هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

دوای 'ئاشتەوایی': هەڵکوتانەسەری بێدەنگی رژێمی سوریا

ئاژانسی فرانس پرێس

پیاوانی لاو بەشداریدەکەن لە راهێنانی میلیشیاییدا کە لەلایەن سوپای رژێمی سوریاوه‌ لە قەتیفی باکوری دیمەشق ئەنجامدەدرێت لە 22 شوبات 2016. [لوئەی بەشارە/ئاژانسی فرانس پرێس]

پیاوانی لاو بەشداریدەکەن لە راهێنانی میلیشیاییدا کە لەلایەن سوپای رژێمی سوریاوه‌ لە قەتیفی باکوری دیمەشق ئەنجامدەدرێت لە 22 شوبات 2016. [لوئەی بەشارە/ئاژانسی فرانس پرێس]

هه‌ڵاتوویه‌ك لە سوپای سوریا، سەلام، رێکەوتنێکی خۆڕادەستکردنی لەگەڵ رژێم واژۆکردووە کە دەبوو بیپارێزێت، بەڵام دوای خۆناونوسکردن بۆ خزمەتی سەربازی، دیارنەما و دوای چەند مانگێك راگەیەندرا كه‌ مردووە.

برا گەورەکەی وتی: "رۆیشت و هەرگیز نه‌گه‌ڕایه‌وه‌."

سەلام یەکێکە لەو ژمارە زۆرەی چەکدارانی پێشووی ئۆپۆزسیۆن کە دیارنەماون، مردوون یان مامەڵەی خراپیان لەگەڵ کراوە له‌لایه‌ن هێزەکانی رژێمه‌وه‌، سەرەڕای واژۆکردنی بەناو رێکەوتنەکانی ئاشتەوایی لەو ناوچانەی حکومەت گرتوونیەتەوە.

رێكخراوی روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند كه‌ لانیکەم 219 کەس له‌وانه‌ی ئەو جۆرە رێکەوتنەیان واژۆکردووە، له‌ ماوەی دوو ساڵی رابردوودا دەستبەسەرکراون، لەنێویاندا 32 کەس کە دەکرێت مردبن بەهۆی ئەشکەنجە یان دۆخی خراپی نێو زیندانەکانی رژێمه‌وه‌.

زۆریان خەڵکی پارێزگای دەرعای باشورن، لانکەی شکستخواردووی راپەڕینه‌كه‌ی 2011 له‌ سوریا.

دوای ئەوەی هێزەکانی پشتیوان بە روسیا لە 2018 ئەو ناوچەیەیان گرتەوە، زۆربەی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن بڕیاریاندا بمێننەوە دوای واژۆکردنی رێکەوتنێکی ئاشتەوایی.

لەنێو ئەوانەدا ئەحمەد هەبوو، چەکدارێکی پێشووی ئۆپۆزسیۆن لە کۆتایی سییەکانی تەمەنیدا، لەگەڵ براکەی سەلام، هه‌ڵاتوویه‌ك لە سوپا و چەکداری ئۆپۆزسیۆن کە ئەو ساڵە دەبووه‌ 26 ساڵ.

لەکاتێکدا ئەحمەد پەیوەندیکرد بە یەکەیەکی رژێمی پشتیوان بە روسیاوە، سەلام بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ خزمەتە سەربازییەکەی وەك بەگوێرەی رێکەوتنی خۆڕادەستکردن بڕیاری لەسەر دراوە سەرەڕای ناڕەزایی براکەی، کە دەترسا دەکرێت دەستگیربکرێت، یاخود خراپتر.

ئەحمەد کە ئێستا تەمەنی 40 ساڵە و ناوی خوازراو بەکاردەهێنێت لەترسی تۆڵەکردنەوە لێی، وتی: "پەیوەندیی پێوەکردم تا پێمبڵێت خۆی رادەستده‌كاته‌وه‌ بۆ خزمەتی سەربازی."

"ویستم رێگریی لێبکەم، بەڵام سووربوو لەسەری."

لە تاریکیدا

بەگوێرەی رێکەوتنی خۆڕادەستکردن، سەلام شەش مانگی هەبوو تا پەیوەندیبکات بە فەوجە کۆنەکەیه‌وه‌ لە سوپادا.

دوو مانگ پێش دوا وادە، چووە نوسینگەیەکی دیمەشق بۆ خۆ ناونوسکردن و هەرگیز دواتر نەبینرایەوە.

خێزانەکەی تا 2019 هیچیان نەدەزانی، کاتێك حکومەت وەڵامی پرسیارەکانی دانەوە بە تێبینیەکی بەدەست نوسراو کە تێیدا بەشێوەیەکی شێواو رۆژی مەرگ و ژمارەی جەستەکەی نوسرابوو.

ئەحمەد رەتیدەکاتەوە بڕوا بەوە بکات کە براکەی مردووە، بەڵام دەڵێت گەر مردبێت، هۆکارەکەی دەکرێت ئەشكەنجە یان دۆخی خراپی زیندان بووبێت.

