تورکیا ئەندامێکی باڵای "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دەستگیردەکات کە بەرپرسیارە لە ئۆپەراسیۆنەکان لە خاكهكهی خۆیدا، وەزیری ناوخۆ سێشەممە (1 ئەیلول) وتی.
گروپە تیرۆریستییەکە بەرپرسیارێتی خۆی له ژمارەیەک هێرشی کوشندە لە تورکیا راگەیاندووە، لەنێویاندا هێرشێک بۆسەر یانەیەکی شەوانەی راقی لە ئهستهنبوڵ لەمیانهی ئاهەنگەکانی سەری ساڵدا، چەند خولەکێک پێشئەوەی پێ بخەنە ساڵی 2017وە، کە بووە هۆی کوشتنی 39 کەس، بە تیرۆریستەکەشەوە.
وەزیری ناوخۆ سولەیمان سۆیلو لە توویتێکدا وتی: "بەناو ئەمیر (فەرماندە)كهی تورکیای داعش ئاشکراکرا و دەستگیرکرا" و ستایشی پۆلیسی تورکیاشی کرد.
سۆیلو دواتر قسەی بۆ رۆژنامەوانان کرد و تۆمەتبارەکەی وەک مەهموت ئۆزدەن ناساند و وتی ناوبراو دەستگیرکرا دوای دەستگیرکردنی ئەندامێکی دیکەی داعش لە 18 ئاب کە تۆمەتباربوو بە پلاندانان بۆ هێرشێک لە ئهستهنبوڵ.
سۆیلو لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا وتی تۆمەتبارەکە فەرمانەکانی لە سوریا و عێراقەوە بەدەستدەگەیشت و داواشیلێکرابوو خۆپێشاندانێکی بچووک لە تورکیا رێکبخات.
وەزیرەکە وتی پۆلیس پلانەکانی چەند هێرشێکی داعشی ئاشکراکردووە، لەنێویاندا هەوڵێکی رفاندن.
وتیشی: "ئۆپەراسیۆنێك لەئارادایە" بۆ ئاشکراکردنی تۆمەتبارەکانی دیکە.
تورکیا هەڵمەتەکانی لەدژی داعش لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات زیاترکردووە و رێگەشیداوە وڵاتەکەی وەک بنکەیەک بەکاربهێنرێت بۆ ئەنجامدانی هێرشە لەناکاوەکان لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییهوه کە بەسەرپەرشتی ئەمریکا شەڕ لە دژی تووندڕەوان دەکەن لە سوریا.