میلیشیای حەشدی شەبەکی ههواداری ئێران بەردەوامە لە بێزارکردنی دانیشتوانی دەشتی نەینەوا بەمەبەستی پتهوكردنی کاریگەریی خۆی لە ناوچەکە، رۆژنامەوان و شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی، زیاد شەنگالی سێشەممە (14 تەمموز) وتی.
شەنگالی بە دیارونای وت میلیشیاکە، بە سەرپەرشتی فەرماندەی لیوای 30، وەعد قەدۆ (ئەبو جەعفەر شەبەکی) چاوی لە کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە دەشتاییە ستراتیژییەکانی نەینەوایە -- کە دەکەوێتە سەر ئەو رێگەیەی بەرەو سنووری عێراق-سوریا دەڕوات -- بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای ئێران.
ناوبراو، کە خۆی خەڵکی نەینەوایە، وتی ئەمە لەڕێی گۆڕانی دیمۆگرافییەوە دەکات.
حەشدی شەبەک، کە بارەگاکەیان لە پارێزگای نەینەوایە، سەر بە لیوای 30ی حەشدی شەعبین.
یەکشەممە، نوسینگەی سەرەکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی سهركۆنهی کردەوەی "گروپە چەکدارەکان"ی کرد لە دەشتاییەکانی نەینەوا و رایگەیاند کە ئەوانه رێگریدهكهن لە خێزانه ئاوارهكان تا بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، کە پێشتر بۆ هەرێمی کوردستان هەڵهاتوون.
وتی گروپە چەکدارەکان "زیندانیان دروستکردووە، دەستیانگرتووە بەسەر زەویهكانی دانیشتواندا و ماڵ و کەلوپەلەکانیان ئاگرتێبەرداوە".
گۆڕانی بەزۆری دیمۆگرافی
شەنگالی وتی چەکدارانی میلیشیاکە "گوشار دەخەنە سەر دانیشتوانە ئاوارەکانی دەشتی نەینەوا بۆ مانەوەیان لە کەمپەکاندا، بە هەڕەشەی دەستگیرکردنیان ئەگەر بڕیاربدەن بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان".
وتی ئەوانەی دەگەڕێنەوە بەشێوەیەکی بەرچاو هەوڵی ترس و تۆقاندنیان دەدرێت لەلایەن ئەندامانی میلیشیا چەکدارەکانهوه.
وتیشی ئاوارهكان رێیان پێنادرێت موڵک و ماڵەکانیان دروستبکەنەوە ئهگهر پارە نەدەن بە میلیشیاکە، هەرچەندە بەڵگەنامەی فەرمی و رێپێدانیان هەیە کە دەریدەخەن ئەوان خاوەنی ئەو موڵکانەن.
شەنگالی وتی: "ئەمە بۆ بەڵێندەر و خاوەن پڕۆژە بازرگانی و بەرهەمهێنەرەکانیش راستە؛ هەمووان دەبێت پارە بدەن، ئهگهرنا میلیشاکان ئازاریاندەدەن."
وتی چەکدارانی حەشدی شەبەک هێشتا کۆنتڕۆڵیان بەسەر ئەو رێگە بازرگانییەدا هەیە کە لە هەولێرەوە بەرەو ناوچەکانی خۆرئاوای نەینەوا دەڕوات، وەک تەلەعفەر و شەنگال. هەروەها پارە لەو شۆفێری بارهەڵگرانە دەستێنن کە بەو رێگەیەدا تێدەپەڕن.
وتیشی میلیشیاکە لەڕێی دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەنی و سەپاندنی سیاسهتهكانییهوه خۆی قایمتر دەکات کە دواجار دەبێتە هۆی گۆڕانی دیمۆگرافی، وەک هەوڵێک بۆ گۆڕینی فرەنەتەوەیی دەشتاییەکانی نەینەوا.
جێبەجێکردنی ئەجێندای ئێران
وتی وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بەهێزکردنی نفوزی ئێران لە ناوچەکە، میلیشیاکە خوێندنگەیەکی کردۆتەوە بەناوی سەرکردەی باڵای کۆچکردووی ئێرانهوه، روحوڵا خومهینی.
شەنگالی وتی: "میلیشیاکە دەیان ناوەندی دەستگیرکردنی نایاسایی دامهزراندووه کە خەڵك به بههانهی جیاواز دەستگیردەکات" و ئاماژەیکرد بهوەش کە "هیچ کەسێک زاتی ئەوەی نییە لە [ناوەندەکان] نزیکببێتەوە بۆ سۆراغی خزمە دەستگیرکراوەکانیان، لە ترسی دەستگیرکردنی خۆیان".
وتی حەشدی شەبەک فەرمانەکانی راستەوخۆ لە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە وەردەگرێت و پابهندی فهرمانهكانی دەوڵەتی عێراق نابێت.
وتیشی: "بەئاشکرا بڕیاری حکومەتی پێشووی رەتکردۆتەوە بو چۆڵکردنی بنکەکانی و رادەستکردنەوەیان بە سوپای عێراق."
شەنگالی وتی میلیشیاکە بەردەوامە لە خۆسەپاندنی وەک هێزێک کە لە سەرووی یاساوەیه و رێز لە سیستمی دادوەری و دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق ناگرێت.
وتیشی: "ئەمە گروپێکی ترسناکە و حکومەت دەبێت کارێک بکات بۆ رێگریکردن لە چالاکییەکانی کە دهبنه هۆی زیانگەیاندن بە کۆمەڵگە."
لە دەستپێکی ئەمساڵەوە، دانیشتوانی دەشتی نەینەوا خۆپێشاندانیان ئەنجامدا و داوایانکرد میلیشیاکان بکرێنە دەرەوەی ناوچەکە.
دەشتی نەینەوا دەکەوێتە باکور و خۆرهەڵاتی شاری موسڵ و چەندین شارۆچکه لهخۆدهگرێت، كه دیارترینیان بریتین لە بەرتهله، بەعشیقە، تەلکێف، عەباسییە، کەوجەلی، تەلسەقف و شەلالات.