هێزەکانی عێراق ئەم مانگە ئۆپەراسیۆنێکی دوو رۆژەیان ئەنجامدا بۆ راوەدوونانی ئەندامانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە قەزای تارمیەی باکوری بەغدا.
هێزەکان کنەوپشکنینی تەواوی قەزاکەیان کرد، کە بهگوێرهی زانیارییهكان ئەندامانی داعش لەوێ خۆیان شاردبووهوە. شهنوكهوكردنهكه خانووهكان و زەوییە کشتوکاڵیەکانی گرتەوە، لەگەڵ پشکنینی بەڵگەنامە و ناسنامەی دانیشتوان.
بەگوێرەی زانیاری فەرمی، ئۆپەراسیۆنەکە بووە هۆی دەستگیرکردنی دوو کەسی داواکراو و دۆزینەوە و تێکشکاندنی پێنج شوێنی ئهمینی داعش و بنکەیەکی سەربازی ژێرزەمینی. بنکەکە بەکاردەهێنرا بۆ راهێنان و حەواندنەوەی چەکدارەکان.
دەستیشگیرا بەسەر چەندین چەك و تەقەمەنیدا.
بەپشتیوانی هێزی ئاسمانی عێراق، ئۆپەراسیۆنەکە لە 2 و 3 تەمموز ئەنجامدرا، وەك هەوڵێکی هاوبەش لەلایەن یەکەکانی 6 و 11 و 17ی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا و هێزەکانی بهرپهچدانهوهی خێرا، پۆلیسی فیدراڵی و هێزەکانی حەشدی خێڵەکی.
شێخ موئەیەد خەلیفە بورع محەمەدی، کەسایەتیەکی بەناوبانگی قەزای تارمیە و باکوی بەغدا، بە دیارونای وت ئۆپەراسیۆنەکە بەگوێرەی زانیاری هەواڵگری ورد ئەنجامدرا و ئاکامی گرنگی بەدەستهێنا.
محەمەدی ئۆپەراسیۆنەکەی لهقهڵهمدا بە "وەڵامێکی تووند بۆ هێرشێکی تیرۆریستی له کۆتایی حوزەیراندا بۆسەر هێزە ئەمنیەکانی سوپای عێراق، کە سێ کەسیان لە هێرشەکەدا کوژران".
ئاسایشی تارمیە باشتردەبێت
قەزای تارمیە، كه خاڵی چوونەناوەوەی باکوری بەغدایه، بەنێو 100,000 ئهیكهر زەویدا درێژدەبێتەوە و 90,000 دانیشتوانی هەیە. (یهك ئهیكهر = 4046.86 مهتر دووجا). بهگوێرهی راپۆرتهكان نزیکەی 100 چەکداری داعش لەو قەزایە خۆیان شاردۆتەوە.
محەمەدی وتی: "دۆخی ئەمنی لە تارمیە بەشێوەیەکی بەرچاو باشتر بووە لە چەند ساڵی رابردوودا لە ئەنجامی هەوڵە سەربازی و هەواڵگرییەکاندا کە جووڵە و چالاکی تیرۆریستانیان بەڕادەی لهسهدا 90 کەمکردۆتەوە."
سەرەڕای هەنگاوەکان بۆ باشترکردنی ئاسایش، دیاریکردنی شوێنی تیرۆریستان لە ناوچەکە زۆر ئاڵۆزتر بووە، لەبەرئەوەی خۆیان لە ئەشکەوتەکاندا یان له دارودرهخته چڕەکاندا دەشارنەوە. محەمەدی وتی ئەوەی یارمەتیدەرە ئەو یارمەتیەیە کە دانیشتوانی ناوچەکە بە زانیاری و پشتیوانی لۆجستی بەخشیویانە.
قەزاکە لەئێستادا بۆ چەکدارەکان بە ئامانجێکی ستراتیژی دادەنرێت بەهۆی رووبەری بەرفراوان و سروشتی کشتوکاڵی و رێچکەی چوونە ناو سێ پارێزگاوە: سەلاحەدین و دیالە و ئەنبار.
پسپۆڕی هەواڵگری فازل ئەبوڕەغیف بە دیارونای وت چەکدارانی داعش بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ دروستکردنی کەشێکی لەبار بۆ راکێشانی ئەندامانی نوێ و ئامانجیان هەڕەشەکردنە لە ئاسایشی بەغدا.
ئەبوڕەغیف وتی لە نیسانەوە، هێزە هەواڵگرییەکان چەندین شانەی تیرۆریستییان هەڵوەشاندۆتەوە لە ناوچەکانی دەوروبەری بەغدا، بەتایبەتی لە تارمیە.
لە 7 تەمموز، هێزێكی ئەرکداری هاوبەشی سوپا و هەواڵگری توانیان ئەبو ئەنەس عوبێدی لەناوبەرن، کە فەرماندەیەکی داعش بوو لە ناوچەی ئەزری له تارمیە.
پاراستنی 'پشتێنەی بەغدا'
شیکاروانی ئەمنی سەفا ئەعسەم وتی: "چەکدارانی داعش هێندەی جاران بەهێز نەماون و چیتر ناتوانن بەئاسانی چالاکی بكهن و هەڵبێن."
ئەعسەم بە دیارونای وت ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان وپشكنین بەردەوامدەبن لە ناوچە گرنگەکانی نزیك بە پایتەخت، کە ناسراون بە پشتێنەی بەغدا.
وتی ئەندامانی داعش هێشتا بەهیوان جێپێیەکیان هەبێت لەم ناوچانە تا بتوانن دەستیان بە بەغدا رابگات. سەرەڕای توانای سنوورداریان بۆ چالاکی، هەوڵدەدەن هەر لاوازییەك لە ئاسایشدا بقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشە بچوكەکانیان بەهیوای سەرنجڕاکێشانی میدیا و برەودان بە ئایدۆلۆژیا تووندڕەوەکەیان.
ئەعسەم وتی داعش بەتەواوی بنەبڕنەکراوە و هەندێك لە شانەکانیان گوماندەکرێت هێشتا لە باکوری بەغدا بن و چالاك بن.
داوای سوودبینینی کرد لە پشتیوانی خەڵکی ناوچەکە و خێڵەکان تا یارمەتیدەر بن لە "دۆزینەوەی حەشارگەکانی داعش، کەناڵەکانی پەیوەندیگرتن و هێڵەکانی گەیاندنی شمهك پێیان".