هه‌واڵه‌كانی عێراق
خۆپیشاندان

زۆر له‌ چالاکوانی رفێندراوی عێراق هێشتا بێسەروشوێنن

حسێن عوبێدی لە بەغدا

خۆپیشاندەران چەندین دروشم دەڵێنەوە لەکاتێكدا بەلای تابلۆیەکدا تێده‌په‌ڕن کە بره‌وده‌دات به‌ میلیشیای کەتائیب حیزبوڵڵای سەر بە ئێران، لە 17 کانونی دووەم، لەکاتی خۆپیشاندانێكدا لە شاری بەسرەی باشوری عێراق. [حسێن فالح/ئاژانسی فرانس پرێس]

خۆپیشاندەران چەندین دروشم دەڵێنەوە لەکاتێكدا بەلای تابلۆیەکدا تێده‌په‌ڕن کە بره‌وده‌دات به‌ میلیشیای کەتائیب حیزبوڵڵای سەر بە ئێران، لە 17 کانونی دووەم، لەکاتی خۆپیشاندانێكدا لە شاری بەسرەی باشوری عێراق. [حسێن فالح/ئاژانسی فرانس پرێس]

چەند مانگێك دوای رفاندنیان له‌سه‌ر بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا لە بەغدا و باشوری عێراق دژی گەندەڵی حکومەت و نفوزی زیادبووی ئێران، چارەنوسی زیاد لە بیست چالاکوانی عێراق هێشتا نادیارە.

بەڵام هەموو هەینییەك خێزانەکانیان لە مەیدانی تەحریری بەغدا خۆپیشاندان دەکەن بۆ بیرخستنەوەی جەماوەر دەربارەی کارەساتەکەیان و تکاکردن لە حکومەت بۆ دڵنیاییدان لەوەی چارەنوسیان دەردەخرێت و ئەو کەسانەش دەستنیشانده‌كرێن کە تێوەگلاون لە رفاندنیان.

نزیکەی 30 چالاکوان کە رفێندران لە بەغدا، زیقار، بابل، میسان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق هێشتا بێسەروشوێنن، بەگوێرەی بەرپرسێك لە وەزارەتی ناوخۆ کە داوایکرد ناوی نەهێنرێت.

بە دیارونای وت هەموویان لە خۆپیشاندانە جەماوەریەکاندا چالاك بوون و ناسرابوون بە دژایەتییان بۆ میلیشیاکانی عێراقییه‌كانی سەر بە ئێران.

وتی لێکۆڵینەوەکان، کە لەلایەن پۆلیس و دەزگای هەواڵگری عێراقەوە کراون، ئاماژەدەکەن بە تێوەگلانی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی کەتائیب حیزبوڵڵا و حەرەکه‌ت نوجەبا لەم رفاندنانەدا، لەگەڵ ئەو گروپانەی کە هاوپەیمانیانن.

وتی بەداخەوە، هێشتا هیچ ئاماژەیەك نییە بەوەی ئایا رفێندراوان هێشتا لەژیاندان یان کوژراون و وتیشی لە چەند رۆژی داهاتوودا هه‌نگاوی نوێ ده‌نرێن، له‌نێویاندا‌ پشكنینی بنکەكانی ئەو میلیشیانە و پێگه‌ گومانلێكراوه‌كانی دیكه‌.

بەگوێرەی ئەو بەرپرسەی وەزارەت، خوێندکارانی زانکۆ و هەندێك لاوی خوار تەمەنی 20 ساڵ لەنێو ئەوانەدان کە لە بەغدا رفێندران دوای بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا.

وتی چەندین هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ دڵنیاییدان لە چارەنوسیان، کە لەوکاتەوە دەستیپێکرد کە سەرەکوەزیران مستەفا کازمی فەرمانی دا بە دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لە کەیسی هەریەکە لە چالاکوانە بێسەروشوێنەکان.

