هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

سورییەکان نیگەرانن لە هه‌وڵی روسیا بۆ سنووردارکردنی كۆمه‌ك له‌ سنووره‌كانه‌وه‌

ئاژانسی فرانس پرێس

کیژۆڵەیەکی ئاوارەی سوری جۆرە شەربەتێک دەفرۆشێت کە بە جەلەب ناسراوە لە لایەکی جادەی کەمپێکی پارێزگای ئیدلیب لە نزیک دەروازەی سنووری باب هەوا، لە 26 نیسان، لە کاتی رەمەزاندا، بۆ یارمەتیدانی باوکە بریندارەکەی به‌ خەرجیی گوزەرانیان. [عارف وەتاد\ئاژانسی فرانس پرێس]

کیژۆڵەیەکی ئاوارەی سوری جۆرە شەربەتێک دەفرۆشێت کە بە جەلەب ناسراوە لە لایەکی جادەی کەمپێکی پارێزگای ئیدلیب لە نزیک دەروازەی سنووری باب هەوا، لە 26 نیسان، لە کاتی رەمەزاندا، بۆ یارمەتیدانی باوکە بریندارەکەی به‌ خەرجیی گوزەرانیان. [عارف وەتاد\ئاژانسی فرانس پرێس]

ئەو ئاوارە سوریانەی پشت بە هاوکارییەکان دەبەستن پێنجەشەممە (9 تەمموز) نیگەرانیی خۆیان دەربری دوای ئەوەی روسیای هاوپەیمانی رژێم هەوڵیدا هاوکارییە سنوورییەکان لە ملیۆنان کەس کەمبکاتەوە لە باکوری خۆرئاوای وڵاتەکە.

هەوڵەکەی روسیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی پێویستی نەهێنا، بەڵام پڕۆژە بڕیارێکی ئەنجومەنەکە کە رێده‌دات بە گەیاندنی هاوکارییەکان لە سنووری تورکیاوە، هەینی بەسەردەچێت.

لە کەمپێکی ئاوارەکانی پارێزگای ئیدلیب، ئەبو سەلیم، كه‌ باوکی چوار منداڵه‌، وتی ژیانکردن بەبێ هاوکارییەکان مایەی بیرلێکردنەوە نییه‌ بۆ زۆرێک لەوانەی ماڵوحاڵیان لە شەڕەکەدا لەدەستداوە.

سەلیم، کە لەژێر خێوەتێکدا نزیک شارۆچکەی مەعرەت میسرین دەژی، وتی: "بۆچی دەیبڕن؟ خەڵک هەیە پێویستی بە یارمەتییە. ئەوانه‌ ماڵ و هەموو شتێکیان لە دنیادا بەجێهێشتووە بۆئەوەی بێن لەژێر خێمەیەکی پلاستیکیدا بژین، بەبێ ئەوەی تەنانەت پانکەشی تێدابێت."

به‌گوێره‌ی نەتەوە یەکگرتووەکان، به‌ خه‌مڵاندن نزیکەی 2.8 ملیۆن کەس پشت بە هاوکارییەکانی باکوری خۆرئاوای سوریا دەبەستن.

هاوکارییەکە تا ئێستا لەڕێی دوو خاڵی سنووریی تورکیاوە دەهاتن: باب سه‌لام، کە بەرەو ناوچەی حەلەب دەچێت و باب هەوا کە لەسەر ناوچەی ئیدلیبە.

روسیا و چین سێشەممە ڤیتۆیان بەکارهێنا بۆ درێژکردنەوەی یەک ساڵی گەیاندنی كۆمه‌ك.

مۆسکۆ لەجیاتی ئەوە دەیویست یەکەمین خاڵی سنووری لاببات و ئەوەی دووەمیش سنوورداربکات به‌ شەش مانگ، بەڵام پێشنیارەکە دووشەممە دەنگی پێویستی نەهێنا.

ئیبراهیم هوسروم، باوکی دوو کوڕیژگە، وتی ئه‌و دواهەمین ڤیتۆیه‌ی روسیا دوای چەندین ساڵ لە پاڵپشتیكردنی فڕۆکەکانی روسیا لە رژێم، هیچ سەرسامی نەکردووە.

وتی: "روسەکان ئێمەیان لە ماڵەکانمان دەرکرد، بۆردومانیان کردین و کوشتیانین. ئێستا هاتوونەته‌ سەر ئەو بڕە هاوکارییەی وەریدەگرین."

شیرین تادرۆس لە رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی وتی "مه‌حاڵه‌ زیاده‌ڕۆیی بكرێت له‌ گرنگیی دڵنیابوونەوە لەوه‌ی ئه‌و دەروازە سنووریانه‌ی كۆمه‌كی زۆر پێویستیان لێوه‌ دێت بە کراوەیی بمێننه‌وه‌."

وتی: "بۆ ملیۆنان سوری، ئەوە جیاوازییه‌ لەنێوان بوونی خۆراکدا بۆ خواردن یان له‌برساندا مردن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500