سیاسەتە فراوانخوازیە سەربازی و ئابوریەکانی ئێران زیاتر وڵاتەکە گۆشەگیردەکەن لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی و کێشەکان خراپتردەکەن بۆ خەڵکی ئێران، شیکاروانان دەڵێن.
بهگوێرهی شیکاروانان، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بهرپرسیاره له بهشی زۆری ئهو دۆخه ناهەموارهی ئێران. لەکاتێکدا خۆی دەوڵەمەند دەکات، پاسداران بەردەوامە لە بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئابوریدا و خنکاندنی دەرفەتەکانی کارکردن بۆ کەرتی تایبەت.
لە ئەنجامی كردهوهكانی سوپای پاسداران و سزا نێودەوڵەتیەکان كه بهدوایدا دێن، دژی ئەو وڵاتە، ئابوریی ئێران بەشێوەیەکی کاریگەر راوەستاوە.
بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بەڕێژەی لەسەدا 33 لەمساڵدا کەمبۆتەوە، بەراورد بە 2019 و هەناردەشی بەڕێژەی لەسەدا 64 کەمبۆتەوە.
بەگوێرەی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نهوت (ئۆپێك)، بڕی گشتیی هەناردەی ئێران بەڕێژەی لەسەدا 70 کەمیکردووە، بەراورد بە 2017، ئەوکاتەی ئەمریکا دەستیکرد بە هەڵمەتی "تووندترین فشار".
دراوی نیشتمانی، ریاڵ، لە کەوتنی بەردەوامدایە، بەجۆرێك بەڕێژەی لەسەدا 500 دابهزیوه بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لە 2015وە، ههر تەنیا لە 2018 بەڕێژەی لەسەدا 320 دابهزی.
هاوکات، سیاسەتە فراوانخوازییەکانی پاسداران لە ناوچەکە و پشتیوانیكردنی له میلیشیا بریكارهكانی زیاتر ئێرانیان گۆشەگیرکردووە و دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی بیانییان کوشتووە.
بریكارهكانی سوپای پاسداران سامانی ئێرانیان وشککردووە
نمونەیەکی ئەمە پشتیوانیكردنی سوپای پاسدارانە له کەتائیب حیزبوڵڵا، میلیشیایەکی سەربە پاسداران کە لە عێراق چالاكه و لەلایەن جێگری فەرماندەی پێشووی هێزەکانی حەشدی شەعبیەوە، ئەبو مەهدی موهەندیس بەڕێوەدەبرا.
موهەندیس لە 3 کانونی دووەم کوژرا لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکادا لە بەغدا، شانبەشانی فەرماندەی پێشووی هێزی قودسی سوپای پاسداران، لیوا قاسم سولهیمانی.
شیکاروانێكی توێژەری دانیشتووی ئەمریکا، کە تەرکیزی لەسەر کاروباری ئێرانە، ئەمیر تومەج، وتی: "سیاسەتی دەرەکی هێرشبەرانەی سوپای پاسداران و دەستێوەردانی لە وڵاتانی عەرەبی رێگرە لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەنێوان ئێران و دەوڵەتانی ئەندامی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداودا."
لەجیاتی دەلاقە خستنە نێو پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق، هەر هێرشێکی موشەکی کەتائیب حیزبوڵڵا وایکرد دبلۆماتکارانی ئەمریکا زیاتر نزیکببنەوە لە هاوشانە عێراقییهكان و وڵاتانی ئهندامی ئەنجومەنەکە.
شیکاروانێكی خانەنشین لە هێزی دەریایی ئێراندا، کە داوایکرد ناوی نەهێنرێت، وتی: "سوپای پاسداران دەڵێت مەبەستی بیركارهكانی بەرگریکردنە لە ئێران لەدژی ئەگەری دهستدرێژیی ئەمریکا."
بە دیارونای وت: "راستیەکەی، ئەم بریكارانه تەنیا پارەی ئێران دەکێشنەوە و بیرخەرەوەیەکن بۆ هێزە سەرەکیەکانی یەکێتی ئەوروپا کە واشنتۆن رێگەیەکی دروستی گرتووە دەربارەی کێشەی تاران. بۆچی یەکێتی ئەوروپا کار و مامهڵه لەگەڵ ئێران بکات؟ ئهوه زۆر مەترسیدارە و باجی زۆرە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە."
بەرپرسانی پاسداران بەئاشکرا دداندەنێن بەوەدا كه سزاکانی ئەمریکا فشاری گەورەی ئابورییان خستۆتە سەر ئێران.
