واشنتۆن -- ئۆپەراسیۆنەکانی قاعیدە و رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) زەبرێکی کوشندەیان بەرکەوت دوای ئەوەی کاربەدەستانی ئەمریکا گەورەترین دەستبەسەراگرتنی ئەو حسابانەی پارەی ئەلەکترۆنییان خستەگەڕ کە پەیوەندییان بە تیرۆریستانەوە هەبوو.
هەڵمەتەکانی پشتیوانیكردنی دارایی له تیرۆریزم پشتیان بە ئامرازی ئەلەکترۆنی ئاڵۆز دەبەست، لەنێویاندا ئاسانکاریی بەخشینی دراوی ئەلەکترۆنی لە تەواوی جیهاندا.
کاربەدەستانی ئەمریکا دەستیانگرت بەسهر ملیۆنان دۆلاردا، لەگەڵ نزیکەی 300 حسابی دراوی ئەلەکترۆنی، چوار ماڵپەڕ و چوار پەیجی فەیسبوك کە ههموو پەیوەندییان ههبوو بەو پرۆژە تاوانکارییەوە، بهگوێرهی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دادی ئەمریکا لە 13 ئاب.
داواکاری گشتی ئەمریکا ولیام پی بار وتی: "نابێت بۆ هیچ کەس سەیربێت کە دوژمنان تەکنەلۆژیای نوێ بەکاردەهێنن، وەك تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و دراوی ئەلەکترۆنی بۆ ئاسانکاریی کارنامە خراپەرکار و تووندوتیژەکانیان."
وەزیری دارایی ئەمریکا ستیڤن مەنوچن وتی: "تۆڕە تیرۆریستیەکان تەکنەلۆژیایان لەخۆگرتووە، مامەڵەی دارایی ئاڵۆز ئەنجامدەدەن لە دنیای دیجیتاڵدا، لەنێویاندا لەڕێی دراوی ئەلەکترۆنییەوە. كردهكانی ئەمڕۆ پابەندیی بەردەواممان دەردەخات بۆ بەرپرسیار راگرتنی کاراکتەرە خراپەکان بەرامبەر تاوانەکانیان."
هەڵمەتێكی داعش
پلانە داراییهکەی داعش پهیوهست بوو به هەوڵەکانی مورات چاکار، میانگیرێکی داعش کە بەرپرس بوو لە بەڕێوەبردنی چەند ئۆپەراسیۆنێکی هاککردنی داعش، بۆ فرۆشتنی ئامرازی خۆپارێزیی ساختە لەڕێی FaceMaskCenter.com (کە ئێستا دەستی بەسەردا گیراوە). ئەو ماڵپەڕە ساختەیە گوایە خۆپارێزی دژی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنای دەفرۆشت.
ئەو ماڵپەڕە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ژمارەیەکی بێسنووری ههیه لە ماسكی N95 كه لەلایەن حکومەتەوە پهسهندكراون، بۆ فرۆشتن. بەڕێوبەرانی ماڵپەڕەکە پێشنیازی فرۆشتنی ئەو کاڵایەیان دەکرد لە تەواوی جیهاندا، لەنێویاندا ئەوانەی ماسكی N95یان دەکڕی لەگەڵ کاڵای دیکەی خۆپارێزی بۆ نەخۆشخانەکان، پێگەکانی چاودێری تەندروستی و بەڕێوبەرێتی ئاگر کوژاندنەوە.
کاربەدەستان دەستیانگرت بەسەر ماڵپەڕەکەی چاکاردا لەگەڵ چوار پەیجی فەیسبوکی پەیوەندیدار کە بۆ ئاسانکاری بۆ ئەو پیلانە بەکاردەهاتن.
هەڵمەتێكی قاعیدە
قاعیدە و گروپە تیرۆریستیەکانی ههواداری، کە زیاتر لە سوریان، تۆڕێکی شۆردنەوەی پارهی بیتکۆینیان بەکاردەهێنا لەڕێی کەناڵەکانی تەلەگرام و ئهكاونتهكانی دیکەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە. گروپەکان ئاسانکارییان بۆ بەخشینی دراوی ئەلەکترۆنی دەکرد بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجە تیرۆریستیەکانیان. لە هەندێك دۆخدا خۆیان وادەردەخست کە رێکخراوی خێرخوازی بن، لەکاتێکدا راستیەکەی بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا پشتیوانی داراییان بۆ تووندوتیژیی تیرۆریستی مهیسهردەکرد.
هەواڵگرە نهێنیەکانی ئەمریکا پەیوەندییانكرد بە بەڕێوبەری رێکخراوی "بیرخستنهوهی سوریا" کە رێکخراوێکی خێرخوازی بوو هەوڵی کۆکردنەوەی پشتیوانی دارایی دەدا بۆ تیرۆریزم لەڕێی بەخشینی بیتکۆینەوە. بەڕێوبەرەکە وتی بەهیوای وێرانكردنی ئهمریكا و باسی لە نرخی موشەکی زەمین-بە-زەمینی کرد و هۆشدارییدا دەربارەی ئەگەری ئاکامه تاوانکارییهكانی ئەنجامدانی "جیهاد" لە ئهمریكا.
قاعیدە و گروپە تیرۆریستیەکانی دیکە ئەم پۆستانەیان دروستدەکرد و تەکنیکی ئاڵۆزی پهردهپۆشییان بەکاردەهێنا، کە لەلایەن دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاساوە ئاشکرا کران، تا مامەڵە داراییەکانیان بشارنەوە لە هەوڵێکدا بۆ شاردنەوەی چالاکیەکانیان.
کاربەدەستانی ئەمریکا 155 حسابی دراوی ئەلەکترۆنییان لەکارخست کە پەیوەندییان بەو هەڵمەتە تیرۆریستیەوە هەبوو.
کارەکانی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا چەند ئۆپەراسیۆنێکی لیواکانی قەسامیان لهكارخست، كه باڵی سەربازیی حەماسه. ماڵپەڕەکانیان رێنمایی ڤیدیۆییان لەخۆدەگرت دەربارەی چۆنێتی بەخشینی پاره بهنهێنی، بەشێکی لەڕێی بەکارهێنانی ناونیشانێکی تایبەتی بیتکۆینەوە کە بۆ هەر بەخشەرێك بەکاردەهێنرا.