ههندێك لە سیاسییهكان و کەسایەتییە ناودارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق رووداوێکی ئەمدواییە له تارمیەی پارێزگای بەغدا، کە تێیدا فەرماندەیەکی عێراقی کوژرا، بەکاردەهێنن بۆ داواکردنی دەرکردنی زۆرینەی دانیشتوانی قەزاکە کە سوننەن.
به بانگهشهكردنی ساختهی ئهوهی دانیشتوانی ناوچەکە پشتیوانی له تیرۆریستان دەکەن، دەیانەوێت بەزۆر جێگۆڕکێیان پێبکەن و رێخۆشبکەن بۆ ئامادەیی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لەو قەزا ستراتیژییەی باکوری بەغدا.
"دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی هێرشکەی 17 تەمموزی تارمیەی لهئهستۆگرت کە تێیدا فەرماندەی فیرقەی شەشی پیادەی سەر بە لیوای 59، عەمید عەلی حەمید غەیدان و سێ سەربازی دیکە کوژران.
رووداوەکە بارگرژیی مەزهەبی لە قەزاکە هێنایە ئاراوە، کە وایکرد سەرەکوەزیران مستەفا کازمی سەردانی تارمیە بکات. پێشوازییەکی گەرمی لێکرا کاتێک بەڵێنیدا "رووبەڕووی ئەوانە ببێتەوە کە دەیانەوێت مەزهەبگەرایی بگەڕێننەوە".
بەشێک لە لایەنەکانی پەیوەندیدار بە میلیشیاکانی سەر بە ئێران هەوڵیاندا سەرکردە ناوخۆکان لە قەزاکە بەکاربهێنن بۆ وەدەرنانی دانیشتوانە سوننییەکان، کە زۆرینە پێکدەهێنن و بهوهش کاریگەری لەسەر گۆڕانی دیمۆگرافی دروستبكهن.
هەمان شت لە جورف سهخری پارێزگای بابل روویدا، کە دانیشتوانەکەی کرانە دەرەوە بۆئەوەی رێخۆشبکرێت بۆ میلیشیاکان. لە شەش ساڵی رابردوودا، شارۆچکەکە بووە بە بنکەی میلیشیا چەکدارەکان لە باشوری بەغدا.
لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، رۆژنامەوان ئهحمهد عەبدول سەدا، کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ میلیشیاکاندا هەیە، داوای گرتنهبهری هەمان ستراتیژیی بۆ تارمیە كرد و وتی میلیشیاکان رێگری لە روودانی کردەوەی تیرۆریستی دەکەن.
وتی: "هیچ چارەسەرێکی تر نییە بۆ کێشەی تیرۆریزم لە تارمیە، جگە لە جێبەجێکردنی ههمان دەستپێشخەرییەکەی جورف سهخر و كردنهدهرهوهی دانیشتوانەکەی و رادهستكردنی ئەمنیەتەکەی به هێزەکانی حەشدی شەعبی."
پێشنیاری ئهوهشی کرد کە دەتوانرێت دانیشتوانی ناوچەکە قەرەبووبکرێنەوە "بە پێدانی پارچەزەوی لەو ناوچانەی تر کە لەڕووی جوگرافییەوە مەترسییەکی کەمتریان هەیە."
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق لە بەرەی سادیقون کە باڵێکی سیاسیی میلیشیای عهسایب ئەهل حەقی پشتیوانیکراوه لەلایەن ئێرانەوه، حەسەن سەلیم وتی تارمیە "چەندین مۆڵگەی تیرۆریزمی لێیە و کەسایەتییە سیاسییەکانی تیرۆریستەکان دەپارێزن".
ئەو کەسایەتیانەی تۆمەتبارکرد بە "وەستان لهڕێی هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا کە ئەو گروپە تیرۆریستیانەی مایەی مەترسین بۆسەر بەغدا، دەکەنه ئامانج" و بیانووی شەڕکردنی دژی تیرۆریزم بهكارهێنا بۆ داواکردنی ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی سەربازی.
دانیشتوانی تارمیە دژی ئەمە دەوەستنەوە
چالاكوانانی ناوخۆ هەڵمەتێكیان دهستپێكرد به هاشتاگی #تارمیە_خەڵکی_ئێمە لە تویتەر بۆ رەتکردنەوەی ئەو پێشنیارە و داواشیان لە لایەنگرانیان کرد هاشتاگەکە بەکاربهێنن بۆ رەتکردنەوەی مەزهەبگەرایی و هەر هەوڵێک بۆ وەدەرنانی دانیشتوانی تارمیە.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەحمەد مەشهەدانی بە دیارونای وت تارمیە "شارۆچکەیەکی ئارامه کە تیرۆریزم رەتدەکاتەوە" و ئەوانەشی داوای وەدەرنانی دانیشتوانەکە دەکەن بە "لادهران" لهقهڵهمدا.
فەرماندەیهكی خێڵەکیی ئەنبار، شێخ قەتەری سەمەرمهد عوبێدی بە دیارونای وت کازمی فەرمانی بە فیرقەی 7 سەربازیی لیوای 27 کرد بۆئەوەی لە قەزای بەغدادییهوه له ئەنبار بچن بۆ تارمیە بۆ پشتیوانیكردنی ئەو هێزە عێراقیانەی لەوێ نیشتەجێن.
ستایشی لیوای 27ی کرد و تیشکی خستەسەر سەرکەوتنەکانی ئەمدواییە لە بەردەوامیدان بە ئەمنیەت و سەقامگیری لە قەزای بەغدادی و ناوچەکانی دەوروبەری.
پیاوانی خێڵ داوای فەوجی ناوخۆیی دەکەن
شێخهكانی خێڵەکان و کەسایەتییە ناودارەکانی تارمیە داوای پێکهێنانی فەوجێکیان کردووە لە دانیشتوانی ناوچەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەمنیەتی شارۆچکە و قەزاکەی خۆیان.
شێخ محەمەد مەشهەدانی، کەسایەتییەکی ناوداری ناوخۆ، بە دیارونای وت خەڵکی تارمیە داوای پێکهێنانی ئەم فەوجە دەکەن "بۆ رێگریکردن لە روودانی پێشێلکاریی ئەمنی".
ناوبراو پەندێکی پێشینانی هێنایەوە: "خەڵکی مەکە خۆیان كون و كهلهبهری شارەزان" وەک جەختکردنەوە لەوەی پێویستە دانیشتوانی ناوچەکە بەرپرسیاربن لە ئەمنیەتی قەزاکەی خۆیان.
وتی حکومەت پێشتر بەڵێنی پێکهێنانی فەوجەکەی دابوو، سەرکردەکانی خێڵەکەش ناوی کەسەکانیان دابوو، بەڵام دواتر لیستەکە رەتکرایهوە.
وتیشی خەڵکی تارمیە تیرۆریزم رەتدەکەنەوە، چونکە زۆربەیان دووچاری ئاکامە ناخۆشەکانی بوونەتەوە و "هەر خێزانهی لانیکەم ئەندامێکیان بەهۆی تیرۆریزمەوە لەدەستداوە".
داوای لە کازمی کرد ئەوەی لەبیربێت و کاربکات بۆ دروستکردنی فەوجێکی تایبەت بۆ تارمیە.
بهڕێز كازمی دهبێت حوكمی مهرگ بسهپێنێت بهسهر ئهوانهدا كه باز بهسهر دهوڵهت و یاسادا دهدهن و خهڵك دهچهوسێننهوه، جا سهر به ههر مهزههبێك بن. دهبێت یاسا رێزی لێبگیرێت و بڕیارهكان بهسهر ههموواندا جێبهجێبكرێن. خهڵكهكه لهگهڵتن چونكه ئیتر له توانایاندا نهماوه.
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت