بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەمدواییانە دەریانخستووە کە تێوەگلانێکی ئاشکرای ئەو میلیشیانە هەیه کە سەربە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانن لە چەندین چالاکی قاچاخچێتی و نایاسایی لەنێو عێراقدا.
وتیان ئەو گروپە میلیشیانە بریتین له میلیشیای گەورەی وەك عەسائیب ئەهل حەق، نوجەبا و کەتائیب حیزبوڵڵا، لەگەڵ گروپی بچوکی دیکەی وەك سەرایا خوراسانی و لیوا عەلی ئەکبەر.
وتیان بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە لەسەر رژێمی ئێران، سوپای پاسداران نەیتوانیوە پشتیوانی دارایی بەردەوام ببەخشێتە ئەو میلیشیانە، کە وایکردووە زیاتر پشت بە قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەر ببەستن لە ئێرانەوە بۆ پشتیوانیکردنی چالاکیەکانیان.
میلیشیاکان پێگەی حەشدی شەعبی دەقۆزنەوە
بەرپرسێکی باڵای عێراق لە دهزگای قهڵاچۆكردنی ماددە هۆشبەرهكان له وەزارەتی ناوخۆ، کە ویستی ناوی نەهێنرێت، بە دیارونای وت هێزەکانی عێراق رووبەڕووی چەندین کێشەی گەورە دەبنەوە لە شوێنمێهەڵگرتنی تۆڕەکانی قاچاخچێت ماددە هۆشبەرهكان.
وتی هۆکاری ئەوەش ئەوەیە زۆربەی ئەنجامدەران سەربە لایەنە چەکدارەکانی پەیوەست بە سوپای پاسدارانن و ئەو ناسنامانەیان پێیە کە لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبیەوە دەرکراون.
میلیشیاکانی سەربە ئێران ماوەیەکی زۆرە پێگەیان وەك ئەندامی حەشدی شەعبی بەکاردەهێنن -- ناسنامەی حەشد و ئەو ئۆتۆمبیلانە بەکاردەهێنن کە نیشانهی حەشدیان پێوەیە -- بۆ خۆلادان لە درکپێکردنیان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە.
بەگوێرەی ئەو بەرپرسە عێراقیە، ماددهكانی کریستاڵ مێس، کاپتاگۆن، حەشیش و حەبی وڕێنهكردن دەهێنرێنە نێو عێراقەوە له ڕێگەی سنوورهكهیەوە لەگەڵ ئێران.
وتی سنوور رێچکەیەکی بازرگانیە و لەلایەن میلیشیا "بەهێزەکان"ی سەربە سوپای پاسدارانەوە دەپارێزرێت. بەڵگەی ئەوەش هەیە کە ئەفسەرانی سوپای پاسداران رێژەیەك لە قازانجی ئەم مامەڵەیهیان پێدەگات بەرامبەر ئاسانکاری بۆ هاتنەناوەوەی ئەو مادده بەقاچاخ هێنراوانە بۆ نێو عێراق.
وتی: "ماددە هۆشبەرهكان بوونهته بار بهسهر کۆمەڵگەی عێراقهوه، بەتایبەتی لاوان."
وتی سەرەڕای هەڵمەتەکانی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دەربارەی کاریگەرییە زیانبەخشەکانیان، ماددە هۆشبەرهكان هێشتا کێشەیەکی گەورەن لە کۆمەڵگەی عێراقدا بەجۆرێك دەزگا ئەمنییهكان شەڕێکی بەردەوامی رۆژانەیان لهدژیان بەرپاکردووە.
سەرچاوەکە وتی نزیکەی لەسەدا 60 تاوان لە عێراق، لەنێویاندا تووندوتیژی نێو خێزان، لەلایەن ئەو کەسانەوە ئەنجامدەدرێن کە لەژێر کاریگەریی ماددە هۆشبەرهكاندان.
