پەنابەران

میلیشیاکان رێگریدەکەن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ پارێزگاکانی عێراق

حەسەن عوبێدی لە بەغدا

image

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رێخۆشکەریی کرد بۆ گەڕانەوەی سەدان خێزان بۆ ناوچەی سەعدیە لە پارێزگای دیالە لە 13 ئاب. نزیکەی 118 خێزان رێگرییان لێکراوە بگەڕێنەوە لەلایەن میلیشیاکانی سەربە ئێرانەوە سەرەڕای ئه‌وه‌ی پشکنینیان بۆكراوه‌ لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران]

میلیشیا عێراقیەکانی سەربە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ماوەیەکە به‌ربه‌ست ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان لە دیالە و پارێزگاکانی دیکە، چەند مەدەنی و بەرپرسێك بە دیارونایان وت.

لە 20 ئاب، چەکدارانی عەسائیب ئەهل حەق و بەدر بەریانگرت بە شەش پاسی حکومەت کە نزیکەی 118 خێزانی ئاوارەی عێراقیان تێدابوو لە کەمپی سەعدیەی پارێزگای دیالەوە، کە چەندین ساڵە لەوێ دەژین.

خێزانەکان پشکنینیان بۆ کرابوو لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە و دەرکەوت هاریکارییان لەگەڵ هیچ گروپێکی تیرۆریستی سەربە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا نەکردووە، بۆیە رێیانپێدراوە بگەڕێنەوە.

بەڵام پاساوی ئەوەی خێزانە ئاوارەکان "هەڕەشەن بۆ ئاسایشی ناوچەکە"، چەکداران رەتیانکردەوە رێبده‌ن بە گەڕانەوەیان بۆ ماڵ و ناوچەکانیان لە ناحیەی کەنعان، له‌ باکوری خۆرهەڵاتی دیالە.

گەڕانەوەی خێزانەکان بەشێك بوو لە پرۆگرامێکی گەڕانەوەی خۆبەخشانەی سەرپەرشتیکراو لەلایەن حکومەتەوە بۆ ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق، کە لەلایەن تیمی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە لە بەغدا پشتیوانیی لێکراوە.

ئەندامێكی ئەنجومەنی ناحیەی کەنعان، ئەحمەد عەباس زەیدی وتی لەبەرئەوەی خێزانەکان، لەنێویاندا ژن و منداڵەکانی خۆم، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێك لەبەر گەرمادا مانەوە، هێزە ئەمنیەکان یاوەرییان کردن بۆ گەڕانەوە بۆ کەمپی سەعدیە.

بە دیارونای وت هیوا وایە مانەوەیان لە کەمپەکەدا کاتی بێت لەکاتێکدا کاربەدەستانی ناوچەکە هەوڵدەدەن رێخۆشکەری بکەن بۆ گەڕانەوەیان.

بەرهەڵستیکردنی دەسەڵاتی حکومەت

زەیدی وتی میلیشیا چەکدارەکان بەرهەڵستیدەکەن له‌ دەسەڵاتی حکومەت و بەربەست دروستدەکەن لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکاندا بۆ 11 گوند و شارۆچکە تەنیا لە پارێزگای دیالە. چەکدارەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن گەر رێبدەن بە گەڕانەوەیان، خێزانەکان رووبەڕووی تۆڵەی خێڵەکی دەبنەوە.

وتی سەرەڕای ئەم بانگەشەیە، راستیەکەی میلیشیاکانی سەربە پاسداران بەرپرسن لە پیلاندانان بۆ رێگرتن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان.

پەرلەمانتارێكی عێراق بۆ دیالە، كه‌ بەرپرسی لیژنەی پەرلەمانه‌ بۆ کۆچ و کۆچبەران، رەعد دەهلەکی داوای لە سەرەکوەزیران مستەفا کازمی کرد پارێزگاکە پاکبکاتەوە لە میلیشیای لەیاسادەرچوو کە پشێوییان لە دیالە ناوەتەوە.

لە بەیاننامەیەکدا وتی: "میلیشیاکان هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای دیالە دەدەن. وەك فەرماندەی هێزە چەکدارەکان، سەرەکوەزیران پێویستە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان لە دیالە دەستپێبکات بۆ پاککردنەوەی لە چەکی بێ مۆڵەت، کە رێخۆشده‌كات بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان."

'سەرەتا داعش و ئێستا پاسداران'

ناوەندی عێراقی بۆ بە بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی جەنگ، کە رێکخراوێکی مافی مرۆڤی ناحکومییە، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەیکرد بەوەی ئەمە یەکەمجار نییە میلیشیاکان بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو رێگریده‌كه‌ن لە گەڕانەوەی دانیشتوان بۆ دیالە، بەتایبەتی بە هۆکاری تائیفی.

پەرلەمانتارێكی عێراق، حامید موتڵەگ بە دیارونای وت ئەم سیناریۆیە لە چەندین ناوچەی عێراق دووبارە بۆتەوە، لەنێویاندا بابل، ئەنبار و سەلاحەدین.

وتی حکومەت چەندین هەوڵی خستۆتەگەڕ بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوە، "بەڵام میلیشیاکان بوونەتە کێشەیەکی گەورە" کە لەئێستادا خەڵکه‌كه‌ ده‌ستیانكردووه‌ به‌وه‌ی هەستی پێبكه‌ن.

ریاز جاسم زەیدی، 34 ساڵ، کە ئاوارەیەکە و لەنێو یەکێك لە پاسەکاندا بوو کە بۆ ناوچەکانیان لە دیالە دەگەڕانەوە، وتی: "سەرەتا لەلایەن داعشەوە ئاوارەکراین، ئێستا لەلایەن میلیشیاکانی سەربە پاسدارانەوە ئاوارە دەکرێین. وادیارە جیاوازییەکی گەورە نییە لەنێوان ئەو دووانەدا."

بە دیارونای وت: "گەڕاومەتەوە بۆ کەمپەکەم. بەڵام هەندێك خەڵك کە پارەی [پێویست]یان پێبوو بە کرێ لە شوێنی تر نشینگەیان گرت، لەبەرئەوەی گەڕانەوە بۆ ئەم کەمپە راستیەکەی زۆر خه‌مبارانه‌یه‌. هەمووان دڵخۆشبوون کە بۆ یەکەمجار لە ماوەیەکی درێژدا دەکرێت لەژێر بنمیچێکدا و لەپشت دەرگایەکەوە بخەون، نەك لە خێمەیەکدا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500