بەرپرسانی عێراق له 1 تەموز رایانگەیاند کە گۆڕێکی بەکۆمەڵی نوێ دووشەممە (29 حوزەیران) دۆزرایەوە لە پارێزگای نەینەوا و پاشماوەی "سەدان" عێراقی لەخۆدەگرێت کە لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لەنێوان ساڵانی 2014 و 2017 کوژراون.
گۆڕەکە دەکەوێتە شارۆچکەی کەسەک، باکوری خۆرئاوای شاری موسڵ، لەسەر رێگای تەلەعفەر.
بەڕێوبەری بەڕێوبەرێتی شەهیدانی نەینەوا، محەمەد عەسکەر شاقولی بە دیارونای وت بەڕێوبەرێتییەکە دووشەممە چەند راپۆرتێکی لە دانیشتوان و خزمەتگوزاری ئەمنیی نێونەتەوەیی وەرگرتووە کە ئێسکی مرۆڤ لە ناوچەیەک دۆزراونەتەوە کە بە حومەیدات ناسراوە و دەکەوێتە شارۆچکەی کەسەک.
وتی: "دەستبەجێ بەرەو شوێنەکە بەڕێکەوتین و پشکنینی سەرەتاییمان ئەنجامدا کە دەریخست گۆڕی بەکۆمەڵی ئەو قوربانیانەیە کە بەدەستی داعش کوژراون کاتێک دهستیگرتبوو بهسهر پارێزگاکەماندا."
شاقولی وتی: "زانیاریمان لە شایەتحاڵانهوە بەدەستگەیشت کە گروپەکە نزیکەی 500 بۆ 600 قوربانی لەو ناوچەیە ناشتووە و ئەمەش بەگوێرەی راپۆرتەکان دەیکات بە یەکێک لە گەورەترین گۆڕە بەکۆمەڵەکانی لە نەینەوا دۆزراونەتەوە."
چەندین پانتۆڵ و "شەماغێك" (سەرپۆش) و پێڵاوی ژنانه لە شوێنەکە دەبینرێن، كه دەریدەخات قوربانییەکان مەدەنی بوون و ژنیشیان لهنێودایه.
شاقولی وتی بەڕێوبەرێتییەکە راپۆرتێکی پشکنینی پێشوەختەی پێشکەشی رێکخراوی شەهیدان لە بەغدا کردووە.
وتی تیمێکی تایبەتمەندی حکومی پێکدەهێنرێت بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەكه و ئەنجامدانی پشکنینی زیاتر.
تیمەکە پێکدێت لە ئەندامانی هۆبەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە رێکخراوی شەهیدان، بەڕێوبەرێتی پزیشکی دادوەری و وەزارەتی ناوخۆ.
وتیشی تیمەکە بەرپرسدەبێت لە دەرهێنانی روفاتەکان و دیاریکردنی ژمارە و ناسنامەیان و دۆزینەوەی وردەکاری دەربارەی دۆخ و شێوازی کوشتنیان.
شاقولی وتی: "ئەم تاوانە بەشێکی دیکەیە لە زنجیرەی تاوانە تیرۆریستییەکان، کە دەریدەخات [داعش] دڕندەن و خوێنی خەڵکی بێتاوان دەڕێژێن، بەبێ گوێدانە بەها مرۆیی و ئایینیەکان."
وتیشی: "گروپە تیرۆریستییەکە لە دوای خۆی لە پارێزگاکەمان زۆر گۆڕی بەکۆمەڵی بەجێهێشتووە، لەنێویاندا چەندین گۆڕی بەکۆمەڵ لە قەزای شەنگال کە قوربانیانی ئێزیدی لەخۆدەگرن."
شاقولی ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە گۆڕی بەکۆمەڵی دیکە دۆزراونەتەوە بەڵام هێشتا هەڵنەدراونەتەوە چونکە پێویستیان بە هەوڵی ئەندازیاریی چڕ هەیە بۆ لابردنی بۆمبه چێنراوهكان و تەقەمەنییە دەستکردەکان کە لە دهوروبهریان چێنراون.
لەنێو دیارترین و گهورهترینی ئهو گۆڕە بەکۆمەڵانهدا، گۆڕی بەکۆمەڵی خهسفه هەیە لە باشوری موسڵ، لە ناوچەی حەمام عەلی، کە پێدەچێت داعش لاشەی هەزاران عێراقی لەوێ خستبێتە ناو گۆڕی بەکۆمەڵەوە.