زۆرێك هێشتا بێسەروشوێنن

لەنێو رفێندراواندا مامۆستای زانکۆ ماجید زەفیری هەیە، کە لە تشرینی دووەم رفێندرا؛ لەگەڵ خۆپیشاندەر و چالاکوان قوتەیبە سودانی؛ هه‌روه‌ها وێنەگری رۆژنامەوانی ئوسامە تەمیمی، کە لە کانونی یەکەم رفێندرا دوای جێهێشتنی مەیدانی تەحریر.

هەروەها لەنێو بێسەروشوێناندا چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ عەبدولمەسیح رۆمیۆ سارکیس هەیە، کە لە سەرەتای ئازاردا رفێندرا؛ نوسەری بەناوبانگی عێراقی مازن لەتیف لە شوبات و هاوڕێکەی تۆفیق تەمیمی کە چەند رۆژێکی کەم دوای ئەو رفێندرا.

چالاکوان ئیبراهیم جەدوه‌ع و پارێزەر عەلی جاسیب كه‌ لە پارێزگای میسان لە باشوری عێراق رفێندرا، ئەوانیش هێشتا بێسەروشوێنن.

کازمی لەکاتی سەردانێكی 17 ئایاردا بۆ نوسینگەی وەزارەتی ناوخۆ لە بەغدا، کە لەگەڵ سەرکردە ئەمنیەکان کۆبووه‌وە، فەرمانیدا بە وەزارەت هەموو هەوڵێك بخاتەگەڕ بۆ دۆزینەوەی چارەنوسی بێسەروشوێنەکان.

سەرکردەیەکی بەناوبانگ لە هاوپەیمانێتی وەتەنیە، حامید موتڵەك وتی: "رفاندنەکان بەشێوەیەکی تایبەت چالاکوانانیان کردۆتە ئامانج کە داوای دەوڵەتێکی مەدەنی و ئازاد دەکەن بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی."

بە دیاورنای وت ئەوە روونە کە یەك لایەن بەرپرسە لەم رفاندنانە، "كه‌ ئەو میلیشیانەن کە نایانەوێت عێراق سەروەریی هەبێت" و وتیشی کە "بەداخەوە ئەم میلیشیانە دەیانەوێت دەوڵەت بڕفێنن، نەك تەنیا چالاکوانان".

ئەگەری زۆرە میلیشیاکان تۆمەتبار بن

پەرلەمانتارێكی عێراق، باسم خەشان وتی رفاندنی ئەو چالاکوانانەی بەشدارییان لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا دەکرد یەکێكە لە گرنگترین کێشەکان و حکومەت دەبێت هەر زانیاریەکی دەستکەوتووە دەربارەی چارەنوسی ئەو لاوانە و رفێنەرانیان، بیخاتەڕوو.

بە دیارونای وت ئەگەری زۆرە لایەنە چەکدارەکان تێوەگلابن لە رفاندنیان، "لەبەرئەوەی خۆپیشاندانەکان نیگەرانی کردن و هەڕەشەی گۆڕانکاری ئەرێنی لەگەڵدا بوو بۆ عێراق کە دەکرا لە بەرژەوەندی ئەواندا نەبێت".

چالاکوانێكی بەغدا، عەلی فازل بە دیارونای وت ئەوە ئازاربه‌خشه‌ کە هەموو هەینییەك دەبینین خێزانی رفێندراوان دێن بەرەو مەیدانی تەحریر و وێنەی خۆشەویستانیان بەرزدەکەنەوە تا بیری حکومەت و جیهانی بهێننەوە کە هێشتا بێسەروشوێنن.

وتی: "ئەمە سووربوونمان زیاد دەکات لە بەردەوامیدان بە بزاوتەکەمان بۆ داواکردنی هەڵبژاردنی دروست، بەبێ دەستێوەردانی میلیشیاکان و ئەوانەی پشتیوانییان دەکەن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500