رێکخراوهی كۆمهكی مرۆیی کۆمیتەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی پێنجشەممە (27 ئاب) داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی سنووری بەرەو باکوری خۆرهەڵاتی سوریا بۆ زیادکردنی ئهو پێداویستییە پزیشکیانهی لهكهمبوونهوهدان لەمیانهی زیادبوونی حاڵەتەکانی تووشبووندا بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-19).
دەروازی سنووریی یەعروبییە، کە دەکەوێتە نێوان سوریا و عێراق، لە کانونی دووەمدا داخرا دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەژێر فشاری روسیادا دەنگیدا، ئەمەش بووە هۆی كورتهێنانی هاوکاری بۆ ئهو ههرێمه سورییەی ژێردەسەڵاتی کوردەکان.
رژێمی سوریا -- بەپشتیوانی روسیا -- ئەو هاوکاریانەی لەڕێی دەروازە سنوورییەکانەوە بەبێ رەزامەندی ئەوان دابەشدەکرێن وەک پێشێلکاری بۆسەر سەروەرییەکەی دەبینێت.
کۆمیتەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی رایگەیاند: "کۆمیتەکە داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی یەعروبیە بهڕووی هاوکارییەکاندا بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-19."
سەرۆکی کۆمیتەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی، دەیڤد میلیباند وتی راگرتنەکە، لە تەمموزدا نوێکرایەوە، "کە ملیۆنان کەسی بهبێ دەرمانی زۆر پێویست و کەرەستە تەندروستییەکان هێشتهوه لە ناوەڕاستی ئەو پەتایەدا".
دەسەڵاتە کوردییەکە 478 حاڵەتی تووشبوونی بە کۆڤید-19 لە ناوچەکە تۆمارکرد، لهنێویاندا 28 حاڵەتی گیانلەدەستدان، بەڵام کۆمیتەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی رایگهیاند كه ژمارەکان لەبەرزبوونەوەدان بەهۆی کەمیی رێژەی پشکنینهوه بۆ ڤایرۆسەکە.
گروپە مرۆییەکە رایگهیاند كه راگرتنە چەند مانگییەکەی دەروازەی یەعروبیە بۆته هۆی بەربەستدانان بۆ خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە ناوچەکە، کە تەنیا 13 هەناسەدەری دەستکرد و رێژەیەکی کەمی کەرەستەی خۆپارێزیی لێیە.
نیگەرانییەکانی کەمپی هۆل
کۆمیتەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی بەتایبەتی نیگەرانی دۆخی کەمپی هۆل بوو له پارێزگای حەسەکە.
کۆمیتەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی رایگهیاند كه ناوەندی جیاکردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەمپەکە دووچاری کەمیی کەرەستەی خۆپارێزی و "ژمارەیەکی کەم وێستەگەی دەستشووشتن، قەرەباڵغیی قەرەوێڵەکان و سنوورداربوونی توانای ستافەکە" بووەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان لەم مانگەدا رایگەیاند کە سێ کارمەندی تەندروستی لە هۆل تووشی ڤایرۆسەکە بوون، دەسەڵاتی کوردیش پێنجشەممە حاڵەتێکی دیکەی تووشبوونی لەوێ راگەیاند.
سەرچاوەیەکی پزیشکی لە هۆل وتی دواهەمین حاڵەتی تووشبوون یەکەمین بوو لەنێو دانیشتوانهكهدا.
گروپە مرۆییەکان هۆشدارییاندا لە بڵاوبوونەوەیەکی بەرفراوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا کە ئهو قەیرانه مرۆییهی ههیه هێندهی دی سهختتر دهكات، لهنێویاندا كورتهێنانی ئاو و خواردن و دەرمان.