ئەحمەد وتی: "بە رێکەوتنی ئاشتەوایی قایلبووین چونکە هیچ رێگەیەکی دیکەمان نەبوو بۆ بەسەلامەتی مانەوە."

"توانیم خۆم بپارێزم، بەڵام براکەم نەیتوانی و ئێستا رۆیشتووە."

گروپێکی چالاکوان لە دەرعا مەرگی 14 هه‌ڵاتووی لە سوپا به‌ بەڵگەنامە کردووە لە 2018وە.

ناوەندی بەڵگەنامەکردنی شەهیدان رایگەیاند كه‌ هەندێكیان لە بازگەکان راگیران، لەکاتێکدا ئەوانیدی مردوون دوای هەوڵدان بۆ پەیوەندیکردن بە سوپاوە.

بەڵام بەگوێرەی ناوەندەکە "رژێم هیچ جەستەیەکی نەداوەتەوە بە خێزانەکانیان و پێشینەوتوون لەکوێ نێژراون".

توێژەرێك لە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، دیانا سیمان، حکومەتی تۆمەتبارکرد بە شکاندنی مەرجەکانی رێکەوتنی خۆڕادەستکردن لە حومس و دەرعا و ناوچە گوندنشینەکانی دیمەشق.

وتی: "ئەو خەڵکەی لە ناوچەکانی ژێردەستی حکومەتدا دەژین، بەتایبەتی ئەوانەی لەگەڵ حکومەت 'ئاشتبوونەتەوە'، بەردەوامن لەوەی لە مەترسی دەستگیرکردنی هەڕەمەکیانە و ئەشكەنجە و مەرگی نێو زینداندا بن."

عومەر حەریری لە ناوەندی بەڵگەنامەکردنی شەهیدان وتی رێکەوتنەکانی ئاشتەوایی لێبووردنیان تێدانەبوو بۆ هیچ تاوانێك جگە لە دژایەتیکردنی حکومەت.

وتی هەربۆیەش "رژێم چەند تۆمەتێکی تاوانکاریی داتاشیوە دژی زۆرێك لەو خەڵكه‌" یان تاوانی بچوکی بەکارهێناوە وەك پاساوی دەستگیرکردنیان.

'دڵنیاییدانی ساختە'

سارا کەیالی لە رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ وتی دەستبەسەرکردنی بەردەوام و ئەشکەنجە و مەرگ لە زینداندا نیشانیدەدات كه‌ رێکەوتنەکان "تەواو ناکارا" بوون.

وتی ئەوانه‌ "تەنیا رووکارێکن بۆ دڵنیاییدانی ساختە دروستکراون، لەکاتێکدا لەڕاستیدا هیچ شتێك ناگۆڕن".

وتی هەروەها "ئاماژەیەکی زۆر خراپ" دەنێرێت بۆ ئەو کەسانەی بیر لە گەڕانەوە دەکەنەوە بۆ ناوچەکانی ژێردەستی رژێم.

سەرچاوەیەك لەو گروپی مافی مرۆڤە وتی لەحاڵەتێکدا کە خەڵك لەو جۆرە گەڕانەوانە پەشیماندەکاتەوە، سێ برا -- كه‌ دووانیان چەکداری پێشووی ئۆپۆزسیۆن بوون -- دەستگیرکران دوای چەند رۆژێك لەوەی رێکەوتنی ئاشتەواییان واژۆکرد لە 2018. لەوکاتەوە نەبینراوەتەوە.

لە حاڵەتێکی دیکەدا، لە سەرەتای 2014، چەکداری ئۆپۆزسیۆن عومەر، کە ئەوکات تەمەنی 25 ساڵ بوو، خۆی رادەستی هێزەکانی رژێم کرد دوای دوو ساڵ لە گەمارۆدرانی شارەکەی، حومس.

براکەی وتی پێش پەیوەندیکردن بە ئۆپۆزسیۆنەوە لە سوپا هه‌ڵهات.

بەگوێرەی رێکەوتنی خۆڕادەستکردن، عومەر -- ئەمەش ناوی خوازراوە -- پێیوترا بۆ ماوەی دوو رۆژ لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت، دواتر دەبێت لە ماوەی شەش مانگدا پەیوەندی بکاتەوە بە سوپاوە.

لەجیاتی ئەوە، بۆ ماوەی چەند مانگێك لە خوێندنگەیەکدا دەستبەسەربوو لەگەڵ چەکدارانی پێشووی ئۆپۆزسیۆن و دواتر گوێزرایەوە بۆ سەیدنایا، زیندانێکی دیمەشق کە بەدناوە به‌ ئەشکەنجەدان.

براکەی وتی: "بۆ ماوەی چوار ساڵ پارەمان ده‌دا تا دڵنیابین لەوەی بەزیندوویی دەمێنێتەوە."

وتی عومەر دواجار ئازدکرا، بەڵام ناچارکرا راستەوخۆ بچێتەوە ناو سوپا بەبێ بوونی دەرچەیەك بۆ رزگاربوون لێی.

هەرچەندە "بەهیوایە دووبارە هەڵبێت، واهەستدەکات ده‌سته‌كانی به‌ستراون".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500