وتیشی فەرمانی هەنوکەی حکومەت دەستگیرکردنی هەر لایەنێکە گومانی تێوەگلانی لێبکرێت لە بازرگانی ماددە هۆشبەرهكاندا، جا سەربە هەر لایەنێك بێت.
ئەفسەرێك لە هێزی پۆلیسی تکریت بە دیارونای وت لەسەرەتای ئابدا، هێزەکانی عێراق دوو ئەندامی میلیشیای عەسائیب ئەهل حەقیان لە توزخورماتو، باکوری تکریت، دەستگیرکرد بەتۆمەتی قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەر.
'هاریکارینەکردنی ئێران لەسەر سنوور' کێشە دروستدەکات
بەڕێوبەری پۆلیسی بەسرە، لیوا رەشید فلهیح وتی لەسەدا 80 ماددە هۆشبەرهكان لەڕێی ئێرانەوە دێنە نێو عێراقەوە و ئاماژەیکرد بەوەی بەشێوەیەکی سەخت کاردەکەن بۆ پاراستنی سنوور بەهەماهەنگی لهگهڵ دەزگا ئەمنیەکانی دیکە.
داوای سزای تووندتری کرد لەنێو یاسای سزادانی عێراقیدا بۆ مامەڵەکاره گهورهكانی ماددەی هۆشبەر.
ئەحمەد سافی، ئەندامێكی دەزگای ئیسلاح بۆ شەڕکردن دژی ماددە هۆشبەرەکان، کە رێکخراوێکی ناحکومی خۆجێیە، وتی یەکێك لە ئاستەنگە سەرەکیەکانی شەڕ دژی ماددەی هۆشبەر لە عێراق ئەوەیە کە دژی ئەو میلیشیا چەکدارانە بەگەڕخراوە کە لەژێر روپۆشی حەشدی شەعبیدا چالاكن.
سافی وتی تۆڕەکان کە قاچاخچێتی به ماددە هۆشبەرەکان و نەوت و کەلەپورهوه دەکەن، "دەزانرێت کە پشتیوانییان دەکرێت" لەلایەن ئەو میلیشیانەی پەیوەندییان هەیە بە سوپای پاسدارانەوە. وتی هەربۆیە پۆلیس بەشێوەیەکی ئاسایی پشت دەبەستێت بە پشتیوانی سوپا لە کەیسەکانی شەڕی چەکدارانهدا دژی ئەم گروپانە.
وتیشی ئێران "رێدەدات ماددە هۆشبەرەکان بێنە نێو عێراقەوە لەبەرئەوەی داهاتی به دراوی سەخت (دۆلار) لێدهچنێتهوه".
پسپۆڕی سیاسی و ئەمنی، عەبدوڵا ریکابی ئاستەنگەکانی شەڕی دژی ماددە هۆشبەرەکانی چواند بە "پاککردنەوەی ژوورێك کە چەند پەنجەرەیەکی کراوەی تێدایە و دەوروبەری تەپوتۆزە".
وتی ئەوانەی مامەڵەی ماددە هۆشبەرەکان دەکەن و بەشێوەیەکی نایاسایی دەیانهێننە نێو عێراقەوە لە ئێرانەوە هەمان ئەو کەسانەن کە بانگەشەی ئەوە دەکەن دەیانەوێت عێراق و سەروەرییەکەی بپارێزن.
وتیشی: "عێراق دەناڵێنێت بەدەست ئەوەی ئێران نایەوێت هاوکاریی بکات لە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و دەشناڵێنێت بەدەست ئەو راستیەی بازگانان و قاچاخچیانی ماددە هۆشبەرەکان ئەندامانی میلیشیا کاریگەرەکانن کە لەلایەن رژێمی ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت."
ههروهها وتی: "عێراقیەکان تێگەیشتوون لەوە و ئەمەش لەئێستادا توڕەیی و رقی زیاترکردوون بەرامبەر رۆڵی ئێران لە عێراقدا."