هه‌واڵه‌كانی عێراق
خۆپیشاندان

خۆپیشاندانه‌ نوێكان لە ئێران ئاماژەن بە ناڕەزایی بەرفراوان دژی رژێم

سەلام تایمز و ئاژانسی فرانس پرێس

وێنەیەك کە لە 20 تەمموز لەسەر تەلەگرام بڵاوکراوەتەوە کرێکارانی ئێران نیشاندەدات کە لە سوسە مانیانگرتووە. [فایل]

وێنەیەك کە لە 20 تەمموز لەسەر تەلەگرام بڵاوکراوەتەوە کرێکارانی ئێران نیشاندەدات کە لە سوسە مانیانگرتووە. [فایل]

تاران -- خۆپیشاندەران بەردەوامن لە دەرکەوتن لە چەندین بەشی ئێراندا لەکاتێکدا ناڕەزایی هاوڵاتیان لەدژی حکومەت بەردەوامە لە فراوانبوون و دۆخی ئابوری بەردەوامە لە سەرەولێژبوون.

پۆلیسی ئێران دووشەممە (20 تەمموز) رایگەیاند خەڵکیان دەستگیرکردووە کە لەپشت ئەو خۆپیشاندانانەوە بوون کە هەفتەی رابردوو دەرکەوتن لە باشوری خۆرئاوای وڵاتەکە، لەکاتێكدا سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران رایگەیاند ژمارەیەك "ئاژاوەگێڕ"ی دەستگیرکردووە کە داوای خۆپیشاندانیان کردووە لە مەشهەد.

پۆلیسی ئێران هەینی (17 تەمموز) رایگەیاند بەزۆر بڵاوەیان بە خۆپیشاندانێك کردووە کە دروشمی "نادروست"یان وتۆتەوە لە پارێزگای خوزەستان لە بەرامبەر دۆخی سەختی ئابوریدا.

بەڕێوبەری پۆلیسی بەهبەهان، عەقید محەمەد عەزیزی لەلایەن ئاژانسی هەواڵی ئیرنای دەوڵەتەوە ئاماژە بە قسەکانی کراوە کە دەڵێت: "دوای بانگەوازێك، ژمارەیەکی کەم لە خەڵکی شاری بەهبەهان كاتژمێر 9 ئێوارەی پێنجشەممە [16 تەمموز] کۆبوونەوە بۆ خۆپیشاندان دژی دۆخی ئابوری."

پیاوێكی ئێرانی رووبەڕووی پۆلیسی دژە ئاژاوەی ئێران دەبێتەوە لەکاتی خۆپیشاندانێكدا لەبەردەم زانکۆی ئەمیر کەبیردا لە تاران، لە 11 کانونی دووەم. [ئاژانسی فرانس پرێس]

پیاوێكی ئێرانی رووبەڕووی پۆلیسی دژە ئاژاوەی ئێران دەبێتەوە لەکاتی خۆپیشاندانێكدا لەبەردەم زانکۆی ئەمیر کەبیردا لە تاران، لە 11 کانونی دووەم. [ئاژانسی فرانس پرێس]

وتی پۆلیس سەرەتا هەوڵیدا قسە لەگەڵ ئاپۆرەی خەڵك بکات، "بەڵام نەك تەنیا بڵاوەیان نەکرد بەڵکو دەستیانکرد بە وتنەوەی دروشمی نەشیاو،" چەمکێك کە زیاتر دەسەڵاتدارانی ئێران بەرکاریدەهێنن بۆ ئاماژەکردن بە دروشمەکانی دژ به‌ سیستمه‌كه‌.

تکای لە ئێرانیەکان کرد کە "کاریگەری دوژمنانی سیستمیان لەسەرنەبێت" کە مەبەستیانە "ئاژاوە لەنێو خەڵکدا دروستبکەن لە دۆخی هەستیاری ئێستادا".

پۆستەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وێنە و ڤیدیۆیان نیشاندا کە دەیان خۆپیشاندەر بەئاشکرا لە شەقامەکانی بەهبەهان گردبوونەتەوە.

بەگوێرەی نێتبلۆکس، ماڵپەڕێك کە چاودێریی داخستنی ئینتەرنێت دەکات، لە خوزەستان ئینتەرنێت بۆ ماوەی سێ كاتژمێر لەکاتی خۆپیشاندانەکەدا سنووردارکرا و داخرا.

فەرامۆشکردنی نیگەرانی ئێرانیەکان

خۆپیشاندانەکان چەند رۆژێك هاتن دوای ئەوەی ئێران سزای مەرگی سه‌پاند بەسەر سێ پیاودا کە پەیوەندییان بە خۆپیشاندانە تووندەکانی تشرینی دووەمی رابردووەوە هەبوو کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی به‌نزینه‌وه‌ دروستبوون.

بەڵام یەکشەممە (19 تەمموز)، رژێم له‌به‌رده‌م فشاری جەماوەریدا كۆڵیدا و ئه‌نجامدانی له‌سێدارەدانه‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی كاتی راگرت.

