لە ئۆپەراسیۆنێکدا لەلایەن هێزەکانی عێراقهوه بەپشتیوانی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان، سێ چەکداری رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کوژران، لە خۆرئاوای پارێزگای سەلاحەدین، بەرپرسێکی سەربازی عێراق دووشەممە (10 ئاب) وتی.
لە دوو رۆژی رابردوودا، هێزەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەلاحەدین بەهەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و هێزە زەمینیەکان هەڵیانکوتایە سەر پێگه مەترسیدارەکانی داعش له باکوری وادی سەرسار، خۆرئاوای پارێزگای سەلاحەدین.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سەلاحەدین، لیوا عەبدولموحسین عەباسی وتی یەکەکانی لیوای 91ی پیادە، فەوجی ئامادەی فیرقەی 9ی سوپا، یەکەی کتوپڕی فەرماندەیی پۆلیس، یەکەکانی سوات و تاکتیکیش بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کرد.
ناوچە بەئامانجکراوهكه ناوچەیەکی دوورەدەستە و دەکەوێتە نێوان قەزای شەرگات و حەزەرهوه، کە زۆر تونێلی سروشتیی لێیە و لەلایەن تووندڕەوانەوە وەك حەشارگە بەکاردەهێنرێن.
عەباسی وتی: "هێزی ئاسمانی عێراق و هێزی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پشتیوانی یەکەکانمانیان کرد بە ئەنجامدانی هێرشی ورد بۆسەر تونێل و ئەشکەوتەکان کە چەکداران لێیان گرددهبنەوە."
وتی: "سێ تیرۆریست کوژران لە هێرشێکدا بۆسەر تونێلێکی گەورە." وتیشی هێزەکە حەشارگەکانی دیکەیان بەبێ پشتیوانی ئاسمانی تێکشکاند.
ههروهها وتی لانیکەم 10 تونێل و شوێنی حەوانەوە لەو ئۆپەراسیۆنەدا تێکشکێنران.
عەباسی وتی چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازی دیکە لە سەلاحەدین ئهنجامدراون، کە دواترینیان ئەوکاتە بوو کە پێگهكانی تووندڕەوان لە جسر بەککە لە وادی سەرسار بەئامانجکران و حەوت چەکدار کوژران.
توانا لاوازبووهکانی داعش
عەباسی وتی پاشماوەکانی داعش کە دزەدەکەنە نێو عێراقەوە لەڕێی سنووری سوریاوە یان ئەوانەی لەڕێی بیابانی خۆرائاواوە دێن، ناوچەی وادی بەکاردەهێنن لەگەڵ جەزیرەی خۆرئاوای پارێزگای سەلاحەدین وەك شوێنی بهیهكگهیشتنیان.
وتیشی لەوێوە، بڵاودەبنەوە بە ناوچەکانی باکور و خۆرهەڵاتی عێراقدا، وەك چیاکانی مەخمور و مەکحول و بیابانی حەزەر.
وتی بەڵام ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە چڕوپڕەکان بەشێوەیەکی بەرچاو توانای جوڵەی چەکدارانیان سنووردارکردووە و هێڵەکانی گواستنەوە و پشتیوانییان لێبڕیون.
وتیشی: "هەمیشە بەدوایاندا دەچین و درك بە جوڵە و بزاوتیان دەکەین بە درۆن و چادێری ئاسمانی کە رووماڵی ماوە ماوە و چڕوپڕی ئەو ناوچانە دەکەن کە گومانی بوونی تیرۆریستانیان لێدەکرێت."