سەرباری چالاکییە بەردەوامەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لەسەر سنووری عێراق، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان هەوڵەکانی سنووربەزاندنی گروپەکەیان کەمکردۆتەوە، شرۆڤەکاران و بەرپرسان بە دیارونایان وت.
ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بوونەتە هۆی دەستگیرکردنی چەکداران و سنووردارکردنی توانایان لە بەزاندنی سنوور. هەرچەندە تائێستا بەتەواوی کۆتاییان نەهێناوە بە هەڵمەتەكانی قاچاخچێتی لهلایهن داعشهوه.
لە 16 تەمموز، ناوەندی سیاسەتی جیهانی رایگەیاند کە تۆڕهكانی پاشماوەکانی داعش هێشتا لەتوانایاندایە کەلوپەل، خهڵك، نەوت، چەک و ماددەی هۆشبەر لە سنوورەکانی سوریاوە بە قاچاخ ببەن، بەمەش رۆژانە زیاتر لە 100,000 دۆلار داهاتیان دەستدەکەوێت.
بەگوێرەی ددانپێدانانەکانی ئەندامە دەستگیرکراوەکانی داعش، پارەکە یارمەتییان دەدات بەئاسانی تێپەڕببن بە سنووری نێوان عێراق و سوریادا.
![فەرماندەکانی سوپای عێراق 14 تەمموز سەردانی خاڵەکانی پشکنین دەکەن لە پارێزگای نەینەوا، هاوسنوور لەگەڵ سوریا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]](/cnmi_di/images/2020/07/28/25098-Iraq-Syria-border-600_384.jpg)
فەرماندەکانی سوپای عێراق 14 تەمموز سەردانی خاڵەکانی پشکنین دەکەن لە پارێزگای نەینەوا، هاوسنوور لەگەڵ سوریا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]
شرۆڤەکاری ئەمنی، سەرمەد بەیاتی بە دیارونای وت چەقی ئەم چالاکییە له ناوچەكانی سنووری عێراق-سوریا-تورکیادا چڕبۆتهوه.
وتی پاشماوەکانی داعش ئەو رێگا گڵانە بۆ قاچاخچێتی نەوت، چەک، ئاژەڵ و ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن کە بەپێی پێویست چاودێری ناکرێن.
بەیاتی وتی لهگهڵ ئهوهشدا ئەو هەڵمەتانە هێنده بەرفراوان نین کە داهاتێکی زۆر بۆ تووندڕەوەکان پەیدابکهن، بە بەراورد بە رابردوو کاتێک چەکدارانی داعش لە توانایاندا بوو بەبێ رێگری بە سنووردا گەشتبکەن و تەواوی سەرچاوەی ئەو شارانەشیان کۆنتڕۆڵکردبوو کە لەژێر دەسەڵاتیاندا بوون.
وتی کۆنتڕۆڵکردنی سنوور پێویستی بە چەندین هەوڵی ئەمنیی چڕ و دانانی کەرەستە و کامێرای چاودێریکردن هەیە، هەروەها پێویستی بە داخستنی کەلێنە ئەمنییەکان و بەهێزکردنی دەروازە سنوورییەکانه بە تەلدڕك و بەربەست.
وتیشی: "لە چەند ساڵی رابردوودا بەرەوپێشچوونێکی گەورەمان بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووینەتە قۆناغی کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی سنوورەکە."
هاوکاریی دانیشتوانی ناوچەکان
داعش پشتیوانی و هاوکاریی دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکانی لەدەستداوە، ئەمەش وایکردووە چەکدارەکانی لە جموجۆڵەکانیاندا وریاتربن بەهۆی ترسی ئاشکرابوونی ئەو تۆڕە قاچاخچیانەی بەکاریاندەهێنن و ترسی لەدەستدانی سەرچاوە داراییەکانیان.
ئەندامێکی لیژنەی پهرلهمانی ئاسایش و بەرگری، بەدر زیادی وتی چەکدارانی داعش لە نێو ترسی هێزە ئەمنییەکان و چاودێریی دانیشتوانی ناوچەکاندا کە هەواڵیان لێدەدەن، ماونەتەوە.
بە دیارونای وت لەڕێی پشتیوانیی دانیشتوانی ناوچەکانهوه، "هێزەکانمان ئێستا لەتوانایاندایە شوێنی هەر چالاکی و جووڵەیەکی سەر سنووری سوریا دیاریبکەن".
وتی لەکاتێکدا هەڵمەتەکانی بەقاچاخبردن بەتەواوی رێگرییان لێنەکراوە، بەڵام لە کەمبوونەوەدان و پاشماوەکانی داعش چیتر ناتوانن بەشێوەیەکی پارێزراوانە چالاکییە نایاساییەکانیان بکەن.
وتیشی ئەوانه لەلایەن ئۆپەراسیۆنه سەربازییەکانەوە کراونەتە ئامانج و بەچڕی بۆردومانی حەشارگە و تونێڵەکانیان لە نزیک سنوور کراوە.
ههروهها وتی: "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و تەواوی هاوبەشەکان بەردەوامن لە پێدانی زانیاری هەواڵگری و هاوکاریکردنمان لە بەئامانجکردنی هێڵی یارمەتیدەرانی داعش و سنووردارکردنی سەرچاوە داراییەکانیاندا."
عێراق لەئێستادا سیستمی چاودێریکردنی زرنگ بەکاردەهێنێت بۆ ئەمینکردنی زۆربەی سنوورەکانی لەگەڵ سوریا. سیستمەکە پێکدێت لە تاوەری چاودێریکردن، خاڵەکانی پشکنین بە کامێرای چاودێرییەوە و تەکنەلۆژیای سێنسۆری دوور، لەگەڵ درۆن (فڕۆکەی بێفڕکەوان)یش.
زیادی وتی هەماهەنگییە سەربازییەکان گرنگن بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچە سنوورییەکە و بڕینی سەرچاوەکانی داعش و داوای بەهێزکردنی هەماهەنگییەکانی کرد لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە لەمبارەیەوە.
داهاتی کەمتر
شارەزایهكی بواری ئەمنی، محەمەد رەزاق روبەیعی وتی ئۆپەراسیۆنە پێشوەختەکان کە لەلایەن هێزە ئەمنییە عێراقییەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە دەستپێکراون، هەوڵەکانی داعش بۆ زیادکردنی داهاتیان لەڕێی هەڵمەتەکانی سەر سنوورەوە لەناودەبەن.
سەرچاوەکانی داهاتی تووندڕەوان وشکبوون و چیتر ناتوانن وەک پێش رووخانی بەناو "خەلافەت"ەکەیان، ملیۆنان دۆلار داهاتیان بێت.
روبەیعی وتی پاشماوەکانی داعش سوودیان لە چەند کەلێنێکی ئەمنیی سەر سنووری سوریا وەرگرتووە تا بە نایاسایی بێنه ناو خاکی عێراقهوه و لە بیابانەکانی خۆرئاوا بەیارمەتی شانە نووستووەکان، خۆیان حەشاربدەن.
جەختیشیکردەوە کە لەگەڵ ئەوەشدا "ئەوانه لاوازن و بەئاسانی دەستگیردەکرێن و تێکدەشکێنرێن".
وتیشی گرنگە فشار بخرێتە سەر گروپە تیرۆریستییەکان کە لە سەر سنووری خۆرئاوا خۆیان حەشاردەدەن تا رێیان لێبگیرێت لە هەبوونی داڵدهیهكی ئارام و پارێزراو.
تهنها خودا دهزانێت چی له عێراقدا دهگوزهرێت.
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت