هه‌واڵه‌كانی عێراق
سیاسەت

هێزی پشتیوانی روسیا دەگاتە دێرەزوور

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

فەرماندەی هێزی نیمری سەر بە روسیا/فیرقەی 25، عەمید سوهەیل حەسەن، سەردانی هێزەکانی دەکات لە ناوچەی نێوان رەققە و دێرەزوور. [خاوەنی وێنە: ئاننا]

فەرماندەی هێزی نیمری سەر بە روسیا/فیرقەی 25، عەمید سوهەیل حەسەن، سەردانی هێزەکانی دەکات لە ناوچەی نێوان رەققە و دێرەزوور. [خاوەنی وێنە: ئاننا]

به‌گوێره‌ی چالاکوانێکی ناوچەکە، چەند هێزێکی گەورەی پشتیوانی روسیا و چەند میلیشیایەکی سەر بە رژێم لەم چەند هەفتەیەی دواییدا گەیشتوونەتە شاری دێرەزوور و دەوروبەری و رەققە و دیمەشقیان جێهێشتووە کە پێشتر لێی جێگیربوون.

چالاکوانێكی دێرەزوور، جەمیل عەبد بە دیارونای وت هاوکات، ئامادەیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و ئەو میلیشیانەی هاوپەیمانی ئێرانن لە شاری دێرەزوور کەمدەبێتەوە.

وتی پاسداران و میلیشیا هاوپەیمانەکانی ماوەیەکە ئامادەییان لە شارەکانی مەیادین و شارۆچکەی ستراتیژیی ئەلبوکەمال له‌سەر سنوور، بەهێزدەکەن.

وتی لە چەند هەفتەی رابردوودا بزاوتی سه‌ربازیی گەورەی روسیا بینراوە، له‌وانه‌ چوونەناوەوەی دەیان هێز بەپشتیوانی تانك و زرێپۆشی سەربازی بۆ نێو شاری دێرەزوور و دەوروبەری.

کاروانێك کە ئامێری سەربازی و لۆجستی دەگوێزێتەوە بۆ میلیشیای لیوای قودسی سەر بە رژێم كه‌ له‌لایه‌ن روسیاوه‌ پشتیوانی ده‌كرێت، دەچێتە نێو شاری دێرەزوورەوە. [خاوەنی وێنە: فورات پۆست]

کاروانێك کە ئامێری سەربازی و لۆجستی دەگوێزێتەوە بۆ میلیشیای لیوای قودسی سەر بە رژێم كه‌ له‌لایه‌ن روسیاوه‌ پشتیوانی ده‌كرێت، دەچێتە نێو شاری دێرەزوورەوە. [خاوەنی وێنە: فورات پۆست]

بڵاوکراوەی خۆجێی دێرەزوور 24، لە 7 تەمموز رایگەیاند کە کاروانێکی سەربازیی گەورەی روسیا نزیکەی 30 تانك و 20 پاس و پیکاب لەگەڵ چەکی ئۆتۆماتیکی دژە فڕۆکە هاتوونەتە نێو شاری دێرەزوورەوە لە ناوچە گوندنشینەکانی رەققەوە.

ئەوە چوارەمین کاروانی روسیا بوو لەماوەی هەفتەیەکدا لە ناوچە گوندنشینەکانی رەققە بکشێتەوە.

عەبد وتی گەیشتنی هێزەكانی روسیا و میلیشیا هاوپەیمانەکانیان بۆ ناوچەکە لەکاتێکدا نائامادەیی هێزی پاسداران و میلیشیاکانی هاوپەیمانی ئێران تێبینیدەکرێت.

وتی میلیشیاکانی هاوپەیمانی ئێران کە لەو ناوچەیە چالاكن بریتین له‌ لیوای زەینەبیون و حیزبوڵڵای لوبنانی و هه‌روه‌ها حەیدەریون کە میلیشیا عێراقیەکانی سەر بە ئێرانی وه‌ك کەتائیب حیزبوڵڵا و عەسائیب ئەهل حەق و رێکخراوی بەدریش له‌خۆده‌گرێت.

بارگرژیەکانی نێوان روسیا و میلیشیاکانی هاوپەیمانی ئێران

بارگرژیەکان لە گەڕەکی جەمعیەت رەسافەی دێرەزوور پەرەیانسەند، کە لە کەناری شارەکەیە، ئەوکاتەی ئەندامانی کەتائیب حیزبوڵڵا کە لەوێ جێگیربوون ئەندامانی میلیشیای سەر بە هێزەکانی بەرگری نیشتمانییان دەرکرد، کە میلیشیایەکی سەر بە رژێمە و نزیکە لە هێزەکانی روسیاوە.

