ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات پێشرەو بێت له بواری مافەکانی موسڵماناندا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی جیهاندا. بەڵام ئهو رێکەوتنه ستراتیژییهی ئەمدواییە تاران و پەکین پێیگهیشتن، دووفاقیەتی کۆماری ئیسلامی دەردەخات، چاودێران بە مەشاریقیان وت.
مامەڵەی دڕندانەی حکومەتی چین لەگەڵ ئۆیگورەکان -- کە کەمینەیەکی ئێتنی موسڵمانن لە پارێزگای شینژیانگ -- بەشێوەیەکی بەربڵاو و لەلایەن دەیان بڵاوکراوەی باوەڕپێکراوی نێودەوڵەتییەوە راپۆرتی لەسەر دراوە.
راپۆرتهكان ئاماژهدهكهن به دەستبەسەرکردنی ژنێك لە ماڵەكهی خۆیدا لەلایەن هێزەکانی چینەوە لەسەر ئایینهكهی و دواتر دەخرێتە کامپێکی کاتییەوە؛ ههروهها ژنێکی دیکەش رووبەڕووی هەمان چارەنوس بۆتهوه چونكه منداڵی سێیەمی ههبوو -- یهكێك زیاتر لهوهی یاسا رێگەی پێدەدات.
حکومەتی چین مزگەوتێکی رووخاند کە گروپێك لە ئۆیگورەکان نوێژیان تێدا دەکرد و لەجێگەكهی سەرئاوی گشتی دروستکرد، کە بەئاشکرا سوکایەتیكردنه بەو کۆمەڵگەیە.
چەند مێتۆدێکی تووندئاژۆی کۆنترۆڵکردنی منداڵبوونی بەسەر ژنانی ئۆیگوردا سەپاندووە و تەنانەت توانای منداڵخستنەوەی نەهێشتوون و چەند راپۆرتێکیش باس لە بڕینی ئەندامەکانی لەش دەکەن. ئەو ئۆیگورانەی وێراویانه قسە بکەن دەربارەی بارودۆخیان، یان ئەشکەنجەدراون یان کوژراون.
ئەو چاودێرانەی لە دۆخەکە ئاگادارن بە مەشاریقیان وت چەوساندنەوەی سیاسی و ئایینی چین بەرامبەر کۆمەڵگە ئۆیگورەکەی لە بهشی زۆری دەیەی پێشووەوە بەردەوامە، بەڵام ساڵی رابردوو چڕتربووهوە.
وتیان ئامانجی کۆتایی پەکین نەهێشتنی کلتور و ئایینی ئۆیگورە.
رێکەوتنی ئێران و چین
بەگوێرەی راپۆرتەكانی میدیا، ئێران بەمدواییانە دانوستانی لەسەر رێکەوتنێکی 25 ساڵەی ستراتیژی كردووه لەگەڵ چین، کە وا چاوەڕواندەکرێت بەمزوانە واژۆبکرێت.
چاودێران وتیان ئەم هەمان ئهو چینەیه کە بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەیان پێگەی پیرۆزی موسڵمانانی وێرانكردووه، لەنێویاندا مەزاری ئیمام عاسم، کە لەلای ئۆیگۆرە خواپەرستەکان زۆر پیرۆزە.
ئاماژەیانکرد بەوەی هەرچەند بەڵگەی حاشاهەڵنەگر هەیە لەسەر ئەوەی پەکین چالاکانە تێوەگلاوە لە هەوڵدان بۆ سڕینەوەی تەواوی کلتورێك، حکومەتی کۆماری ئیسلامی پشتگوێیدەخات، لەکاتێکدا رێکەوتن واژۆدەکات و بەشێوەیەکی کاریگەر نەوتی ئێران دەبەخشێت.
بەگوێرەی بەندەکانی رێکەوتنەکە، ئێران نەوتەکەی بە چین دەفرۆشێت بە نرخێکی زۆرکەم بۆماوەی 25 ساڵ، بەرامبەر تەنیا بەڵێنێك کە چین 400 ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەکات لە ئابوری ئێراندا لە دوو تا سێ دەیەی داهاتوودا.
لەوکاتەوەی وردەکاریەکانی رێکەوتنەکە ئاشکرابوون، کاردانەوە بۆی بەشێوەیەکی گەورە نەرێنی و رەخنەگرانە بووە. بەڵام ژمارەیەکی کەم لە چاودێران وتیان 400 ملیار دۆلار بڕێکی زۆر پارەیە کە ئێران پێویستێتی.
