دواهەمین گەڕی سزا نوێکانی ئەمریکا لەدژی کەسایەتییە سیاسی و سەربازی و ئابورییە باڵاکان لە رژێمی سوریادا، روونیدەکاتەوە كه هیچ کەسێک لەوانەی پەیوەندیدارن بە تاوانەکانیهوه، لە سزاکان پارێزراونابن، ئینجا لە هەر پلە و پۆستێکدا بن، پارێزەرێکی سوری وتی.
پارێزەری سوری، بەشیر بەسام بە دیارونای وت ئەو سزا ئابوریانەی پێنجشەممە (20 ئاب) وەک بەشێک لە سزای سیزەر سەپێنران، "کاریگەرییەکی گرنگیان دەبێت له داهاتوویهكی نزیكدا بۆسهر ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی رژێمی سوریا".
ئەو سزایانە خولی سێیەمن کە رابگەیەنرێن لەوکاتەوەی یاساکان لە ناوەڕاستی حوزەیرانەوە چوونە بواری جێبەجێکردنەوە، وەک هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە ئاساییکردنەوەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد بەبێ ئەوەی بەرپرسیاربێت لە پێشێلکارییەکانی دژ بە مافی مرۆڤ.
سزاکان یهكهم كهس و له ههمووان زیاتر یاسر ئیبراهیم دەکەنە ئامانج، کە وەک "نۆكهر"ی ئەسەد لهقهڵهمدراوه لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایک پۆمپیۆ بڵاوکرایەوە.
پۆمیۆ وتی ئیبراهیم کراوەتە ئامانج "لهسهر هەوڵەکانی بۆ رێگریکردن و بەربەستخستنە بەردەم چارەسەرێکی سیاسی بۆ شەڕی سوریا" کە لە 2011وە دەستیپێکردووە.
وتی: "به بەکارهێنانی تۆڕەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی دیکەش، ئیبراهیم چەندین رێکەوتننامەی گەندەڵکارانەی بهستووه کە ئەسەد دهوڵهمهند دهكهن، لەکاتێکدا سورییەکان بەهۆی کەمیی خۆراک و دەرمانەوە گیانلەدەستدەدەن..
سزاکان راوێژکاری راگهیاندنی ئەسەد، لونا شیبل دهكهنه ئامانج و ههروهها محەمەد عەمار ساعاتی، بەرپرسێکی باڵای حیزبی بەعس، کە تۆمەتبارە بە "سەرپەرشتیکردنی رێکخراوێک کە ئاسانکاری كردووه بۆ خوێندکارانی زانکۆ بۆ چوونە نێو ریزەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئەسەدهوه".
چەند سەرکردەیەکی یەکە سەربازییەکانیش خراونەتە نێو ئەو لیستە درێژەوه کە ناوی ئەو سورییانە لەخۆدەگرێت کە سزا ئابورییەکانی ئەمریکا دەیانگرێتەوە "بەهۆی هەوڵەکانیانهوه بۆ رێگریکردن لە ئاگربەستێک لە سوریا".
پۆمپیۆ وتی: "ئەو بەرپرسە باڵایانه سەرکردایەتی هەمان لایەنی سەربازی دەکەن کە بە بۆمبی بەرمیلی منداڵان دەکوژن و چەکی کیمیاییان لەدژی کۆمەڵگەکانی وەک غۆتە بەکارهێنا" و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە هێرشێکی ئابی 2013 بووە هۆی کوژرانی "زیاتر لە 1,400 سوری".
وتیشی: "سزاکانی ئەمڕۆ پابەندبوونی ئێمە دووپاتدەکاتەوە به بەرپرسیارڕاگرتنی جەنەڕاڵەکانی ئەسەد و فەرماندەكانی میلیشیاکانی لهسهر پێشێلێکاریەکانیان."
