هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

شەپۆلێک هێرشی گروپە گوماناوییەکان ته‌گه‌ره‌ ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م چاکسازییەکانی عێراق

ئاژانسی فرانس پرێس

وێنەیەک کە لە 26 تشرینی یەکەم 2019 گیراوە، ئەندامانی حەشدی شەعبی پیشاندەدات لەمیانه‌ی مەراسیمێکی بەخاکسپاردندا لە بەغدا بۆ ویسام عەلیاوی، فەرماندەیەکی میلیشیای عەسایب ئەهل حەقی سەر بە ئێران. [ئەحمەد روبەیعی\ئاژانسی فرانس پرێس]

وێنەیەک کە لە 26 تشرینی یەکەم 2019 گیراوە، ئەندامانی حەشدی شەعبی پیشاندەدات لەمیانه‌ی مەراسیمێکی بەخاکسپاردندا لە بەغدا بۆ ویسام عەلیاوی، فەرماندەیەکی میلیشیای عەسایب ئەهل حەقی سەر بە ئێران. [ئەحمەد روبەیعی\ئاژانسی فرانس پرێس]

عێراق هیواخوازە ریفۆرم ئەنجامبدات و ئابورییە رووخاوەکەی ببووژێنێتەوە، بەڵام بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە بەهۆی ئەو شەپۆلی تووندوتیژییەی دەخرێتە پاڵ گروپە گوماناوییەکانی سەر بە ئێران، لەسەر رێڕەوی خۆی لادەبرێت.

سەرەکوەزیران مستەفا کازمی کە لە ئایاردا دەسەڵاتی گرتەدەست، بەڵێنیدا کۆنتڕۆڵی میلیشیا دوژمنكاره‌كان بکات، دژی گەندەڵی بوەستێتەوە و ده‌ستبكات به‌ دووباره‌ رێكخستنه‌وه‌ی داموده‌زگاكان، كه‌ ده‌مێكه‌ چاوه‌ڕێده‌كرێت.

شرۆڤەکاران و بەرپرسە باڵاکانی عێراق وتیان حکومەتەکەی هه‌رچەند نزیکترببێتەوە لە ئامانجەکانی، هه‌رچی زیاتر ئه‌و چەکدارانه‌ی گومانی پەیوەندییان لەگەڵ ئێران لێده‌كرێت، هێرشدەکەن.

بەرپرسێکی باڵای حکومەت وتی: "هه‌ر جارێک ئەو گروپانە ده‌مانبینن لە بەرژەوەندییە سەربازی و ئابوریەکانمان نزیکدەبینەوە، هەوڵدەدەن هێرشی موشەکی و هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە بۆ ساردکردنەوەمان ئەنجامبدەن."

سێشەممەی رابردوو (8 ئەیلول)، بۆمبێک کاروانێکی کردە ئامانج کە بە ئاڕاستەی بنکەیەکی عێراقی دەڕۆیشتن کە سەربازانی ئەمریکی لێنیشتەجێن و بووە هۆی کوژرانی ئەندامێکی هێزەکانی عێراق.

لە 3 ئەیلول، هێرشێک بنکەکانی کۆمپانیای G4Sی ئەمنیی بەریتانی-ئەمریکی لە بەغدا کردە ئامانج. ئەفسەرێکی هەواڵگری وتی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان تەقەمەنییەکی فڕێداوەتە سەر بیناکە.

هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی هێرشەکەی نەگرتە ئەستۆ، بەڵام گروپەکانی سەر بە ئێران G4Sیان تۆمەتبارکرد بە تێوەگلانی لە هێرشەکەی کانونی دووەمی ئەمریکا کە بووە هۆی کوشتنی جەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی.

چەند رۆژێک پێشتر، کارمەندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بریندارکرا کاتێک تەقەمەنییەکی دەستکرد بە یەکێک لە کاروانە مرۆییەکاندا تەقییەوە لە باکوری شاری موسڵ.

میلیشیایه‌ك کە خۆی وەک بەشێک لە "بەرگری ئیسلامی" دەناسێنێت -- دەربڕینێکی گشتگیر بۆ یەکەکانی سەر بە ئێران -- بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی گرتە ئەستۆ و لەسەر ئینتەرنێت هەڕشەی بڵاوکردەوە.

رووپۆشی دووکەڵی

ژمارەیەک میلیشیا کە پێشتر دەرنەکەوتبوون هەڕەشەی لەم جۆرەیان ئەنجامداوە لە چەند مانگی رابردوودا لەژێر ناوی "بەرگری ئیسلامی"دا، بەڵام بەرپرسان دەڵێن ئەوانه‌ تەنها رووپۆشی دووکەڵین.

ئەفسەرێکی هەواڵگریی عێراق وتی: "پێنج گروپ، کە پێکدێن لە کەتایب حیزبوڵا، عەسایب ئەهل حەق و گروپی دیکە، لە پشت ئەو ناسەقامگیرییەی ئەمدواییەی وڵاتەکەوه‌ن."

ئەو گروپە تووندڕەوانە ئەندامی حەشدی شەعبین، كه‌ تۆڕێکی پشتیوانیکراوه‌ لەلایەن دەوڵەتەوە کە میلیشیاكانی نزیك لە ئێران تێیدا باڵاده‌ستن.

بەرپرسانی ئەمریکا پێشتر تۆماتبارکردنی هاوشێوەیان ئەنجامداوه‌، کە کەتایب حیزبوڵا و عەسایب ئەهلی حەقیان بە ئەنجامدەری راستەقینەی هێرشە موشەکییەکان له‌قه‌ڵمداوه‌ بۆسەر دامەزراوه‌كانی ئەمریکا لە عێراق.