عەبد وتی: "گەڕەکەکانی جەمعیەت رەسافە و قوسور له‌ دێرەزوور لەو ناوچە زۆر کەمانەی نێو شارەکەن کە هێشتا لەژێردەستی پاسداراندان."

وتی هێزەکانی روسیا دەیان ئەندامانی میلیشیای لیوای قودسی سەر بە رژێمیشیان گەیاندە دێرەزوور، کە دەستیانکرد بە جێگیربوون لەو ناوچانەی پێشتر لەلایەن ئەو هێزانەوە کۆنترۆڵکرابوون کە سەر بە پاسداران بوون.

عەبد وتی ئەندامانی میلیشیای لیوای قودس ئەرکی پاراستنی کێڵگەی نەوتی وەردیان پێسپێردراوه‌، لە خۆرهەڵاتی دێرەزوور، دوای ئەوەی روسەکان و هێزەکانی هاوپەیمانی روسیا پێشتر لەم مانگەدا لەدەستی هێزەکانی رژێمی سوریای هاوپەیمانی ئێرانیان سەنده‌وه‌.

وتی روسەکان و هێزەکانی هاوپەیمانی روسیا لە چەندین ناوچەی خۆرهەڵاتی بادیەی سوریاش (ناوچەی بیابان) جێگیربوون هەتا دەگاتە بیابانی حومس.

عەبد وتی میلیشیایەکی نوێ پێکهێنراوە بۆ پاراستنی کانەکانی فۆسفات، کە لەلایەن روسیاوە کۆنترۆڵکراون بەگوێرەی چەند گرێبەستێك کە ماوەیان چەند دەیەیەك درێژە.

وتی لە ئاکامی جێگیرکردنی هێزەکانی ئەمدواییەدا، هێزەکانی روسیا توانیویانە بەشێوەیەکی بەهێز بنکەکانی هێزەکانیان و میلیشیا هاوپەیمانەکانیان لە ناوچە گوندنشینەکانی رەققە ببەستنەوە بەوانەی ناوچەی دێرەزوور و بیابانی حومسەوە.

وتیشی: "ئەم هەنگاوە جوڵەی میلیشیاکانی هاوپەیمانی ئێرانی بەشێوەیەکی زۆر سنووردارکردووە."

'نیگەرانی قووڵ' دەربارەی سنوورداركردنی چوونه‌ ناوه‌وه‌

جیا لەوە، یەکێتی ئەوروپا یەکشەممە (12 تەمموز) "نیگەرانی قووڵ"ی دەربڕی لە هەنگاوێکی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ داخستنی دەرچەی کۆمەكی مرۆیی بۆ نێو سوریا.

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان شەممە بڕیارێکی دەرکرد بۆ دەستپێکردنەوەی کۆمەکی سنووربڕ بۆ نێو سوریا -- بەڵام تەنیا دوای ملدان بۆ فشاری روسیا بۆ وەستاندنی لەڕێی دەروازەی سنوریی باب سەلامەوە، کە دەچێتە سەر ناوچەی حەلەب لە باکوری سوریا.

سەرۆکی دبلۆماتکارانی یەکێتی ئەوروپا، جۆزێپ بۆرێڵ و کۆمسیاری بەڕێوەبردنی قەیران، جانێز لێنارکیك وتی رێگەدان بە تەنیا یەك دەروازە بەربەست لەبەردەم گەیاندنی کۆمەكدا دروستدەکات.

بۆرێڵ و لێنارکیك لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وتیان: "جێگەی نیگەرانی قووڵە کە ئەو بڕیاره‌ی دوای چەند ڤیتۆیەکی دووبارەی روسیا و چین درا تەنیا رێگە بە یەك دەروازەی سنووری دەدات لەکاتێکدا پێشتر دوو دەروازە بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان هەبوون."

"ئەم رێچکە نابنیاتنەرانەیەی هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش زیاتر جێی داخە چونکە لەمکاتەدا پێداویستیەکان زیاترن و لە چوارچێوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا."

رێگەدان بە گواستنەوەی بەردەوامی کۆمەك بۆ سوریا، سیستمێك کە لە 2014وە لەکاردایە، شەوی هەینی ماوەی بەسەرچوو دوای ئەوەی مۆسکۆ و پەکین دەسەڵاتی ڤیتۆیان بەکارهێنا و دواتر ئەنجومەنی ئاسایشیش پێشنیازێکی جێگرەوەی روسیای رەتکردەوە.

بە په‌سه‌ندكردنی پێشنیازەکەی ئەڵمانیا-بەلجیکا رۆژی شەممە، دەروازەی سنوریی باب هەوا لە سنووری باکوری خۆرئاوای سوریا لەگەڵ تورکیا بۆ ماوەی ساڵێك کراوە دەبێت، تا 10 تەمموز 2021.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500