ئاكامه بهربڵاوهكان
بەسام بە دیارونای وت دواهەمین گەڕی سزاکان چەندین ئاكامی ههیه، بەوپێیەی کە میدیاکارێکی ژن، بەرپرسانی حیزبی بەعسی عەرەبی و بەرپرسانی سەربازیی یەکە گرنگهكان لەخۆدەگرێت.
وتی: "پەیامەکە بریتییە لەوەی هیچ کەسێک کە یارمەتی، یان پشتیوانی یان کاری لەگەڵ رژێمی سوریا کردووە لە سزاکان پارێزراونابن."
وتیشی ئەو کەسایەتیانەی کراونەتە ئامانج رەنگە پێیانوابووبێت "لە سزاکان پارێزراون" و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە سزاکان تیشکدەخەنە سەر رۆڵی میدیا لە خۆشکردنی ئاگری ناکۆکییەکاندا، لەکاتێکدا تاوانی قێزەون لە دژی مەدەنییەکانی سوریا ئەنجامدەدرێن.
بەسام وتی شیبل ناسراوە به "تووندڕهوییه کوێرانەکەی و رەوانبێژییە ئاگرییهكهی" و بوونی ناوی لە سزاکاندا "پەیامێکە بۆ میدیاکانی لایەنگری رژێم بۆ راوەستاندنی هەڵمەتی رق و کینە".
وتی ساعاتی، هاوژینەکەی شیبل، ئەندامی سەرکردایەتی ناوەندی حیزبی بەعسی عەرەبی سۆشیالیستی و سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی خوێندكارانی سوریایه.
ساعاتی رۆڵێکی سەرەکی گێڕاوە لە رێکخستنی شانەکانی حیزبی بەعس و هەڵمەتەکانی راكێشانی سەرباز بۆ رژێم.
بەسام وتی ناوی ساعاتی له لیستی سزاکاندا پەیامێک دەنێرێت کە حیزبی بەعسی ئەسەد، کە بەرپرسیارێتی سەرەکیی شەڕەکەی دەکەوێتە ئەستۆ، لەداهاتوودا هیچ رۆڵێکی نابێت.
وتی ئەمریکا جدییە سەربارەت بە چارەسەرکردنی شەڕی سوریا و سزادانی ئەوانەی بەربەست بۆ ئەمە دادەنێن، ئینجا ئەگەر مەدەنی یان کارمەندی سەربازی بن.
وتی ئهمه سزادانی ئیبراهیم رووندەکاتەوە، بۆ رەتکردنەوەی چارەسەرە پێشنیارکراوەکان، جگه له رۆڵی لە ئەنجامدانی چەندین رێکەوتننامە کە پارە بۆ رژێم پەیدادەکەن.
بەسام وتی ئەو ئەفسەرانەی سزاکانیان بەسەردا سەپێنراوە هەموویان "ناسراون به دڕندهیی لە شەڕدا، بە فەرماندان به کۆمەڵکوژی لەدژی مەدەنییەکان و به سەرپەرشتیکردنی ئەو یەکە سەربازیانەی کردەوەی قێزەون ئەنجامدەدهن لەکاتی شەڕەکان و دوای شەڕەکاندا".
ئهوانهش ناوبراون به فادی سهقڕ، فەرماندەی میلیشیای هێزەکانی بەرگری نیشتمانیی لایەنگری رژێم؛ لیوا غەیس دەلاح، فەرماندەی فیرقەی 4ی لیوای 42؛ لەگەڵ سامر ئیسماعیل، فەرماندەی هێزەکانی نیمری لیوای حەیدەر.
وتی گەڕی نوێی سزاکان وەک بەربەستێک خزمهتدهكات، بهشێوهیهك كه رژێم لاوازدهكات لەڕووی توانا ئابووری و سەربازییەکانیەوە، لەکاتێکدا ململانێكان "تەنیا شەڕێكی سەربازی نیین، بەڵکو شەڕێکی میدیایی و سیاسیشن".