هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

بەهۆی نیگەرانییەوە لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران، بەرپرسانی عێراق پلانی پاراستنی سنوور دادەنێن

حەسەن عوبیدی لە بەغدا

وێنەیەك خاڵێکی پەڕینەوە نیشاندەدات لەنێوان عێراق و ئێراندا نزیك بە شاری بەسرەی باشوری عێراق. [عیسام سودانی/ئاژانسی فرانس پرێس]

وێنەیەك خاڵێکی پەڕینەوە نیشاندەدات لەنێوان عێراق و ئێراندا نزیك بە شاری بەسرەی باشوری عێراق. [عیسام سودانی/ئاژانسی فرانس پرێس]

سەرەکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی بەمدواییانە رایگەیاندووە وڵاتەکەی کۆنترۆڵی تووندی دەروازە سنووریەکان دەکات تا هەڵکوتێتە سەر میلیشیا یاخییەکان و چالاکیەکانی قاچاخچێتییان.

چاودێران و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق پێیانوایە گەر سەرکەوتوانە جێبەجێبکرێت، ئەمە کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر ئاسایش و ئابوریی عێراق.

میلیشیاکانی سەر بە ئێران تێوەگلاون لە قاچاخچێتی به‌ چەندین جۆری شمەکی قەدەغەکراوه‌وه‌ لەڕێی دەروازە سنوورییەکانەوە، لەنێویاندا بڕی زۆری چەك، ماددەی هۆشبەر و کەسانی داواکراو، لەکاتێکدا ئێران دراوی قورس لە بازاڕی عێراق دەکێشێتەوە.

سەرچاوەکان دەڵێن چەند پلانێك لەگۆڕێیە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی بەرفراوان بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران و سوریا، کە بەدوایدا چەند ئۆپەراسیۆنێك دێن بۆ دەروازە سنووریەکانی دیکەی عێراق، لەگەڵ بەندەرە دەریاییه‌كان و فڕۆکەخانەکان.

هەنگاوەکانی کۆنترۆڵکردنی سنوور 'لە ئان و ساتدایە'

وتەبێژی کازمی، ئەحمەد مولا تەلال، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە کۆتایی حوزەیران وتی بەگەڕخستنی چەندین هەنگاوی ئەمنی تووند لەسەر سنوورەکان لە ئان و ساتدایە و کۆبوونەوەی نێوان سەرەکوەزیران و بەرپرسانی پەیوەست لەوبارەیەوە بەردەوامە.

بەیاننامەکەی تەلال چەند رۆژێکی کەم دوای بەیاننامەیەکی هاوشێوە بوو لەلایەن خودی کازمیەوە، کە تێیدا وتی: "ساڵانە بە ملیاران دۆلارمان له‌ده‌ستده‌چێت بەهۆی بوونی چەتەکان و باندەکان و کەسانی خاوەن کاریگەری لەسەر سنوورەکان، کە کۆنترۆڵی دەروازە سنووریەکان دەکەن."

سەرەکوەزیران وتی: "داهاتی گومرگی سنوورەکان هی عێراقیەکانە، نەك ئەوانەی بە دەسەڵات یان چەك ویستی خۆیان دەسەپێنن لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی."

بەرپرسێکی عێراق لە بەغدا کە نه‌یویست ناوی ببرێت، بە دیارونای وت کێشەی دەستبەسەراگرتنی سنوورەکان لەلایەن کیانەکانی سەر بە ئێرانەوە لە سەردەمی سەرەکوەزیرانی پێشووی عێراق عادل عەبدولمەهدی بوونی هەبوو.

وتی بەڵام لەمڕۆدا کێشەیەك كه‌ زیادیکردووە قاچاخچێتییە، کە "بە ئاگاداری تەواوی بەرپرسانی ئێران روودەدات".

وتی شمەکە قاچاخەکان لە ئێرانەوە دێنە عێراق لەنێویاندا خۆراك -- كه‌ هەندێكیان ماوەبەسەرچوون -- لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان و کەسانی داواکراو و چەك.

بەگوێرەی ئەم بەرپرسە، ماددە هۆشبەرەکان، محەویلەکانی کارەبا و پارچه‌ی ئۆتۆمبیل بەشێوەیەکی بەردەوام لە عێراق دەدزرێن و دەگوێزرێنەوە بۆ سوریا بە یارمەتی میلیشیاکانی سەربە ئێران، لەنێویاندا کەتائیب حیزبوڵڵا، نوجەبا، بودەلا و سەید شوهەدا.