لە سەرەتای ئابدا، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران، لیوا حسێن سەلامی وتی "دوژمنی" ئێران -- ئەمریکا -- "جەنگێكی ئابوریی بەرپاکردووە" دژی ئێران.
ئەمیر عەلی حاجیزادە، فەرماندەیەکی دیکەی پلهبهرزی سوپای پاسداران لە تەمموزدا وتی كه "کێشەی گەورەی ئێران ئابورییە".
ئەوەی ئەم بەرپرسانە نەیانوت ئەوەیە کە کارەکانی سوپای پاسداران ئەم دۆخەی بەرپاکردووە.
تا ئەوکاتەی سوپای پاسداران بەردەوامبێت لە پشتیوانیکردنی هاوسۆزە ناوچەییەکانی، ئێران خۆی زیاتر بە گۆشەگیر دەبینێتەوە و ئابوریەکەی زیاتر لاوازدەبێت بە سەرکەوتنەکانی هەڵمەتی تووندترین فشاری حکومەتی ئەمریکا.
هەڵمەتەکە مەبەستێتی هەڕەشەی بەرنامەی موشەکی بالیستی ئێران بنەبڕبکات، چالاکیە تیرۆریستیەکانی لە تەواوی جیهاندا بوەستێنێت و بەربگرێت بە چالاکیە تێکدەرەکانی لە تەواوی ناوچەکە لەڕێی هێزە چەکدارە بریكارهكانییهوه.
لە ئێران 'گەر كار بۆ سوپای پاسداران نەکەیت، ئەوە بێكاریت'
بە نەبوونی وەبەرهێنانی دەرەکی، سوپای پاسداران سزاکانی بەکارهێناوە وەك ئامرازێك بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی بەسەر ئابوری ئێراندا و لەناوبردنی کێبڕکێ.
سەرکردەکانی پاسداران دەڵێن چالاکیە ئابورییەکانی -- لەگەڵ چالاکیە سەربازییەکانیشی -- مەبەستیانە ئێران بپارێزن دژی دهستدرێژی بیانی. بەڵام راستیەکەی ئەوەیە سوپای پاسداران دەوڵەمەندتردەبێت بە کۆنترۆڵکردنی ئابوری ئێران.
بە خەمڵاندنێك کە لەلایەن ناوەندی بیناسازیی خاتەم ئەنبیای سوپای پاسدارانەوە لە حوزەیرانی 2020 بڵاوکرایەوە، سوپای پاسداران نزیکەی لەسەدا 80 تەواوی "پرۆژە ئابورییەکان" بەڕێوەدەبات و خاوەنیانە یان بەشدارە تیایاندا، لەنێویاندا پرۆژەکانی گواستنەوە، ئاو، بیناسازی، نەوت و گاز.
یەدوڵڵا محەمەدی، هاودامەزرێنەری کۆمپانیایەکی ئەندازیاری مهدهنی كه پێشتر سەرکەوتوو بوو، زیاد لە 15 ساڵ لە تاران چالاك بوو، بە دیارونای وت: "راستیەکەی لە ئێران چیتر ناتوانیت کاربکەیت. ئەوە ئەستەمە."
وتی: "پێشتر توێژاڵێکی بچوکیان بۆ جێدەهێشتین، بەڵام ئێستاکە پاسداران و گرێبەستکارانی کۆنترۆڵی تەواوی کەرتی ئەندازیاریی مەدەنییان کردووە. هێچ بژاردەیەکم نەبوو جگە لەوەی کۆمپانیاکەم دابخەم."
محەمەدی داوایکرد ناوی كۆمپانیاكهی نەهێنرێت، لەترسی کاردانەوەی سوپای پاسداران.
مەریەم خۆراسانی، كه ئەندازیارێکە لە شاری مەشهەد له ئێران، ئەزمونێکی هاوشێوەی هەبوو.
بە دیارونای وت: "پێشتر کارم بۆ کۆمپانیایەکی سەربە پاسداران دەکرد. دوای ماوەیەك بڕیارمدا هیچ کارێك نەکەم كه پەیوەندی بەوانەوە هەبێت و هەوڵمدا کۆمپانیای خۆم دابمەزرێنم."
وتی: "هێندە کێبڕکێیان دابەزاند کە ناچاربووم بەتەواوی لە بزنسەکە دەربچم. گەر کار بۆ ئهوان نەکەیت، ئەوا بێکاریت."