هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پشتگیری كردووه له هەوڵەکانی گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەی دهشتی نەینەوا بە پشتیوانیکردنی بەرنامەکانی لابردنی ئەو مین و تەقەمەنیانەی لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە چێنراون.
سەرنجیان لەسەر شارۆچکەکانی تەلکەیف، بهرتهله، حەمدانیە و قەحتانیە و چەند شارۆچکەیەکی دیکە بووە.
سەرۆکی هۆبەی پاککردنەوەی تەقەمەنی لە فەرماندەیی پۆلیسی نەینەوا، عەقید ئەحمەد جبوری وتی لە ماوەی دوو مانگدا، زیاتر لە 32 کیلۆمەتر رێگا و دەیان هێکتار زەوی کشتوکاڵی لە مین و تەقەمەنی پاککراونەتەوە.
بە دیارونای وت ئەم ئەنجامانە سەرباری ئەو بەربەستانە بەدەستهاتوون کە بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوه (کۆڤید-19) هاتوونەتە پێشەوە.
وتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی جلوبەرگی سەلامەتی و ئامێری مۆدێرنی دۆزینهوهی تهقهمهنی بۆ شارەزایانی بواری مین و یەکەکانی لابردنی مین و تەقەمەنی دابینکردووە کە ئەمەش یارمەتی خێراکردنی هەڵمەتەکان و رێگریکردن لە برینداربوون دەدات.
'ئەرکێکی پیرۆز'
جبوری وتی ئەو تەقەمەنیانەی لە داعش بەجێماون، بۆ ئەوە دیزاینکراون "ژمارەیەکی زۆر قوربانییان لێبکەوێتەوە".
وتی بۆ رێگریکردن لە کوژران یان برینداربوونی مەدەنییەکان بەم ئامێرە کوشندانە، پێویستبوو هێزەکانی عێراق ئامێری مۆدێرن بە توانای هاستیاریی دوورمهوداوه دەستبخەن.
وتیشی سەرباری دابینکردنی ئامێره تایبەتمەندەکان، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی راهێنانی بە کارمەندە ئەمنییەکان کردووە دەربارەی چۆنێتی پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنییەکان.
وتی لە لابردنی هەر مین یان تەقەمەنییەکدا، لانیکەم ژیانی کەسێک رزگارکراوە. "ئەم كاره دڵخۆشیمان پێدەبەخشێت، چونکە ئهركێكی گەورە و پیرۆز بهجێدێنین، بێگومان هاوپەیمانیش لەم لایەنەوە كۆمهكماندەکات."
ئەندامێكی ئەنجومەنی قەزای تەلکەیف، بەشیر جوحەیشی بە دیارونای وت لابردنی ئەو مین و تەقەمەنیانە هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ژیانی ئاسایی بۆ ئەو بەشانەی پارێزگای نەینەوا کە دانیشتوانی لەبەر داعش هەڵاتوون و ئێستا دەیانەوێت بگەڕێنەوە.
وتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەمریکا رۆڵێکی سەرەکی دەگڕێن، نەک تەنیا لە پاککردنەوەی دهشتی نەینەوا لە مین و تەقەمەنی، بەڵکو لە پشتیوانیکردنی پڕۆژەکانی ئاوی خواردنەوە و نۆژەنکردنهوهی خوێندنگەكان و ناوەندەکانی تەندروستی و نەخۆشخانەکان.
جوحەیشی وتی هاوکاری و چاودێری پێشکەشی قوربانیانی تیرۆریزم دەکەن لەڕێی ناوەندەکانی دروستکردن و دانانی دەست و قاچی دەستکردهوه.
'شوێنێکی پارێزراو'
چالاکوان و پارێزەرێكی موسڵ، عەلی حەمدانی بە دیارونای وت سوپای عێراق بەردەوام دانیشتوانی ناوچەکان ئاگاداردەکاتەوە لە هەڵمەتەکانی پاککردنەوەی مین و رایدەگەیەنن لە کوێ و کەی تەقەمەنی و مینەکان پوچەڵدەکرێنەوە.
وتی ئەمە وادەکات دانیشتوانانی ناوچەکە بزانن چی دەگوزەرێت و نەترسن و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە لابردنی هەر مینێک "واتای ژیانێکی نوێ و لەدایکبوونی هیوای بوونی شوێنێکی پارێزراو دەبەخشێت".
حەمدانی وتی ئامۆزاکەی خۆی لە تەقینەوەیەکی میندا لە 2017 گیانی لەدەستدا، لەکاتێکدا خەریکی کێڵانی زەوییەکەی بوولە قەزای بادوش، خۆرهەڵاتی موسڵ.
وتی: "ئامۆزاکەم لە تەقینەوەی مینێکدا گیانی لەدەستدا کە لەلایەن داعشەوە لە جۆگهیهكی ئاودێریدا چێنراوبوو،" کە ئەمەش دەریدەخات گروپەکە مەدەنییەکانی کردۆتەوە ئامانج، چونکە "تەنیا جوتیاران دەتوانن بچنە ناو زەوییەکانیان و بیانکێڵن، نەک پۆلیس و سەربازان".