پشتیوانیكردنی چین له ئێران 'فەنتازیایە'
رۆژنامەوانێکی بەناوبانگی ئێران کە لە ئەمریکا نیشتەجێیە و داوایکرد ناوی نەهێنرێت وتی بەرپرسانی ئێران "بەهەڵە باوەڕیان وایە" رێکەوتن لەگەڵ چین یارمەتی هاوسەنگکردنی فشاری ئەمریکا دەدات لەسەر تاران و سەرمایە و تەکنەلۆژیا بۆ ئێران دابیندەکات.
بە مەشاریقی وت: "ئەمە فەنتازیایە. راستیەکەی، دەربارەی سزا [نێودەوڵەتیەکان] دژی ئێران کە دەیەیەك لەمەوبەر خرانەگەڕ، چین دوودڵ نەبوو لەوەی لەگەڵ ئەمریکا دەنگبدات بۆ سەپاندنیان بەسەر ئێراندا."
وتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران) پشتیوانێکی گەورەی رێکەوتنە لەگەڵ چین، لەبەرئەوەی بەهیوایە موشەك لەو وڵاتە بکڕێت، تا بتوانێت ئەندازیارییان پێچەوانە بکاتەوە و چەکهكانی خۆی گەشە پێبدات.
عەلی موتەهەری پەرلەمانتارێکی پێشتری دەنگ دلێرە کە رێیپێنەدرا خۆی هەڵبژێرێتەوە. لە 5 ئاب، نیگەرانی خۆی دەربڕی له پلانی ئێران بۆ بەردەوامبوون لە رێکەوتنەکە سەرەڕای مامەڵەی چین لەگەڵ ئۆیگورەکان.
موتەهەری وتی: "بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی درەوەی [ئێران] پێیوتم ئێران بێدەنگ دەمێنێتەوە لەبەر پشتبەستنی ئابوریی بە چین."
'بەرژەوەندی لەسەروو ئایینەوە'
چالاکوانێكی سیاسی و رێبەری حیزبی مواتەنە، غەیس تەمیمی بە مەشاریقی وت هەرچەندە خۆی بە کۆماری ئیسلامی ناودەبات، کارەکانی ئێران زیاتر بەگوێرەی بەرژەوەندیەکانێتی نەك ئایین.
وتی ئەمە روونە لە پێگەی دووفاقی بەرامبەر کێشەکانی مافی مرۆڤ لە ناوچەکە و لە وڵاتانی جیهاندا.
تەمیمی، کە پێشتر پیاوێکی ئایینی بوو لە حەوزەی نەجەف، وتی: "بۆنمونە لەلایەکەوە ئێران خولیایەکی زۆر نیشاندەدات بەرامبەر مافەکانی فەلەستینیەکان، لەلایەکی دیکەوە مافەکانی کۆمەڵگە موسڵمانەکانی چین و میانمار پشتگوێدەخات."
وتیشی رژێمی ئێران خەڵکی خۆی دەچەوسێنێتەوە و مافەکانیان پێنابەخشێت لەکاتێکدا لە دەرەوەی سنووری خۆی پێکدادانی ناوخۆیی سازدەکات.
وتی ئایین دەقۆزێتەوە بۆ پەرەدان بە کارنامەکەی، لەکاتێکدا راستیەکەی، هیچ بەرژەوەندیەکی نییە لە مافەکانی مرۆڤ یان رێکەوتنە جیهانیەکان.
فارس عومران بەشداریكردووه لەم راپۆرتەدا.
ئاخوندهكانی ئێران گرنگی نادهن به ئویگورهكان و خهڵكی رۆهینجا، ئهو دوو گروپه موسڵمانهی سهركوتدهكرێن، دهشیانهوێت ئێمه بڕوابكهین كه چارهنوسی فهلهستینیهكان (كه زۆر له خهڵكی ئێران ئازادترن) بۆیان گرنگه! ئهمه باشترین بهڵگهیه بۆ بهئامێركردنی فهلهستینیهكان بهدرێژایی 75 ساڵ. تهنها بهرژهوهندییه ههژمونییهكانی ئێران له دونیای عهرهبه سوننیهكاندا گرنگه بۆ ئاخوندهكان، ههموو شتێكی تر حسابات و درۆی مهسخهرهئامێزه.
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت