حکومەتی عێراق پابەندیی خۆی جێبەجێدەکات بەرامبەر کاری لە پێشینەی لە بنیاتنانەوەی خانووە روخاوەکانی شەڕی رزگاری بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانی دانیشتوان و گەشەپێدانی شارەکان، بەرپرسان وتیان.
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان، عەبدولزەهره هینداوی بە دیارونای وت ئۆپەراسیۆنەکانی بنیاتنانەوە لە تەواوی پارێزگاکان کە ئازادن لە تیرۆریزم بەردەوامن لە چەندین بواردا.
لە 10 حوزەیران وتی: "کاری بەرچاو کراوە رووە و چاککردنەوەی ژێرخان و پرۆژە تێکشکاوەکان، لەگەڵ ئەو خانوانەی تەواو یان بەشێكیان رووخاون."
وتی: "ئەنجامی ئەرێنی بەدەستهێنراوە بە گەڕانەوەی هەزاران ئاوارە بۆ ماڵەکانیان دوای ئەوەی گەڕەکەکانیان چاکسازییان تێداکراوە و خزمەتگوزاری گشتی لهبەردەستدایه."
وتیشی: "زۆر له دانیشتووان کە خانوەکانیان بەهۆی تیرۆریزمەوە زیانی بەرکەوتبوو، قەرەبووی باشیان پێدراوە."
وتی وەزارەت "پلان و ستراتیژی گشتی خستۆتە بەردەست و سەرپەرشتی جێبەجێکردنی دەکات لەگەڵ کەرتە دەوڵەتی و نیشتمانیەکان و ههروهها رێکخراوە نێودەوڵەتی و دەزگاکانی کۆمەكیش".
وەزیری پلاندانان، خالید بەتال نەجم لەگەڵ نوێنەری بهرنامهی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ نشینگەی مرۆیی (هابیتاتی نهتهوه یهكگرتووهكان) خالید ئەشعەب لە 3 حوزەیران لە عێراق کۆبووهوە بۆ تاووتوێکردنی رێکارەکانی جێبەجێکردنی ستراتیژێکی نوێی بنیاتنانەوە.
هینداوی وتی: "بەهیواین ئاستی هەماهەنگی لەگەڵ هابیتات زیادبکەین و پشتیوانیی ئەوان بۆ نیشتهجێبوون و پرۆژەکانی چاککردنەوە زیادبکەین."
"دیدگایەکی چڕوپڕمان هەیە بەرامبەر زیانی گشت کەرتەکان، لەنێویاندا نیشتەجێبوون و ئامادەین بهرنامه و پرۆژەکان جێبەجێبکەین کە بەشداردەبن لە بەهێزکردنی ئەو کەرتە."
هەزاران خانوو تێكدران لەکاتی تۆپبارانی هەڕەمەکی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا، کە چەندین جۆری چەکی بەکاردەهێنا بۆ رێگرتن لە پێشڕەویی هێزە رزگارکەرەکان.
بنیاتنانەوەی رەمادی
قائیمقامی رهمادی، ئیبراهیم عەوسەج بە دیارونای وت رەمادی تووشی زیانێکی زۆر بوو لەکاتی فەرمانڕەوایی تیرۆریزم و شەڕەکانی دواتری رزگاریدا.
وتی: "نزیکەی 64,000 یەکەی نیشتەجێبوون... له ئاستی جیاوازی رووخاندان" و زۆربەی ماڵە تەواو زیانلێدراوەکان لە گەڕەکەکانی ناوەندی رەمادی وەك بەکر و مەلعەبن کە شەڕی تووندوتیژیان بەخۆوە بینی لەگەڵ داعش.
وتیشی: "بە رزگارکردنی شارەکە، لەئێستادا خانووەکان چاکدەکرێنەوە و ئەمەش دوو رهوتی وەرگرتووە."
"یەکەمیان لەڕێی حکومەتی [ناوەندی]یەوە بە یاسای ژمارە (20)ی 2009، کە قەرەبوو دەداتە ئەوانەی ماڵوموڵکیان زیانی بەرکەوتووە بەهۆی تیرۆریزمەوە. لیژنەیەکی کارای حکومی هەیە کە داواكانی قەرەبووی پێدەگات و پشتیوانی دارایی دەداتە سوودمەندان."
عەوسەج وتی هەندێك لەوانەی زیانیان بەرکەوتووە، قەرەبوویان پێگەیشتووە بۆ بنیاتنانەوەی خانوەکانیان، بەڵام زۆرێك هێشتا چاوەڕێی قەرەبووی دارایین و وتیشی: "بەهیواین بتوانین زوو پارەی ئەو کەسانە بدەین دوای باشتربوونی دۆخی دارایی."
وتی رێچکەی دووەم لەڕێی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانەوەیە.
"زیاد لە 10,000 یەکەی نیشتهجێبوونی زیانبەرکەوتوو دروستکراونەتەوە لە رەمادی لە دوو ساڵی رابردوودا بەپشتیوانی دارایی لەم رێکخراوانەوە، کە بەناوبانگترینیان هابیتات و بهرنامهی گەشەپێدانی نهتهوه یهكگرتووهكانه."
موسڵ پێشوازی لە ئاوارەکان دەکاتەوە
لە موسڵ، کە زۆر شەڕی تووندی لێ روودا، دەیان هەزار خانوو روخێنران، زۆربەیان لە موسڵی کۆن، کە نزیکەی 10,000 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی نیشتەجێبوونی کرایە داروپەردوو بەهۆی شەڕەوە."
قائیمقامی موسڵ، زوهەیر ئەعرەجی وتی: "نزیکەی 44,000 داوامان لە دانیشتوانی موسڵەوە پێگەیشتوە کە خانوەکانیان رووخاون... کارڕاییکردن بۆ داواکانیان کراوە و بەرزکراوەتەوە بۆ حکومەتی ناوەند [لە بەغدا]."
بە دیارونای وت: "چاوەڕێی پارە دەکەین بنێردرێت بۆ هەموو ئەم داوایانە."
وتی: "نهتهوه یهكگرتووهكان و دەزگا نێودەوڵەتیەکان لە 2018وە یارمەتیمان دەدەن بۆ بنیاتنانەوە و چاککردنەوەی سەدان خانوو لەنێویاندا ئەو خانوانەی کەمتر لەسهدا 50 رووخاون و هەندێك یەکەی [نیشتەجێبوون] هەن کە لەلایەن خاوەنەکانیانەوە بە پارەی خۆیان یان بە پارەی خێرخوازی چاککراونەتەوە."
ئەعرەجی وتی بنیاتنانەوەی خانووەکان، بەتایبەتی لە موسڵی کۆن، پێویستی بە هەوڵی گەورەتر هەیە "چونکە ئاستی وێرانی لە شارەکەدا هێنده زۆر بوو كه لە تواناکانی حکومەتی ناوەندی بهدهربوو".
"بەهیواین پێشڕەویی بەدەستبهێنین لەمبارەیەوە، کە گەورەترین بەربەستە لەبەردەم گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکاندا بۆ ماڵەکانیان."