بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییە گشتییەكان ساڵێک پێش وادەی خۆی پهیوهستبوونی سەرەکوەزیران مستەفا کازمی دەردەخات به خواستهكانی گەلی عێراق و جێبەجێکردنی داواکارییهكانی خۆێشاندەرانهوه، شرۆڤەکارانی سیاسی دەڵێن.
کازمی لە پەیامێکی تەلەفزیۆنیدا لە 31 تەمموز رایگەیاند کە هەڵبژاردنەکان لە 6 حوزەیرانی 2021 ئەنجامدەدرێن.
هەڵبژاردنەکان دەبوو لە ئایاری 2022 ئەنجامبدرێن، بەڵام بەروارە پێشوەختەکە وەڵامدانەوەیەکه بۆ خۆپێشاندانە گهورهکان کە لە تشرینی یەکەم لە وڵاتەکەدا سەریانهەڵدا و بوونه هۆی ئەوەی سەرەکوەزیران عادل عەبدولمەهدی دەستلەکاربکێشێتەوە.
شرۆڤەکاری سیاسی، نەجم قەساب بە دیارونای وت لەگەڵ گۆڕانەکە، کازمی یەکێک لە گرنگترین بەڵێنەکانی بەجێگەیاند کە بە گەلی عێراقی دابوو، ئەویش دیاریکردنی وادەیەکی پێشوەخت بوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان.
وتی بە راگەیاندنەکەی، کازمی پهیوهستبوونی خۆی پیشاندا به جێبەجێکردنی داواکارییهكانی خۆپێشاندهرانهوه و خواستی رای گشتی عێراقی بۆ پرۆسەیەکی نوێی سیاسی کە نمایندەی هیوا و ئیرادەیان بێت.
قەساب وتی دیاریکردنی وادەی پێشوەختی هەڵبژاردنەکان هەوڵێکە بۆ "فشار خستنەسەر دهزگا یاسادانهرهكه و لایەنە سیاسییەکان بۆئەوەی خێرا یاسای هەڵبژاردن ههمواربكهنهوه" و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە هاندانی رای گشتی بۆ بەشداریکردن و چالاکیی میدیایی بێلایەن گرنگن بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنەکان.
دڵنیاییدان له هەڵبژاردنێکی ئازاد و شەفاف
لەژێر رۆشنایی راگەیاندنەکەی سەرەکوەزیراندا، عێراقییەکان زیاتر داوادەکەن هەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانه و شەفاف لەلایەن کۆمسیۆنێکی هەڵبژاردنی سەربەخۆوه ئەنجامبدرێت.
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق، موسەننا ئەمین وتی دەبێت چەند مەرجێک بگیرێنەبەر بۆئەوەی هەڵبژاردنەکان بە ئازادانە و دادپەروەرانە بەڕێوەبچن. ئهوانهش پێکدێن لە چاککردنی کەموکوڕییەکانی نێو یاسای هەڵبژاردن، گۆڕینی شێوازی هەژمارکردنی دەنگەکان و ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە شێوازی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەماندا.
ئەمین وتی گۆڕانکارییەکی گرنگی دیکە بریتییە لە پێداچوونەوە بەو پرۆسەیەدا کە کاندیدێک بە بەرزترین ژمارەی دەنگەکان دەبێته خاوەنی کورسییەکی پەرلەمان.
بە دیارونای وت رێگەدان بە خەڵک بۆ دەنگدان بە زیاتر لە کاندیدێک، بەگوێرەی ژمارەی کورسییەکان لە هەر بازنهیهكی دەنگدان، یان ئەنجامدانی خولی دووەمی هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی براوە لەڕووی دادپەروەرییەوە یارمەتیدەر دەبێت لە پرۆسەکەدا.
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە ئامادەیە "هاوکاریی تەکنیکی و ئامۆژگاری پێشکەشبکات بۆ دڵنیابوونەوە لە ئازادی و دادپەروەری لە هەڵبژاردنەکاندا کە دهشێت متمانهی رای گشتی بهدهستبهێنێت".
ئەمین وتی پێویستە هەڵبژاردنەکان لەلایەن کۆمسیۆنێکی سەربەخۆ و بێلایەنی هەڵبژاردنەوە بەڕێوەبچێت، کە راستەوخۆ لەژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کاربكات.
بەرزکردنهوهی رێژەی بهشداربوونی دەنگدەران
بەرپرسان دەڵێن کەمیی رێژەی بهشداریكردنی دەنگدەران نیگهرانییهكی دیکەیە. بە لەسەدا 44.5 رێژەی بەشداریکردن، هەڵبژاردنەکانی ئایاری 2018 کەمترین رێژەی دەنگدەری هەبوو بە بەراورد بەو پێنج هەڵبژاردنەی لە عێراقدا لە 2005وه ئەنجامدراون.
ئەندامێكی لیژنەی ئەمنی و بەرگری له پەرلەمان، كهتاح نەجمان ریکابی وتی هیچ لایەنێک دژی هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە، بەڵام هەندێك ئاڵەنگاری هەن، لەنێویاندا دڵنیابوونەوە لە ئەمنییەت، کە پێویستە چارەسەربکرێن بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە بە دادپەروەری بەڕێوەبچێت و رێژەیەکی زۆر له دەنگدەران بەشداریبکەن.
وتی چەند لایەنێک هەن کە پێویسته ئامادەکاریی زیاتریان بۆ بكرێت، لەنێویاندا راهێنانكردن بە ئەندامانی نوێی کۆمسیۆن سەبارەت بە رێوشوێنی هەڵبژاردنەکان و تازەکردنەوەی کەلوپەلە لۆجستییەکان بۆ ناوەندەکانی دەنگدان.
بە دیارونای وت: "هەموو ئەمەش پێویستی بە پارەیە، کە سەختە لە کاتێکی وەک ئەم قەیرانە داراییەی کاتی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا بەئاسانی بەردەستبێت."
ریکابی وتی گرنگە رێکەوتنێک هەبێت لەنێوان هەموو لایەنهکاندا بۆ تێپەڕاندنی یاسای ههڵبژاردن به دهنگدان بۆ ماددەی 15ی دەستوور سهبارهت بە بازنه و ناوچهكانی هەڵبژاردن.
دادگای فیدڕاڵ، کە دەستور دەسەڵاتی ئەوەی پێدەدات ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پەسەندبکات، پێویستە نیسابی یاسایی ئەندامانی تهواوبكات بۆئەوەی نوێنەرانی هەڵبژێردراو بتوانن بەتەواوی ئەرکەکانیان رابپەڕێنن وەک ئەندامی پەرلەمان، بەبێ هیچ کێشەیەک.
موسا شیمهری، دانیشتوویەکی ناوچەی غهدیر له بەغدا، وتی پشتیوانی له بڕیارەکەی کازمی دەکات لە پێشتخستنی وادەی هەڵبژاردنەکان.
بە دیارونای وت: "ئەمە رێک ئەوە بوو کە لەکاتی خۆپێشاندانەکاندا داواماندەکرد... ئێمە هەڵبژاردنی پێشوەختمان دەوێت و پێویستە بەتەواوی بەشداربین. ئەوە رێگە دیمۆکراسییەکەیە بۆ هێنانەئارای ریفۆرمی سیاسی."