شەپۆلی پیاوانی میلیشیای سەر بە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران) بۆتە هۆی کورتهێنانێکی تووندی نان لە شارۆچکەی ئەلبوکەمالی سنووری خۆرهەڵاتی سوریا، چالاکوانێکی ناوچەکە وتی.
چالاکوانێكی بواری میدیا له ئەلبوکەمال، ئەیهەم عەلی بە دیارونای وت چەند رۆژێك لەمەوبەر ژمارەیەکی زۆر لە پیاوانی میلیشیای سەربە پاسداران گەیشتنە ئەو شارۆچکەیەی پارێزگای دێرەزوور.
وتی: "دەستیانگرت بەسەر نزیکەی لهسهدا 80 نانی بەرهەمهێنراو لەلایەن نانەواخانەی ئۆتۆماتیکی شارۆچکەکەوە،" کە بووە هۆی کورتهێنانی نان بۆ تەواوی خەڵکی ناوچەکە.
وتی کورتهێنانەکە بووە هۆی بهرزبوونهوهی نرخی ئهو نانهی ماوە.
وتیشی هاوکات، مەدەنیەکان بەڕیزی درێژ لەبەردەم نانەواخانەکە وەستابوون بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێك، کە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانییەوە دەستیپێکرد، بێ هیچ ئهنجامێك.
عەلی وتی دانیشتوان بەسەختی دهتوانن ئاردیان دەستبکەوێت بۆ دروستکردنی نان لە ماڵەوە کە کارێکی باوە، لەبەرئەوەی رژێمی سوریا کۆنترۆڵی تەواوی ئارد دهكات لە ناوچەکە و بەشێوەیەکی تووند کۆنترۆڵی دابەشکردنیشی دەکات.
وتی: "پاسداران دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر لە ناندا گرت لەبەرئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە پیاوانی میلیشیای سەر بە خۆیان هێنا لە ناوچەکانی دیکەوە."
وتی جیا لەوەش، سەدان چەکداری عێراقی لە هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە لەم چەند رۆژهی دواییدا گەیشتنە ناوچەکە.
عەلی وتی وادیارە پاسداران هێزەکانیان گرددەکەنەوە لەو ناوچەیە تا پێگەیان لە ئیدلیب بەهێزبکەن، لەکاتێکدا میلیشیاکانیان شانبەشانی هێزەکانی رژێمی سوریا جێگیرکراون.
وتیشی ئەمە جێگیرکردنی پیاوانی میلیشیایە لەو ناوچە بێلایهنهدا کە ناوچەکانی ژێردەستی رژێم جیادەکاتەوە لەوانەی لەژێردەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتدان و ئەندامانی حیزبوڵا بە ئامێری چاودێرییەوە لەم ناوچەیە بینراون.