ترسی دەرکەوتنەوەی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) تائێستا لە عێراق نەهاتۆتە ئاراوە، ئەمەش رێگەی خۆشکرد بۆ کەمکردنەوەی زیاتری هێزەکانی هاوپەیمانان. فەرماندەیەکی ئەمریکا چوارشەممە (22 تەمموز) وتی.
جێگری فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان، لیوا کێنێس ئێکمان بە رۆژنامەوانانی وت هەرچەندە رەنگە داعش هەرگیز بنهبڕنەکرێت، گروپەکە بەشێوەیەکی بەرچاو لاوازبووە لەو شوێنانەی چەند ساڵێک پێش ئێستا لە سوریا و عێراق کۆنتڕۆڵی کردبوون.
ئێکمان لە بەغداوە وتی: "دوای ئەوە، ئەوەی لەسەر ئێمەیە کەمکردنەوەی شوێنپێی خۆمانە لە عێراق."
وتیشی: "پێموایە بەپێی کات، ئەوەی دەیبینین کەمکردنەوەیەکی هێواشی هێزەکانی ئەمریکایە."
لەئێستادا نزیکەی 5,200 سەربازی ئەمریکی لە عێراق هەن.
پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە پەشێوییەکی پێوەدیارە لەدوای زنجیرەیهك هێرش بۆسەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە عێراق لە کۆتاییەکانی 2009وە کە واشنتۆن لۆمهی ئێران یان هاوپەیمانییە چەکدارەکانی لە عێراق كردووه لهسهر ئهنجامدانیان.
ئێکمان وتی هێمایەکی روونی کەمبوونەوەی مەترسییەکانی داعش ناتوانایی گروپەکە بوو لە هێشتهنهوهی خاك لهژێردهستیدا و چالاکیەکانیشی کەمبوونهتەوە بۆ "ئاستێکی کەمی یاخیبوون به خۆشاردنهوه لە ناوچە گوندنشینەکان و... له ئەشکەوتەکاندا".
داعش چەند ناوچەیەکی گەورەی لە سوریا و عێراقی دراوسێی لە 2014 داگیرکرد، بەڵام چەند هەڵمەتێکی سەربازی لە دژی دواجار بوونەهۆی كهمبوونهوهی ناوچەکانی ژێردەستی.
ئێکمان وتی ئامانجەکە ئێستا بریتییە لە فشارخستنە سەر داعش و بەردەوامبوون لە بەهێزکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
وتیشی چەند بنکەیەکی سەربازی رادەستی هێزەکانی عێراق کراونەتەوە و کەمپێکی راهێنانی گەورەش لە نزیک بەغدا شەممە رادەستیاندەکرێتەوە.