستەنگی گەڕاندنەوەی فەرمانڕەوایی یاسا و سەروەریی دەوڵەت ده‌بێته‌وه‌، هه‌روه‌ها سنوورداركردنی چه‌كی بێمۆڵه‌ت و ئەم هێرشانەش بە هەڕەشەیەك ده‌بینێت کە هیچ کەمتر نییە لە هەڕەشەی گروپە تیرۆریستیەکان.

چالاکوانێكی سیاسی، ئەحمەد حەقی، وتی هێرشە چەندبارەکانی میلیشیاكان وادەکەن عێراقیەکان تادێت زیاتر میلیشیاکانی سەربە ئێران رەتبکەنەوە و رقیان لێیان ببێته‌وه‌، چونکە دەترسن بیانگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ نێو بازنەی تەقینەوەكان و بەربەسته‌كانی سەر رێگەكان و مەرگ.

بە دیارونای وت: "ئەو هێرشانە نەك تەنیا ئەندامانی میلیشیاکان لە کۆمەڵگەی عێراقی دادەبڕن، کە تادێت زیاتر دوژمنکار دەبن بەرامبەریان، بەڵکو وادەکەن عێراقیەکان چیتر نەیانەوێت چالاکیی ئێرانیەکان لە وڵاتەکەیاندا ببینن."

وتیشی: "ئەمە روونبۆتەوە لە قۆناغی ئەمدواییەدا لەسەر ئاستی ئابوری، بازرگانی و تەنانەت کۆمەڵایەتیش. لەئێستادا پێویستە روونبێت کە عێراقیەکان بەهیچ جۆرێك ئامادەنین دیسان ئه‌منییه‌تی خۆیان بخه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

كێ هێز ده‌به‌خشێت به‌م میلیشیانه‌ی سه‌ر به‌ ئێران! دوای روخانی رژێمی عێراق! ئێوه‌ی خۆرئاوایی.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