هەمان دوو گروپ کازمییان تۆمەتبارکرد بە پلاندانان دژی سولەیمانی کاتێک ناوبراو ئەفسەرێکی باڵای پێشووتری دەزگای هەواڵگری بوو، زۆر تووڕە بوون کاتێک بوو بە سەرەکوەزیران.

شرۆڤەکاران و بەرپرسان وتیان ئەو گروپانه‌ لە بەڵێنەکەی کازمی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو گروپانە وەک هەوڵێک تێگەیشتوون بۆ بەستنەوەی باڵەکانیان.

سەرباری زیادبوونی هێرشە موشەکییەکان، گروپەکان لەڕێی دەزگاکانی راگەیاندنیانەوە فشارەکانیان زیاترکردووە.

کەناڵە بێناوەکانی سەر نەرمەکاڵای تەلەگرام ئاگادارکردنەوەی نیازی ئەنجامدانی چەندین هێرش بۆسەر کاروانە سەربازییەکان بڵاودەکەنەوە پێشئەوەی رووبدەن، ئەمەش ئه‌و هه‌سته‌ ده‌به‌خشێت كه‌ پارێزبه‌ندییان هه‌یه‌.

هەمان گروپ ئەو تەلەڤیزیۆنە عێراقیانەیان کردۆتە ئەمانج کە رەخنە لە ئێران دەگرن.

دیجلە تیڤی هەفتەی رابردوو ئاگری تێبەردرا دوای ئەوەی کەناڵەکانی تەلەگرام رووی دەمیان ئاراسته‌ی ئه‌و كه‌ناڵه‌ کرد و شەپۆلێکی نوێی هەڕەشەکانیش تەلەڤزیۆنی یو تیڤییان کرده‌ ئامانج، کە سوننەکان خاوەندارێتی دەکەن.

هەڵمەتەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە حکومەتی ئەمریکا دەستیگرت بەسەر دۆمەینی وێبسایتەکانی ئیتیجاهدا، كه‌ تەلەڤزیۆنێکی عێراقییه‌ و سەر بە کەتایب حیزبوڵایە.

'كوژانه‌وه‌ی ئاگره‌كان'

وتەبێژی کازمی ئەحمەد مولا وتی حکومەت خۆی لە رووبەڕووبوونەوەیه‌كی راستەوخۆ لاده‌دات‌ لەگەڵ ئەو گروپانەدا.

مولا وتی: "لەجیاتی ئەوە، ئێمە چاومان لە وشکردنی سەرچاوە داراییەکانیانە لەڕێی بە ئامانجکردنی ئەو دەروازە سنوورییانەوه‌" كه‌ بۆ قاچاخچێتییه‌كی پڕقازانج لە ئێرانەوە بەکاردەهێنرێن.

بەرپرسان دەیانزانی دەکرێت ئەمە مەترسیداربێت. کاتێک کازمی هەڵمەتی راوەستانەوەی دژی گەندەڵی راگەیاند لەسەر ئەو سنوورانەی عێراق کە کەلێنیان تێدایە، خۆیان بۆ هاتنەئارای خراپترین دۆخ ئامادەکرد.

ئەفسەرێکی باڵا لە تەمموزدا بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "ئەوانه‌ هەڕەشە لە كاربه‌ده‌ستان دەکەن، خێزانەکانیان دەترسێنن، خێڵەکان دەجوڵێنن و تەنانەت رەنگە کردەوەی تیرۆرکردنیش ئەنجامبدەن."

وەک چاوەڕواندەکرا، دوو چالاکوانی ناودار تەقەیانلێکرا و کوژران چەند هەفتەیەک دواتر له‌ شاری بەسرەی باشور و تووندوتیژی خێڵەکیش لە باکوری بەغدا هەڵگیرسا.

بەرپرسێکی دیکەی عێراق، دەربارەی هەوڵەکانی بەغدا بۆ ئەنجامدانی ریفۆرم لە دەوڵەتدا و بوژاندنەوەی ئابورییەکەی کە بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتەوە زیانی بەرکەوتووە، وتی: "ئێمە بە بەردەوامی ئاگر لە خۆمان دووردەخەینەوە، بۆیە ناتوانین بەتەواوی تەرکیز بخەینه‌سەر ستراتیجێكی گەورەتر."

بەرپرسێكی دیکەش وتی وەزیری دارایی عێراق، عەلی عەلاوی، نەیتوانی سەرکەوتووبێت لە پێشکەشکردنی پلانێکی ریفۆرمی ئابوری به‌ پەرلەمان لە دواوادەیدا له‌ 24 ئاب، بەهۆی پشێوییەکەی ئەمدواییەوه‌.

هەفتەی رابردوو، کازمی ئەنجومەنێکی دژەگەندەڵی پێکهێنا و دەسەڵاتی دا بە سەربازانی نوخبه‌ی ئاژانسی دژەتیرۆر بۆ دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسانەی لە ئاساتێکی زۆر باڵادان و ناتوانرێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

هێزەکەی چەند ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکنینیان لە بەسرە و بەغدا ئەنجامدا بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی نایاسایی، بەڵام ژماره‌یه‌كی كه‌م دەرکەوتن.

شارەزایه‌كی بواری ئەمنی له‌ عێراق، فازڵ ئەبو رەغیف وتی دۆخەکە "مەترسیدارە".

وتیشی: "پێویستە کازمی دیالۆگێکی راستەقینە ده‌ستپێبكات لەگەڵ سەرکردە رۆحییەکانی ئەو گروپانە تا ڕێنه‌دات به پێکدادان."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500