سێ موشەکی کاتیوشا هاوێژران بۆ بنکەی تاجی له باکوری بەغدا، شەوی دووشەممە (27 تەمموز)، کەمێك دوای ئەوەش دوو تەقینەوە لە کەمپێكی سەربازی لە پارێزگای سەلاحەدین روویدا.
هەردوو پێگە سەربازییەکە هێزە ئەمریکیەکانی هاوپەیمانی نێودهوڵهتی لهخۆدهگرن.
وەزارەتی بەرگری رایگەیاند كه یەکەم موشەك کە بنکەی تاجی کردە ئامانج، کەوتە سریەی 15ی هێزە ئاسمانیەکانی عێراق و زیانی ماددی "گەورە"ی گهیاند به فڕۆکەیەکی جەنگی.
موشەکی دووەم کەوتە کارگەیەکی تۆپخانە و چەکەوە و بووە هۆی زیانی ماددی، لەکاتێکدا موشەکی سێیەم بێ تەقینەوە کەوتە سریەی 2ی هێزی ئاسمانییەوە.
بهیاننامهكه، کە باسی لە هیچ قوربانیەك نەکرد، رایگەیاند كه موشەکەکان لە ناوچەی سەبع بوری نزیك بە بنکەی تاجیەوە هەڵدراون.
راشیگەیاند كه هێزە ئەمنیەکان "بەردەوامدەبن لە کارکردن بۆ شوێنپێهەڵگرتنی ئەوانەی تێوەگلاون لەم هێرشانە و رادەستکردنیان بە دادگا".
هێرشەکەی دووشەممە دوایین هێرشە لە زنجیرەیەك هێرشی موشەکی کە بەرژەوەندییە بیانیەکانیان لە عێراق کردۆتە ئامانج و زۆرێك له میلیشیاکانی سەربە ئێران تۆمەتباردەکەن کە لە وڵاتەكهدا چالاكن.
چەند کاتژمێرێك دوای هێرشەکان بۆسەر بنکەی تاجی، دوو تەقینەوە لە بنکەی هێزی ئاسمانی شەهید ماجید تەمیمی (پێشتر بنکەی سپایکەر) لە پارێزگای سەلاحەدین روویاندا، کە هێزەکانی ئەمریکایان لەخۆگرتووە.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگری تیمەکانی بەرگری شارستانی ئەو ئاگرەیان کوژاندەوە کە لە تەقینەوەکان دروستبوون بەڵام هیچ قوربانیەکی مرۆیی لێنەکەوتەوە.
رۆژی هەینی، چوار موشەکی کاتیوشا کەوتنە بنکەی سەربازی بەسمایاوە، لە باشوری بەغدا، کە بوونە هۆی زیان بۆ جبەخانەیەکی پارێزراو و بنکەی فەوجێکی پاراستن، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی مرۆییان لێبکەوێتەوە.
هێرش بۆسەر بنکەکە رۆژێك پێش رادەستکردنی هات بە هێزەکانی عێراق، بەگوێرەی خشتەیەکی کاتی لەنێوان حکومەتی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا.
بەسمایا حەوتەم بنکەی سەربازییە کە لە 17 ئازارەوە لەلایەن هاوپەیمانانەوە رادەستکراوە.
'پێشێلکردنی سەروەریی عێراق'
پسپۆڕی ئەمنی ماجد قەیسی بە دیارونای وت ئەم هێرشانە "ئاستەنگێکی ئەمنی گەورەن و حکومەت دەبێت کۆتاییان پێبهێنێت".
وتی دهستدرێژیی میلیشیاکان بۆسهر یاساکانی عێراق "ناکرێت فەرامۆشبکرێت" و "دەبێت بڕیاری بوێرانە بدرێت بۆ لێدانیان و پاراستنی نیزامی گشتی و ژیان و موڵکی هاوڵاتیان".
وتی ئاسایشی ئهركه دبلۆماتی و سەربازییە بیانیەکان "بەرپرسیارێتی حکومەتی [عێراق]ە بەگوێرەی یاسا".
