هێزە ئەمنی و خێڵەکیەکانی عێراق سێ ماڵی حهوانهوهی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان وێرانكرد لە بیابانی پارێزگای ئەنبار، بەگوێرەی سەرکردەیەکی خێڵەکی کە قسەی بۆ دیارونا کرد.
فەرماندەی خێڵەکی ئەنبار، شێخ قەتەری سەمەرمەد عوبهیدی، هەینی (14 ئاب) وتی ماڵی حهوانهوهكان وێرانكران دوای "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی 72 کاتژمێری".
وتی هێزە ئەمنی و خێڵەکیەکان ناوچەیهکی بەرفراوانی بیابانیان پشکنی لە باکور و باشوری روباری فورات، نزیك بە سنووری سوریا.
ناوچەکانی وادی قەزف، وادی حەلکوم، هەدرە، مەدیسیس، مەدهەم، سوکەریات، حوسەینیات، شەعبانی، سوخەریات، کوبەیسە، عەکاشات، تی وان، ئەبو رومانە، ئەبو دەلایە، شامیە و جەزیرە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا پشکنران.
![سەربازانی عێراق جبەخانەیەکی چەکی داعش دەدۆزنەوە نزیك بە شارۆچکەی قائیم لەسەر سنووری سوریا لە مانگی تەمموزدا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]](/cnmi_di/images/2020/08/14/25526-isis-weapons-cache-600_384.jpg)
سەربازانی عێراق جبەخانەیەکی چەکی داعش دەدۆزنەوە نزیك بە شارۆچکەی قائیم لەسەر سنووری سوریا لە مانگی تەمموزدا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]
عوبهیدی وتی حەوت تیم بهشدارییانكرد له پشكنینی ناوچهكدا له بهشی سهرهوهی، لەکاتێکدا کۆپتەرە عێراقیەکان و فڕۆکەکانی F-16 پشتیوانیی سوپا و پۆلیس و یەکە خێڵەکیەکانیان کرد کە لە زەمینەوە هێرشیان دەکرد.
بەگوێرەی عوبهیدی، دووان لە ماڵهكانی حهوانهوه کە هێزە ئاسمانیەکانی عێراق بۆمبارانیان کردن لەنێو تونێلدا بوون لە بیابانی شامیە و سێیەمیان لە ناوچەی جەزیرە بوو.
وتی روماڵێکی سەرەتایی پێگەکە ئاماژەیكرد بەوەی هێزەکانی داعش چەکی پێشکەوتوو، تەقەمەنی و شمەکی پشتیوانییان لە حەشارگەکاندا دانابوو، کە پێدهچوو ئەندامانی داعش خۆیانیان تێدا شاردبێتهوه و ئاماژەیکرد بەوەی ئەگەری زۆرە داعش لە بۆمبارانەکەدا کوژراوی هەبووبێت.
وتیشی ئەمە بەشێك بوو لە زنجیرەیەك لە ئۆپەراسیۆنی ماوە ماوە کە لەلایەن هێزە ئەمنی و هەواڵگریەکانەوە ئەنجامدەدەرێن لەگەڵ چەکدارە خێڵەکیەکانی ئەنبار، بە پشتیوانی خەڵکی ناوچەکە.
هێرشەکانی داعش سەردەکێشن بۆ دەستگیرکردنی 15 گومانلێکراو
ئەم ئۆپەراسیۆنانە بەمەبەستی فشارخستنە سەر پاشماوەی ئەندامانی داعش بوون، کە بەردەوامن لە ئەنجامدانی چەند هێرشێك لە ناوچەکە، دواینیان هێرشێکی 28 تەمموز بوو لە بازگەی شەهید محەمەد کەراوی لە عەکەبە، بیابانی هیت.
عوبهیدی وتی له هێرشەکەی داعشدا عەمید ئەحمەد عەبدولواحید محەمەد لامی كوژرا، کە فەرماندەی فیرقەی 7ی هێزی پیادە بوو. ملازم ئهوهلێكیش لە هێرشەکەدا کوژرا و دوو سەربازی دیکەش بریندار بوون.
وتیشی لەژێر رۆشنایی هێرشەکەی داعشدا بۆسەر ئەو بازگەیە، "زنجیرەیەك بەسەردادان و لێکۆڵینەوە دەستیانپێکرد... کە بوونە هۆی دەستگیرکردنی 15 گومانلێکراو، کە هێشتا لێکۆڵینەوەیان لهگهڵ دەکرێت".
وتی بەڵام رووداوەکەی 28 تەمموز "مانای ئهوه نییه چالاکیەکانی تیرۆریستان له زیادبووندان، چونکە پاشماوەکانی داعش ئێستا لاوازترن بەهۆی ئەوەی هیچ پشتیوانییەکیان نییە و رووبهڕووی نهبوونی پێداویستییهكان دهبنهوه".
عوبهیدی وتی: "چەکدارەکانی پاشماوەی داعش لە حەشارگەکانیاندا لە بیابان گیریانخواردووە و تاڕادەیەك بێ جووڵەن لە ترسی ئەوەی درکیان پێبکرێت لەلایەن کامێراکانی چاودێری و درۆنەکانی پشكنینهوه کە لە ئاسمانی ناوچە پەراوێزخراوەکان بە شەو و رۆژ دەسوڕێنەوە."