تیمێکی وهڵامدانهوهی سهرهتایی کڵاوسپیەکان لە رەققە چوارشەممە (26 ئاب) دەستیکرد بە دەرهێنانهوهی پاشماوەی جەستەی ئەو مەدەنیانەی لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە کوژران لە گۆڕێکی بەکۆمەڵی تازە دۆزراوەدا، چالاکوانێکی ناوچەکە وتی.
تیمەکەی کڵاوسپیەکان چەند رۆژێك لەمەوپێش گۆڕی (ژمارە 27)ی دۆزییەوە بەیارمەتی دانیشتوانی شاری رەققە، کە گومانیان لە بوونی گۆڕێکی بەکۆمەڵ کردبوو لە ناوچەی فوروسیە، له خۆرئاوای شارەکە.
خۆبەخشێكی کڵاوسپیەکان، حەمەد مەتەر بە دیارونای وت دانیشتوانی ناوچەکە گومانی خۆیان باسکرد دوای ئەوەی ژمارەیەك مەدەنی هەوڵیاندابوو موڵکەکانیان پاکبکەنەوە.
تیمی وهڵامدانهوهی سهرهتایی ناوچەکەی پشکنی و گەیشتە ئەو ئەنجامەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی لێیە کە جەستەی ژمارەیەك لە قوربانیانی دەستی داعشی تێدایە.
بە خەمڵان 20 جەستە لەو گۆڕە بەکۆمەڵەدا هەیە، بەگوێرەی ئەو تیمەی گۆڕەکە هەڵدەداتەوە، هەموویان ژنن و تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 30 ساڵدایە کە بەدەستی داعش کوژراون ئەوکاتەی فەرمانڕەوایی ناوچەکەی دەکرد.
وتی تائێستا سێ جەستە دەرهێنراونەتەوە و نمونەی دی ئێن ئەی وەرگیراوە تا پشکنینی دادوەری هەوڵبدات شوناسی قوربانیەکان دەستنیشانبکات.
مەتەر وتی پرۆسەی دەرهێنانەوەكه دەکرێت لانیکەم مانگێك بخایهنێت.
وتی گۆڕەکە كه 27ههمین گۆڕی بەکۆمەڵی داعشە تائێستا لە رەققە دۆزرابێتەوە و ئاماژەیکرد بەوەی 6,000 جەستە تائێستا دۆزراونەتەوە، کە تەنیا 700یان ناسراونەتەوە، بەهۆی سەختیی پشکنینی پزیشکی دادوەرییەوە.
وتیشی وەك فاکتەرێکی ئاڵۆزکەرتر، زۆرێك لە خێزانەکان دەڵێن ئازیزانیان هێشتا ونن یان لەلایەن لایەنێکەوە دەستگیرکراون و هەربۆیە هێشتا لە ژیاندان.
کاری دەرهێنانەوە لە گۆڕێکی دیکەدا (ژمارە 26) بەردەوامە لە گوندی حتاش، باکوری شاری رەققە، کە تائێستا 17 جەستەی لێدەرهێنراوهتەوە.