هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەمدواییانە لە رێورەسمێکی فەرمیدا بنکەیەکی راهێنانی سەربازییان رادەستی هێزەکانی عێراق کردەوە، کە پێشترسەربازانی ئامادەدەکرد بۆ شەڕ دژبە "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).
بەرپرسان وتیان رادەستکردنەوەی بنکەی بەسمایە لە 25 تەمموز، کە دەکەوێتە نزیکەی 60 کیلۆمەتر باشوری بەغدا، بەواتای ئەوە دێت کە ئەو ئەفسەرە عێراقیانەی لەلایەن شارەزایانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە راهێنانیان پێکراوە ئێستا خۆیان راهێنان بە سوپای عێراق و ئهندامانی پۆلیس دەکەن.
وتیشیان ئەمە ههوڵهكانی بونیادنانی توانای هێزاكانی عێراق مسۆگهردهكات.
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لیوا تەحسین خەفاجی وتی رادەستکردنەوەکە "هەنگاوێکی ئەرێنییە کە دەریدەخات سەربازانمان پێشکەوتنێکی زۆر باشیان بەدەستهێناوە، سوپاس بۆ هاوبەشیمان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان".
بە دیارونای وت نزیکەی 50,000 ئهندامی سوپای عێراق و پۆلیسی فیدڕاڵی و پاسەوانانی سنوور لە بەسمایە لە چەند ساڵی رابردوودا مەشق و راهێنانیان وەرگرتووە.
وتی هاوبەشەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنکەکە ئەو ئەرکەیان بهجێگهیاندووه کە پێیانسپێردرابوو، ئێستا "بەرپرسیارێتی راهێنەرە عێراقییەکانە تا سەرپەرشتی هەوڵەکان بکەن بۆ باشتركردنی تواناكانی ئەو سەربازانەی کە ماون".
خەفاجی وتی: "کارەکەمان لەگەڵ هاوپەیماناندا کۆتایی نایەت" و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە هەماهەنگییەکە لە شەڕی دژ بە تیرۆریزمدا بەردەوامدەبێت.
پێگهكانی دیکەی هاوپەیمانان "لە داهاتوویەکی نزیکدا" رادەستی عێراقییەکان دەکرێنەوە.
بەسمایە فراوانکراوە و پڕکراوە لە کەرەستە
خەفاجی ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە هێزە ئیسپانی و پورتوگالییەکان رۆڵێکی سەرەکییان بینیووە لە ئەنجامدانی خولهكانی راهێناندا لە بنکەی بەسمایە.
وتی بنکەکەیان فراوانکردووە بە "دروستکردنی پۆل و بازگە و نیشانەی تەقەلێکردن و چەند شوێنێکی راهێنان بە گوژمەی 4 ملیۆن دۆلار".
بەسمایە حەوتەمین بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە کە لەمساڵدا رادەستی هێزەکانی عێراق بکرێتهوه، لەکاتێکدا هێزەکان زۆر سەربەخۆبوون لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنه سەربازییهكاندا لەدژی داعش.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی هاوپەیمانان، حکومەتی ئەمریکا بە بڕی 1 ملیۆن دۆلار بەشداربووە لە دابینکردنی وزە لە بنکەی بەسمایە و کەرەستە و پێداویستیی پاراستنیش.
بەیاننامەکە رایگەیاند کە بەگوێرەی جێگری فەرماندەی هاوپەیمانان بۆ کاروباری ستراتیژی، لیوا جێراڵد ستریکلاند، رادەستکردنەوەی بەسمایە "بەشێکە لە هاوبەشیی نێوان هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی".
وتی ئەو هێزانەی عێراق کە لە بەسمایە راهێنانیان پێکراوە "سێ ساڵ پێش ئێستا رۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە ئازادکردنی موسڵدا" و وتیشی بنکەکە "وەک نمونەیەکی پڕشنگداری توانای سەربازیی عێراق دەردەکەوێت".
ستریکلاند وتی هاوپەیمانییەکە پشتیوانیی بەرەوپێشچوونی بنکەکەی کردووە، ئەمەش وایکردووە سوپای عێراق هێزێک ئامادەبکات کە توانای بنبڕکردنی پاشماوەکانی داعشی هەبێت.
لە هەمان بەیاننامەدا، نوێنەری باڵای نەتەوەیی ئیسپانیا لە هاوپەیمانی نێودهوڵهتیدا، عەقید لیۆپۆلدۆ رامیرێز وتی خولەکانی راهێنانی راهێنەرەکان "زۆر سەرکەوتوو بوون لە بونیادنانی داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ بەرنامەکانی راهێنان لهلایهن عێراقییەکانهوه".
وتی زیاتر لە 5,000 سەربازی ئیسپانی لە 12 خولدا لە بەسمایە خزمەتیانکردووە.
وتیشی: "زۆر شانازی بە هاوبەشە عێراقییەکانیانەوە دەکەن کە کۆنتڕۆڵی تەواوەتییان گرتۆتەدەست و توانایان هەیە سەربەخۆیانە کاربکەن بۆ هێنانەدی عێراقێکی ئەمین و سەقامگیر لە داهاتوودا."
'ئاماژهیهكی روون به بەرەوپێشچوون'
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی ئەمنی و بەرگری، بەدر زیادی، وتی هێزەکانی عێراق ئامادەن کۆنتڕۆڵی بەسمایە بگرنەدەست و لە توانایاندایە سەربەخۆیانە خولی راهێنان ئەنجامبدەن.
بە دیارونای وت چەندین ئەفسەر و سەربازی لێهاتووی عێراق راهێنانیان لە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە لە بەسمایە وەرگرتووە.
وتی رادەستکردنەوەی بنکەکە "ئاماژهیهكی روونه بهو بەرەوپێشچوونهی لە بونیاد و توانای هێزەکانماندا بەدەستهاتووە" و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە هێزەکانی عێراق ئێستا ئامادەن بۆ گرتنەدەستی بەرپرسیارێتییەكانی ئەمنییهت و ئاوەدانکردنەوه.
شارەزایهكی بواری هەواڵگری، فازڵ ئەبو رەغیف بە دیارونای وت هێزەکانی هاوپەیمانان لە دوو بنکەدا دەمێننەوە: کەمپی عەین ئەسەد لە ئەنبار و کەمپی هەریر لە هەولێر.
وتی بەیارمەتیی هاوپەیمانان، هێزەکانی عێراق لێهاتووییەکی گرنگیان بەدەستهێناوە لە شەڕی کۆڵانەوکۆڵاندا و ئەنجامدانی هەڵمەتی گواستنەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ چەکی سووک و قورسدا، لەگەڵ دابینکردنی فریاگوزاری سەرەتایی بۆ برینداران.
وتیشی ئەو لێهاتووییە سەربازیانە "فاكتهرێكی سهرهكیین لهو بەرەوپێشچوونەدا كه ئێستا بهدهستهاتووه لەدژی دوژمن و ئەو ئەنجامە ئەرێنیانەی رێخۆشدهكهن بۆ وێرانکردنی سەرچاوە و تواناکانیان لە بەدەستهێنانەوەی شوێنپێیهك.