هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

شرۆڤەکاران: ڤیدیۆیەکی پڕوپاگەندەی داعش لاوازیی شانەکانی گروپە تیرۆریستییەکە پیشاندەدات

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

چەکدارێکی داعش ئامێری بێدەنگكردن له‌ دەمانچەیەك ده‌به‌ستێت له‌ ئامادەکاریدا بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لە دژی مەدەنییەکان. [سكرینشۆتی ڤیدیۆیەک کە لە ئەپی تەلەگرام بڵاوکراوەتەوە]

چەکدارێکی داعش ئامێری بێدەنگكردن له‌ دەمانچەیەك ده‌به‌ستێت له‌ ئامادەکاریدا بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لە دژی مەدەنییەکان. [سكرینشۆتی ڤیدیۆیەک کە لە ئەپی تەلەگرام بڵاوکراوەتەوە]

لە ڤیدیۆیەکدا کە لە 24 حوزەیران لەسه‌ر ئینته‌رنێت بڵاوکراوەتەوە، "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دەیەوێت هەڕەشە لە كۆمه‌كبه‌خشان بكات لە سوریا، ئەو شوێنەی لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییه‌وه‌ فشاری لەسەرە.

بەگوێرەی شارەزایان و شرۆڤەکارانی گروپە تیرۆریستییەکە، ڤیدیۆکە وەڵامێکه بۆ‌ هەوڵەکانی هەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە دەیانەوێت شانەکانی داعش ئاشکرابکەن و لەناویانبەرن، کە ئەم هێزانە له‌ هەوڵی ئەنجامدانیدان هه‌ر لە تێكشکانی سەربازیی گروپەکەوە.

بە دیارونایان وت ڤیدیۆکە مایەی سەرنجە چونکە راستەوخۆ هەڕەشە لە مەدەنییەکان و یارمەتیدەرانی مەدەنییەکان دەکات و ئەنجامدانیشی ئەو رەتکردنەوە بەفراوانەی داعش و ئامادەییەکەی لەنێو مەدەنییەکاندا دەردەخات.

رۆژنامەوانی سوری، محەمەد عەبدوڵا وتی ڤیدیۆکە، کە لەلایەن بەناو "ویلایەتی شام\بەرەکە" (پارێزگای شام\حەسەکە)ی داعش بڵاوکراوەتەوە، ماوەکەی 12 خولەکە و لەسەر چەند پێگەیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە.

بە دیارونای وت پەیامەکە بەچڕی تەرکیز دەخاتە سەر ترساندنی مەدەنییەکان و ئاگادارکردنەوەیان لە ئاکامی هاوکاریکردن و کارکردن لەگەڵ هەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

وتی ئەمەش لەڕێی مۆنتاژکردنی چەند پارچە ڤیدیۆیەکەوە کراوە کە هێرشەکانی داعش لە دژی ئەو هێزانە، لەگەڵ هێرشەکانی چەکدارانی داعش لە دژی مەدەنییەکان و چەکدارانی هەسەدە لە ناوچەکانی حەسەکە و ره‌ئس عەین و شەدادی و دێرە زوور دەردەخات.

جنێو به‌ داعش ده‌درێت

عەبدوڵا وتی: "ئەوەی ئەمە دەریدەخات، ئەو رەتکردنەوە کۆمەڵایەتییەیە بەرامبەر داعش، کە حوکمی ئەو ناوچانەی بە ئاسن و ئاگر کردووە و ژمارەیەکی زۆری له‌ خەڵکەکەیان کوشتووە."

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە سەرنجی ڤیدیۆکە لەسەر کوشتنی ئەو شەڕڤانانەی هەسەدەیە کە سەر بە خێڵە ناوخۆییەکانن بەهۆی ئەوەی پیاوانی خێڵەکان مەیلیان بۆ چوونە نێو ریزەکانی هەسەدە و هێزەکانی سەر بەوان هەیە.

وتی ڤیدیۆکە دەیەوێت ئەو پیاوە گەنجانە بترسێنێت و وا دیزاینکراوە كه‌ رێگرییان لێبکات لە چوونە نێو ریزەکانی ئەو هێزانەوه‌ کە نەیاری داعشن.