لەوکاتەوەی بڕیارەکە راگەیەنراوە چەندین داواکاری لەسەر ئینتەرنێت بڵاوبۆتەوە بە هاشتاگی "لەسێدارەمەدە" بۆ وەستاندنی سێدارەکانی وڵاتەکە.

خۆپیشاندانەکان لە تشرینی دووەم دەستیانپێکرد دوای ئەوەی دەسەڵاتداران راستەوخۆ نرخی سوتەمەنییان دووهێندە بەرزکردەوە، کە بەهۆی پەرەسەندنی سەختییە ئابوریەکانەوە لەو وڵاتە دروستبووە کە رووبەڕووی سزا بۆتەوە.

خۆپیشاندانەکان لە چەندین شار هاتنه‌كایه‌وه‌ و تووندوتیژییان لێکەوتەوە پێشئەوەی بگەنە نزیکەی 100 ناوەندی شارنشین لە تەواوی ئێراندا.

بەهۆی ناڕەزایی جەماوەریی بەردەوام و خراپبوونی دۆخی ئابورییەوە، رابەری باڵا ئایەتوڵڵا عەلی خامەنه‌ئی لە کانونی دووەمدا وتارێکی لە تاران پێشکەشکرد بۆ یەکەمجار لە 2012وە لەهەوڵێكدا بۆ هێورکردنەوەی پشێویەکان.

چەند رۆژێك پێشتر، دەیان هەزار ئێرانی چوونە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندەران هاواریاندەکرد، "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" -- وەك ئاماژەیه‌ك بە خامه‌نەئی -- "مەرگ بۆ درۆزنان" و چەندین دروشمی دیکەی دژی رژێم.

لەجیاتی تاووتوێکردنی کێشە سەرەکیەکان کە زیان لە خەڵکی ئێران دەدەن، خامه‌نەئی چەندینجار هەوڵیدا وتارەکەی ئاراستەی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران لیوا قاسم سولیمانی بکات كه‌ لە بەغدا لە 3 کانونی دووەم كوژرا.

هەوڵەکانی خامنەئی بۆ بەدەستهێنانەوەی پشتیوانی، زۆر له‌ ئێرانیانی هێندەی تر تووڕەکرد.

ئابوری لاواز دەبێت و پشێوی بەرفراوان دەبێت

زۆر ئێرانی دەڵێن رژێم لاوازییە ئابورییەکان هێندەی تر خراپ دەکات بۆ خەڵكەکەی بەوەی پشتیوانی له‌ شەڕی بەوەکالەت دەکات لە تەواوی ناوچەکە -- بەتایبەتی لە سوریا و عێراق و یەمەن -- لەجیاتی وەبەرهێنان لە وڵاتەکەی خۆیدا.

ئابوری ئێران لە 2018وە زۆر لاوازبووە، ئەوکاتەی ویلایەتە یەکگرتوەکان لە رێکەوتنێکی گرنگی ئەتۆمی کشایەوە و چەندین سزای بەسەر ئێراندا سەپاند.

پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-19) لاوازییەکانی دۆخی ئابوری ئێرانی پەرەپێداوە بەهۆی داخستنی ئابوری بۆ ماوەیەکی کاتی و کەمبوونەوەی هەناردەکانەوە، کە بوونه‌ته‌ هۆی داکشانی تووندی دراوەکەی و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان.

سەركۆمار حەسەن روحانی شەممە (18 تەمموز) وتی دەکرێت سی و پێنج ملیۆن ئێرانی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبن.

سندوقی نەختی نێودەوڵەتی پێشبینیکرد کە ئابوری ئێران لەمساڵدا لە سەدا 6 بچوکدەبێتەوە.

قائیمقامی تاران پیرۆز حەناچی لە 7 تەمموز بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت کەمیی رێژەی دەنگدەران لەم هەڵبژاردنانەی دواییدا رەنگدانەوەی خراپیەکی بەرفراوانە لە وڵاتەکەدا کە دەمێکە به‌ده‌ست فشاری ئابورییەوە دەنالێنێت و بەمدواییانە زیاتریش بووە بەهۆی خراپ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-19، کە وتی "هەڕەشەیەكه‌ بۆ هەمووان".

وتیشی: "رێژەی ئاماده‌بوونی دەنگدەران لەسەر سندوقەکانی دەنگدان ئاماژەیە بە ئاستی قایلبوونی خەڵك."

رێژەی دەنگدەران تۆمارێکی مێژوویی بوو چونکە کەمتر لە لەسەدا 43 بەشدارییانكرد لە هەڵبژاردنەکانی شوباتدا دوای ئەوەی بە هەزاران کاندیدی چاکسازیخواز رێگرییان لێکرا لە خۆکاندیدکردن لەلایەن ئەنجومەنی پاسەوانانی بەهێزی کۆماری ئیسلامیەوە.

حەناچی هۆشدارییدا كه‌ شەکەتبوونی دەنگدەران "دەکرێت هەڕەشە بێت بۆ هەمووان، نەك تەنیا چاکسازیخوازان یان پارێزگاران".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500