هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

هێزەکانی عێراق شه‌نوكه‌وی تارمییە ده‌كه‌ن دوای هێرشێكی داعش

خالید تائی

عەمید عەلی حامید غەیدان خەزرەجی لە 17 تەمموز لە هێرشێکدا لە تارمییە، باکوری بەغدا، کوژرا کە داعش بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی لەئەستۆگرت. [وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبۆتەوە]

عەمید عەلی حامید غەیدان خەزرەجی لە 17 تەمموز لە هێرشێکدا لە تارمییە، باکوری بەغدا، کوژرا کە داعش بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی لەئەستۆگرت. [وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبۆتەوە]

هێزەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکنینی چڕیان ئەنجامدا لە قەزای تارمییە، باکوری بەغدا، دوای ئەوەی فەرماندەیەکی سوپا هەینی (17 تەمموز) لە هێرشێکدا کوژرا کە "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی لەئەستۆگرت.

عەمید عەلی حەمید غەیدان خەزرەجی، فەرماندەی فیرقەی 6ی پیادەی لیوای 59، لەگەڵ سێ سەربازی تردا کوژرا لە هێرشێکدا بۆ سەر کاروانێکی سەربازی لە قەزاکە.

چەند سەربازێکی دیکەش لە هێرشەکەدا برینداربوون.

داعش بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی هێرشەکەی لەڕێی ئه‌عماقه‌وه‌ راگەیاند، کە ئاژانسی پروپاگەندەی گروپەکەیە.

یەکە سەربازییەکانی عێراق لە 3 تەمموز هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینیان ئەنجامدا بۆ پاشماوەکانی داعش لە قەزای تارمییە، باکوری بەغدا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری]

یەکە سەربازییەکانی عێراق لە 3 تەمموز هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینیان ئەنجامدا بۆ پاشماوەکانی داعش لە قەزای تارمییە، باکوری بەغدا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری]

کەسایەتییەکی دیاری قەزای تارمییە، شێخ موئەیەد خەلیفە بورح محەمەدی وتی: "دەستبەجێ دوای رووداوەکە، هێزە ئەمنییەکان هەڵمەتێکی بەرفراوانیان راگەیاند بۆ دۆزینه‌وه‌ و دەستگیرکردنی ئەنجامدارانی هێرشەکە."

وتی قەدەغەی هاتوچۆش لە قەزاکە راگەیاندراوە، کە ئۆپەراسیۆنەکان لە کێڵگە و باخ و خاکە بەردەڵانەکانیدا ئەنجامدەدرێت.

محەمەدی وتی هێزە ئەمنییەکان 20 گومانلێکراویان دوای هێرشەکە دەستگیرکرد، شەشیان دواتر ئازادکران.

وتی دانیشتوانی ناوچەکە هاوکاریده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ هێزە ئەمنییەکان بە پێدانی زانیاری و ئاسانکردنی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنینەکە.

وتیشی: "هه‌موو خەڵکی تارمییە هەست بە ئازاری کۆچی دوایی عەمید خەزرەجی دەکەن" و ئاماژەی کرد بۆ ئەوەش کە فەرماندە سەربازییەکە بەرپرسیاربووە لە "پاراستنی قەزاکە و بەشداربوون لە دابینکردنی ئەمنیەت و سەقامگیریدا".

هه‌روه‌ها وتی چەند رۆژێک پێش تیرۆرکردنەکەی، خەزرەجی بەشدارییکرد لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی پاککردنەوەدا لە قەزاکە.

محەمەدی وتی ناوبراو "هاوڕێی خەڵکەکە بوو، لە پەیوەندیدا بوو و لێی دەپرسینەوە، بەردەوامیش سەردانی پرسەکانی دەکرد. لەدەستدانی خەزرەجی داخێکی گەورەیە بۆ عێراق، بەتایبەتیش بۆ قەزای تارمییە".

چەند پاشماوەیەکی کەمی داعش لە تارمییە

محەمەدی بە دیارونای وت تەنها چەند پاشماوەیەکی کەمی داعش لە قەزاکە خۆیان شاردۆتەوە و سوودیان لە خاکە بەردەڵان و ناوچە گەورە کشتوکاڵییەکەی بینیووە کە پێکدێت لە 200 کیلۆمەتر دووجا.

وتی هێرشەکە "ئاماژه‌یه‌ك نییه‌ به‌ چالاکییه‌كی گرنگی تیرۆریستی یان ئامادەیی ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی داعش،" بەڵام داوایکرد لایەنی ئەمنی لە تارمییە لە دوای هێرشەکەی هەینیەوە تووندوتۆڵتر بكرێت.

وتیشی: "پێویستە دوو لیوا جێگیربکرێن. یەکێکیان بۆ پاراستنی ده‌روازه‌كانی هاتنەناوەوە و چوونەدەرەوەی تارمییە، دووەمیشیان بۆ گەڕان و پشکنین بەدوای تیرۆریستاندا لە باخ و کێڵگەکانی قەزاکەدا."

هه‌روه‌ها وتی: "پێشنیاری ئەوە دەکەین کە ئەندامانی خێڵەکانی تارمییە رێگەیان پێبدرێت خۆبەخشانە یارمەتی هێزە ئەمنییەکان بدەن بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش."

محەمەدی وتی: "ئامادەین ئەو خۆبەخشانە هەڵببژێرین، بەڵێنیشدەدەین کە ئەوانه‌ هاوکارییەکی زۆری سەربازانمان دەکەن لە ئەرکەکانیاندا بۆ راگرتنی سەقامگیری ناوچەکانمان."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500