وتی ئەم هەوڵە ناکام دەبێت، لەکاتێکدا داعش بەشێوەیەکی گشتی لەلایەن خەڵکی ئەو ناوچانەوه‌ رەتکراوەتەوە، کە تێیدا سەرکردەی خێڵەکان کاریگەریی گەورەیان لە پرۆسەی بڕیاردان هەیە.

وتیشی: "سەرکردە خێڵەکییەکان زیاتر لە جارێک گروپەکەیان رەتکردۆتەوە و لە جیاتی ئەوە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ هەسەدە و هاوپەیمانەکانی بەهێزکردووە."

شارەزای بواری سەربازی و تایبەتمەند لە بواری گروپە تیرۆریستیەکاندا، یەحیا محەمەد عەلی، سەرنجی خۆی لەسەر ڤیدیۆکە باسکرد و بە دیارونای وت ئەو چەک و کەرەسانه‌ی چەکدارانی داعش هەیانە و بەکاریدەهێنن جیاوازن لەوانەی پێشتر پیشانیانداون.

وتی زیاتر لە دیمەنێکی تیبینیکردووە كه‌ تێیدا تووندڕەوان دەبینرێن چەک بە ئامێری بێدەنگکەرەوە هەڵدەگرن، ئەمەش دەریدەخات کە گروپەکە لەژێر چاودێریدایە لەو ناوچانە و بازنەکەی دەوریشیان تەنگ و تەسکتردەبێتەوە.

وتی: "پاشماوە و شانە نوستووەکانی داعش شه‌كه‌تبوون بە هەڵکوتانەسەر و ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان و دەستگیرکردنەکان، هەر لەبەر ئەمەش گروپەکە بڕیاریداوە، لە ڤیدیۆیە نوێکەیدا، هەڕەشەبکات و تاکتیکی ترس و تۆقاندن بەکاربهێنێت."

وتی ئەو هەڕەشانە بەجۆرێک دەکرێن تا مەدەنییەکان زانیاریی خۆبەخشانە دەربارەی گروپەکە نەدەن و راپۆرت له‌ چالاکییە گوماناویەکانیان نه‌ده‌ن.

لە دژی بنەماکانی شەریعە

راجیح سه‌بری لە بەڕێوبەرێتی رێنمایی ئایینی لە وەزارەتی ئه‌وقافی میسر، وتی لە ڤیدیۆکەدا داعش هەموو ئەوانەی دژی ئامادەیی ئەوانن بە کوفار (کافرەکان) ناویاندەهێنێت.

بە دیارونای وت گروپەکە ئەو بابەتی تەکفیرە وەک پاساوێک بەکاردەهێنێت بۆ ئەو تیرۆرکردنە قێزەونانەی کە ئەنجامیاندەدات.

"بەڵام ئەمە لە دژی بنەماکانی شەریعەیە، لەکاتێکدا نه‌ هیچکام لە چەکدارانی گروپەکە و نە بەناو ئەمیرەکانی ناتوانن فەتوای تەکفیر بدەن."

وتی لە راستیدا، بە گوێرەی بەرپرسە رۆحانییە باڵاکانی ئیسلام، تەکفیر پێویستی بە "تێڕامانی قووڵ و لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوە هه‌یە، ئەم بڕیارانەش بەئاسانی نادرێن" و ئاماژەی کرد بۆ ئەوەش کە ماوەیەکی زۆر دەبێت هیچ فەتوایەکی تەکفیر دەرنەکراوە.

سه‌بری وتی گروپەکە هەوڵدەدات چەکدارانی کۆبکاتەوە و ئەوانە بگەڕێنێتەوە کە هەڵهاتوون یان گروپه‌كه‌یان به‌جێهێشت بەهۆی ئەو گورزه‌ی لە سوریا و عێراق لێیدرا.

وتیشی: "هەروەها هەوڵدەدات دڵی چەند کەسێکی خۆشباوەڕ بەدەستبهێنێت کە رەنگە بڕوابكه‌ن بە ڤیدیۆ پڕوپاگەندەکانی و شێواندنی یاساوڕێسا ئایینییەکان لە خزمه‌تی خۆیدا."

وتی بەڵام شەڕێکی سەخت دەبێت بۆ گروپەکە، به‌هۆی هەڵمەته‌ بەرفراوانه‌كانی هۆشیاری کە لە ناوچەکە ئەنجامدراون و رووی راستەقینەی گروپەکەیان بۆ هەمووان دەرخستووه‌.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500