هه‌واڵه‌كانی عێراق
سیاسەت

سزاکانی سەر کوڕەکەی ئەسەد فشاره‌كان تووندتردەکات له‌سەر خێزانەکە

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

دووەمین زنجیره‌ له‌ سزاکانی یاسای سیزەر ناوی لێنرا وەک بیرەوەری بۆ قوربانیانی حه‌ما و مەعرەت نوعمان، کە لێرەدا دەبینرێت. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

دووەمین زنجیره‌ له‌ سزاکانی یاسای سیزەر ناوی لێنرا وەک بیرەوەری بۆ قوربانیانی حه‌ما و مەعرەت نوعمان، کە لێرەدا دەبینرێت. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

چاودێریان وتیان بڕیاری سەپاندنی سزاكان بەسەرکوڕی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد گونجاوبوو، بەپێی ئەو رابردووەی ئەسەد لە بەکارهێنانی خزمەکانی لە بەدەستهێنانی یارمەتی دارایی بۆ شەڕەکەی رژێم هەیەتی.

وتیان هەروەها ئەوەش گونجاوبوو کە له‌ گەڕی دووەمی سزاکانی یاسای سیزەری 2019 بۆ پاراستنی مەدەنییە سورییەکان ، تێیدا کوڕە گەنجەکەی ئەسەد حافز خراوەتە ناو لیستەکەوە، كه‌ بەناوی قوربانیانی حەما و مەعرەت نوعمانەوە ناونراوه‌.

هه‌ردوو وەزارەتی دەرەوە و دارایی ئەمریکا لە راگەیاندنەکەی 29 تەمموزدا رایانگەیاند: "دوو لە تاوانە هەرە قێزەونەکانی رژێمەکەی ئەسەد" لەو ناوچانە ئەنجامدراون و ئاماژەشیانکرد بەوەی ناولێنانەکان "بۆ وەبیرهێنانەوەی قوربانییەکانن".

لە راگەیاندنی سزاکاندا هاتووە: "نۆ ساڵ پێش ئێستا، سەربازانی بەشار ئەسەد ئابڵوقەیەکی دڕندانەیان خستە سەر شاری حەما، لەئاکامدا بووە هۆی کوشتنی چەندین خۆپێشاندەری ئاشتیخواز و هێمایه‌كی هه‌ژێنه‌ر بوو بۆ ئەوەی به‌دوایدا هات. ساڵێک پێش ئێستا، رژێمەکەی ئەسەد و هاوپەیمانانی بازاڕێکی قەرەباڵغی مەعرەت نوعمانیان بۆردومانکرد و بووە هۆی کوشتنی 42 سوریی بێتاوان."

حافز ئەسەد، کوڕی سەرۆک بەشار ئەسەد، بەشداریده‌كات له‌ ئۆڵەمپیادی نێودەوڵەتی زانستەکانی بیرکاری لە شاری کلوج ناپۆکا لە 10 تەمموز 2018. [میرسیا رۆسکا\ئاژانسی فرانس پرێس]

حافز ئەسەد، کوڕی سەرۆک بەشار ئەسەد، بەشداریده‌كات له‌ ئۆڵەمپیادی نێودەوڵەتی زانستەکانی بیرکاری لە شاری کلوج ناپۆکا لە 10 تەمموز 2018. [میرسیا رۆسکا\ئاژانسی فرانس پرێس]

یاسای سیزەر لە ناوەڕاستی حوزەیراندا كه‌وته‌ جێبه‌جێكردن و ئەو لایەنانه‌ی خستۆتە نێو لیستی سزاکانەوە کە پەیوەندییان بە رژێمەکەی ئەسەدەوە هەیە -- لەنێویاندا لیوای فاتیمیونی سەر بە ئێران -- لە سێ گەڕی جیاوازدا تا ئێستا.

حافز ئەسەد لە گەڕی دووەمدا، لەگەڵ 13 کەسی دیکە، ناوی خرایە لیستی سزاکانەوە لە 20 ئاب کە سیاسەتمەداری باڵا، کەسایەتی سەربازی و ئاووریی نزیک لە بازنەی ناوەوەی رژێمەکە لەخۆدەگرێت.

مێژوویه‌ك له‌ خۆلادان لە سزاکان

پرۆفیسۆری یاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، وائیل شه‌ریمی وتی هۆکار هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی حافز ئەسەد -- کە بەناوی بایپریه‌وه‌ ناونراوه‌ -- ناوی خراوه‌ته‌ لیستی سزاکانه‌وه‌.

