ئەو سورییانەی لە ناوچەکانی ژێردەستی رژێم دەژین نیگەرانییان دەربڕیوە دەربارەی شێوازی مامەڵەكردنی کاربەدەستان -- یان راستتر شکستیان لە مامەڵەکردندا -- لەگەڵ ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا (کۆڤید-19)، چالاکوانێکی ناوچەکە وتی.
چالاکوانی سوری، محەمەد بەیك بە دیارونای وت خهڵك رژێم تۆمەتباردەکەن بەوەی هەوڵێکی جددی نەداوە بۆ ئەنجامدانی هەنگاوی بەرپێگرانە و دەڵێن ئەمە بۆتە هۆی برەوسەندنی پەتاكه و مردنەکان.
وتی لەکاتێكدا ساڵی خوێندن وا دەستپێدەکات، دانیشتوانی ناوچەکانی ژێردەستی رژێم نیگەرانی زیاتر دەردەبڕن دەربارەی سەلامەتی منداڵەکانیان.
وتیشی: "ئەو سورییانەی لەم ناوچانە دەژین پشت بەخۆیان دەبەستن بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون،" بەهۆی پشتگوێخستنی حکومەتهوه لەم بوارەدا.
ئاماژەیکرد بەوەی هەنگاوە بەرپێگرەکان "تاڕادەیهك بهتهواوی وونبوون" و بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو دەرکەوتووە لە ژمارەی تووشبوون و مەرگدا بەو ڤایرۆسە.
رژێمی تۆمەتبارکرد بە بەنهێنی هێشتنەوەی زانیاری دەربارەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و وتی ئامارە راستەقینەکان بڵاوناکاتەوە.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه رژێم 2,703 کەیسی کۆڤید-19ی راگەیاندووە و 109 مردن لە ناوچەکانی ژێردەستی خۆیدا، بەڵام کارمەندانی پزیشکی و دانیشتوان دەڵێن ژمارە راستەقینەکە دەکرێت زۆر بەرزتربێت.
بەگوێرەی بەیك، دزەکردنی زانیاری لەو نەخۆشخانانەوە دەستیپێکردووە کە ژمارەیەکی زۆر تووشبووانیان بۆ دەچێت، لەڕێگەی پزیشك و تیمەکانی تەندروستیەوە.
خوێندکاران لە مەترسیدان
بەیك وتی دایکوباوکان نیگەرانن لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن و هەندێکیان داوای لەخۆگرتنی خوێندنی دوورەدەست دەکەن، چونکە متمانەیان بە رژێم و دەزگاکانی نییە بۆ هەنگاونان بۆ پاراستنی خوێندکارەکان.
وتی نمونەیەکی ئهمدواییانهی پشتگوێخستنهكان دۆخی زانکۆی حەلەب بوو لەکاتی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵدا.
وتی لهپاڵ نەبوونی هیچ هەنگاوێکی بەرپێگرانەدا، خوێندکارانی توشبوو بە ڤایرۆسەکە لە تاقیکردنەوەدا دانیشتبوون لە هەمان ژووردا لەگەڵ خوێندکارانی دیکە.
وتی سستی چاودێری و دەزگا ئەمنیەکان، نەبوونی پابەندی بە هەنگاوە بەرپێگرەکان له هۆكانی گواستنەوەی گشتیدا لەنێو پارێزگاکاندا و لهنێوانیاندا، بوونەتە فاکتەری بەشداریکەر لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا.
مانگی سووری سوریا دووشەممە (31 ئاب) رایگەیاند كه ئیماراتی عەرەبی کۆمەکی پزیشکی ناردووە بۆ سوریا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەك یەکەم کاروانی لەمشێوەیە لەوکاتەوەی سەرکردایەتیەکەی بێدەنگی نۆ ساڵەی شکاند.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه کاروانەکەی درەنگانی یەکشەممە دەرمان و هەناسەدەری دەستکرد و پاکژکەرەوەی تێدابوو.