وتی ئەوە زیاتر روونبۆتەوە بۆ هاوڵاتیانی عێراقی کە ئه‌و دەرمانانه‌ی له‌لایه‌ن حکومەته‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێن و محەویلەی کارەبایی دەدزرێن و ده‌گه‌نه‌ ئێران و سوریا لە بەرامبەر خۆراکی ماوەبەسەرچوو، ماددەی هۆشبەر و چەكدا.

میلیشیاکان گەورەترین هەڕەشەی دوای داعشن

عێراق 22 دەروازەی سنووریی هەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی، کە نۆیان لەگەڵ ئێرانن و بۆ بازرگانی و گەشتیاری بەکاردەهێنرێن.

پسپۆڕێك لە سیاسەتی عێراق و کاروباری ئەمنیدا، ئەحمەد حەمدانی بە دیارونای وت کارگێڕیی هەندێك لە دەروازە سنوورییەکان لە دوای 6 ئێوارەوە ده‌كه‌وێته‌ دەست میلیشیاکان.

وتیشی چەند دەروازەیەکی نافەرمی دیکە هەن کە لەلایەن میلیشیاکانەوە دروستکراون بۆ به قاچاخبردنی شمەك.

حەمدانی وتی هەرچەندە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) سێ ساڵ لەمەوبەر شکستی پێهێنرا، دەروازە سنوورییەکان بەردەوام بارن بەسەر شانی عێراقەوە لەڕووی ئاسایش و ئابورییەوە.

دەبوو عێراق بەشێوەیەکی پلەبەندی و بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی بكه‌وێته‌وه‌ سەرپێی خۆی دوای سەردەمی داعش، بەڵام بەداخەوە "دۆخەکە هێشتا خراپە و عێراقیەکان دەناڵێنن".

سەرکردەیەکی بەناوبانگی خێڵەکی لە ئەنبار، شێخ محەمەد عیساوی بە دیارونای وت میلیشیاکانی سەر بە ئێران بوونەتە هەڕەشەی ژمارە یەك لە عێراق لەدوای شکستی داعشەوە.

وتی کۆنترۆڵکردنی سنووره‌كان لەگەڵ ئێران لەئێستادا کلیلی سەقامگیرییە لە عێراق.

عیساوی وتی کردەکانی قاچاخ، لەسەر هەردوو سنووری عێراق-ئێران و عێراق-سوریا، لەئێستادا کارێکی پڕ قازانجن کە "رۆژانە ملیۆنان دۆلار بۆ میلیشیاکان بەدەستدەهێنن و دراوی بیانی بۆ ئێران دابیندەکەن".

وتی سنووری عێراق-سوریا بەکاریشدەهێنرێت بۆ قاچاخی چەك و ماددەی هۆشبەر بۆ میلیشیاکانی سەر بە ئێران وەك حیزبوڵڵا و نوجەبا و ئەوانیدی.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

4 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

به‌ رێكه‌وتن و ئاگاداركردنه‌وه‌ی ئێران له‌وه‌ی چی له‌سه‌ر سنوور ده‌گوزه‌رێت. دوای ئه‌وه‌ پێویسته‌ به‌وریایی چاودێریی سنووره‌كان بكه‌ین و هه‌موو ئه‌وانه‌ بكوژین كه‌ به‌ نایاسایی لێیان ده‌په‌ڕێنه‌وه‌. ده‌بێت ژماره‌ی ده‌روازه‌ سنووریه‌كانیش دیاریبكه‌ین و ئه‌وانه‌ی تر دابخه‌ین و ده‌روازه‌ فه‌رمییه‌كان به‌تووندی كۆنترۆڵ بكه‌ین.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌

ئێران نایه‌وێت عێراق به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك سه‌قامگیر بێت.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌

ئه‌مه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی مه‌لاكان، نه‌وه‌كانی خوسره‌و و میلیشیاكانی هه‌واداریان به‌ئاشكرا كۆنترۆڵیان ده‌كه‌ن. به‌هه‌رحاڵ، ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ له‌ده‌ستیان رزگارمان ببێت، به‌ویستی خودا.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌

خودا حه‌زبكات، رۆژه‌كانیان به‌ په‌نجه‌ ده‌ژمێردرێن.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