بە دیارونای وت بەشار ئەسەد مێژوویەکی هەیە لە دەربازبوون لە سزاکان بە بەکارهێنانی خزم و کەسە نزیکەکانی بۆ بەقاچاخبردنی پارە بۆ دەرەوەی وڵات.

شه‌ریمی وتی ئەو یارمەتییە داراییانە بۆ دامەزراندنی چەند کۆمپانیایەک لەژێر ناوی ئەو کەسانەدا کە لە لیستی سزاکاندا نیین بۆئەوەی پارەکە سپیبکەنەوە و بیگەڕێننەوە سوریا بۆ پشتیوانکردنی رژێم لە شەڕەکەیدا.

وتی ئەو پارەیەی ئەو کۆمپانیانە پەیدایدەکەن بۆ کڕینی چەک خەرجدەکرێت و دواتریش لەدژی خەڵکی سوریا بەکاردەهنێرن و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە دەکرێت ئەمە لەڕێی سەپاندنی سزاوه‌ بوەستێنرێت کە رێگریدەکات لەو رێکەوتنە ئابوریانەی پەیوەستن بەو کەسانەوه‌ی ناویان لە لیستی سزاکاندا هەیە.

وتیشی حافز ئەسەد دوای ئەوەی تەمەنی بوو بە 18 ساڵ ناوی خرایە لیستی سزاکانەوە -- ئەو تەمەنەی گەنجان بەرپرسیارن بەرامەر مافە یاسایی و بەرپرسیارەتییەکان.

شه‌ریمی وتی ئەم تەمەنە توانای ئەوەی پێدەبەخشێت بۆ جووڵەکردن و گواستنەوە و حەواڵەی پارە و دامەزراندنی کۆمپانیا و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە سزاکانی سەر یاسای سیزەر مەبەستیانە رێگریبکەن لە بەشداربوونی لەمجۆرە چالاکیانە.

وتیشی سزا نوێکان فشار بۆسه‌ر ئەو کەسانەی نزیکن لە سەرۆکە سورییەکەوه‌، تووندتردەکه‌نەوە و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە ژنەکەی ئەسەد، ئەسما، لە گەڕی یەکەمی سزاکاندا ناوی هەبوو، لەگەڵ ژمارەیەک لە خزمەکانی ئەسەد.

وتی ئەو کەسانە ئێستا بەتەواوەتی سنووردارکراون و ناتوانن وەک پێشتر بجووڵێنەوە لەڕووی گواستنەوەی پارە و قازانجکردن لە کۆمپانیا بیانییەکان بۆ یارمەتیدانی دارایی رژێمی سوریا.

سوپاسگوزاری لە مەعرەت نوعمان

رۆژنامەوانی سوری، محەمەد عەبدوڵا بە دیارونای وت زیادكردنی ناوی حافز ئەسەد بۆ لیستی سزاکان لەژێر ناوی "حەما و مەعرەت نوعمان"دا لەلایەن سورییەکانەوە پێشوازی لێکرا، کە وەک پێزانینێک بۆ ئەو ئازارانەی چەشتوویانە دەبینرا.

وتی فیرقەی 1ی رژێمی سوریا ژمارەیەک مەدەنی کوشت و زیانێکی زۆری بە موڵکوماڵی ناوچەکە گەیاند و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە سزاکان بەسەر ژمارەیەک ئەفسەری باڵای فیرقەی 1دا سەپێنران.

چالاکوانێكی مەعرەت نوعمان، هانی نوعمان کە ئێستا له‌ ناوچەیەکی سنووری ئاوارە بووە، بە دیارونای وت گەڕی نوێی سزاکان زۆر ناوی نوێی له‌خۆگرتووه‌ كه‌ زۆربه‌یان ئه‌و نەوە نوێیه‌ن کە پشتیوانی له‌ رژێم دەکەن.

وتی زۆربەی "پاسەوانە کۆنەکان" خراونەتە لیستی سزاکانەوە.

وتیشی لەگەڵ کوڕەکەی ئەسەدا، ژمارەیەک بازرگان ناویان خراوەتە لیستی سزاکانەوە کە پێشتر ئاماژەیان پێنەکرابوو.

وەک کەسێک کە خەڵکی مەعرەت نوعمانە، نوعمان وتی زۆر دڵخۆشە کە سزاکان ناویان لێنراوە "لیستی سزاكانی حەما و مەعرەت نوعمان".

وتیشی: "ئەمە نیشانەی ئەوەیە خەڵکی سوریا بە تەنیا نین لە رووبەڕووبوونەوەی نادادپەروەری و ئەو کوشتارانەی دووچاری دەبنەوە، هەروەها ئەوانەش کە بەرپرسیارن لە کۆتاییدا سزادەدرێن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500