قەیسی وتی هەڕەشەکردن لەم دەزگایانە مانای "پێشێلکاریی سەروەری نیشتمانی و زیاندانە لە بەرژەوەندیەکانی عێراق".
وتی میلیشیاکانی عێراق وهك "ئامرازی ناوخۆیی" خزمهتدهكهن به رژێمی ئێران کە هەوڵی زیاندان لە عێراق دەدات لەڕووی سیاسی و ئابورییەوە بە دابڕینی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
وتیشی دەیانەوێت عێراق بکەنە شانۆیەکی دیکەی پێکدادان، بۆ دورخستنەوەی وەبەرهێنانی بیانی.
قەیسی وتی هێرشەکان بۆسەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا فشاری زیاتر دەخەنە سەر سەرەکوەزیران مستەفا کازمی کە ئامادەکاری دەکات تا بەمزوانە سەردانی ئەمریکا بکات بۆ بەستنی خولێکی دیکە لە گفتوگۆكانی ئاستی باڵا دەربارەی هاوبەشیی ستراتیژی لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
وتیشی حکومەت توانای کۆتاییهێنانی بە چالاکیەکانی میلیشیا چەکدارەکان هەیە، چونکە "پشتیوانی بەهێزی جەماوەریی هەیە بۆ هەر جوڵەیەکی لەمبارەیەوە".
خۆپیشاندانەکان سهرههڵدهدهنهوه
سەرچاوە تەندروستی و ئەمنیەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسیان وت هاوکات خۆپیشاندەرێکی عێراقی سێشەممە كوژرا دوای ئەوەی بە بۆمبی فرمێسکڕێژ لێیدرا لەکاتی پێکدادانی شەوانەدا لەگەڵ پۆلیس لە پایتەخت.
پێکدادانەکان چەند کاتژمێرێك هاتن دوای ئەوەی کازمی بە هێزە ئەمنیەکانی وت "یەك فیشەك نەتەقێنن" دژی خۆپیشاندەران، دوای مەرگی دوو خۆپیشاندەری دیکە لە بەیانی دووشەممەدا لە بەغدا.
بەڵام ئێوارەی دووشەممە، پێکدادانەکان لە کەمپی سەرەکی دژە حکومەتی مەیدانی تەحریر لە پایتەخت دووبارە دەستیانپێکردەوە.
ئێوارەی دووشەممە کازمی وتارێکی تەلەفزیۆنی دانسقەی دا و وتی عێراقیەکان "مافی رەوا"ی خۆپیشاندانیان هەیە.
کازمی هۆشداریی دا: "هێزە ئەمنیەکان رێیان پێنەدراوە بۆ تەقاندنی یەك فیشەك دژی براکانمان، خۆپیشاندەران."
وتی: "لێکۆڵینەوەمان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی دوێنێ لە مەیدانی تەحریر روویدا و داوامکردووە ئەنجامەکان لەماوەی 72 کاتژمیردا ئامادەبن."
خۆپیشاندانەکان شەوی یەکشەممە لە بەغدا و چەندین شاری دیکەی باشور دەستیانپێکرد و تووڕەییان دەربڕی دژی خراپی خزمەتگوزاری گشتی لەکاتێکدا پلەی گەرما گەیشتۆتە سەروو 50 پلەی سهددی و داخوازی لەسەر فێنككهرهوه زیادکردووە و فشاری زۆری خستۆتە سەر تۆڕەکانی کارەبا.
کوژرانەکان دەکرێت هەڕەشە بن بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی جوڵەی خۆپیشاندان دژی گەندەڵی حکومەت و بێتوانایی، کە لە تەواوی بەغدا و باشوری عێراقدا سهیانههڵدا لە تشرینی یەکەمدا.
خۆپیشاندەرانی عێراق سەرکۆنەی نفوزی ئێرانیشیان کرد لە وڵاتەکەیاندا لەگەڵ بوونی میلیشیا عێراقیەکانی پشتیوانیکراو لەلایەن سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە.