هه‌واڵه‌كانی عێراق
سیاسەت

عێراق و ئەمریکا هاوبەشیی ستراتیژییان بە دیالۆگ پەرەپێدەدەن

فارس عومران

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، محەمەد حەلبوسی کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایك پۆمپیۆ دەکات لەکاتی سەردانی پۆمپیۆ بۆ عێراق له‌ 2019. [خاوەنی وێنە: پەرلەمانی عێراق]

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، محەمەد حەلبوسی کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایك پۆمپیۆ دەکات لەکاتی سەردانی پۆمپیۆ بۆ عێراق له‌ 2019. [خاوەنی وێنە: پەرلەمانی عێراق]

ئەو دیالۆگە ستراتیژییەی لە 11 حوزەیران لەنێوان عێراق و ئەمریکادا دەستیپێکرد، قۆناغێکی نوێیە لە هاوبەشیی دوولایەنە و خزمەتی بەرژەوەندییەکان و داهاتووی هەردوو وڵات دەکات، شیکاروانان بە دیارونایان وت.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایك پۆمپیۆ لە بەیاننامەیەکی 7 نیساندا وتی دیالۆگەکە تاووتوێی "هەموو کێشە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکات".

لەنێویاندا داهاتووی ئامادەیی هێزەکانی ئەمریکا، لەگەڵ ئەوەی چۆن بە باشترین شێوە پشتیوانیی سەربەخۆیی و سەروەریی عێراق بکرێت.

ئەو دیالۆگە لەسەر ئه‌و بنەمایانه‌یه‌ كه‌ پێشتر رێکەوتنیان لەسەر کراوە لە رێکەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیدا له‌ 2008 لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا و لەکاتێکدا عێراق شه‌ڕ له‌گه‌ڵ پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-19) و کەمبوونەوەی داهاتی نەوت ده‌كات.

راوێژکارێکی سەربازیی سوپای ئەمریکا وانەده‌ڵێته‌وه‌ بە پۆلیسی فیدراڵی عێراق لە 21 نیسان 2018. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی]

راوێژکارێکی سەربازیی سوپای ئەمریکا وانەده‌ڵێته‌وه‌ بە پۆلیسی فیدراڵی عێراق لە 21 نیسان 2018. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی]

ئەو دوو حکومەتە هەوڵدەدەن پێکەوە کاربکەن بۆ رێگرتن لە پێچەوانەبوونەوەی پێشڕەوییەکان لە هەوڵی هاوبەشیاندا بۆ شکستهێنان بە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بەدەستهێنراوە لەگەڵ سەقامگیرکردنی وڵاتەکە.

شیکاروانی ئەمنی، سەمەد بەیاتی بە دیارونای وت لەو بابەتانه‌ی تاووتوێدەکرێن، كه‌‌ بەرژەوەندی هاوبەشن، بریتین له‌ سیاسەت و ئابوری و کلتور.

وتی ئەگەری ئەوە هەیە دانوستانەکان بە چوار قۆناغ بەڕێوەبچن و کۆتاییان پێبێت بە رێکەوتنێکی چڕوپڕ و گشتگیر.

وتیشی تێگەیشتنی پێشتر لەسەر زۆر بابەت هەیە، بەتایبەتی هاریکاریی ئابوری و ئەمەش بە ئامانجی رێگەخۆشكردن بۆ کاری دوولایەنە کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوو وڵات دەکات.

خزمەتکردن بە بەرژەوەندی هەردوو وڵات

سکرتێری گشتی ئەنجومەنی خێڵە عەرەبیەکان لە سەلاحەدین، سائیر بەیاتی وتی دیالۆگی عێراق-ئەمریکا نەخشەڕێگەی پلانێك دادەنێت بۆ قۆناغێکی پێشکەوتوو لە پەیوەندیە دوولایەنەکاندا کە دەبنە هۆی خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکان و داهاتووی هەردوو وڵات.

بە دیارونای وت ئاکامەکانی ئەم دیالۆگە، لەنێویاندا رێکەوتن و یاداشتنامەی هاریکاری، جێی رێکەوتنەکەی 2008 ناگرێتەوە، بەڵام دەبێتە تەواوکەر و پشتیوانیی ئه‌وه‌ ده‌كات.

وتی: "ئێمە چاوەڕواندەکەین لەڕێی ئەم هاوبەشییە نوێیەوە ئەمریکا بەردەوامبێت لە پشتیوانیكردنی بنیاتنانی هێزە ئەمنیەکان" و پەرەدان بە تواناکانیان.

بەیاتی وتی هیوای ئەوەش هەیە ئەمریکا "رۆڵێكی بەرچاوی هەبێت لە بنیاتنانەوەی وڵاتەکەمان لەڕێی بوژاندنەوەی بوارەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازیی، وەبەرهێنان و وزە لەگەڵ کەرتە خزمەتگوزارییە سەرەکیەکانی دیکە".

وتی کەرتەکان کەرتی پەروەردە و نیشتەجێکردنیان تێدایە، لەگەڵ پشتیوانی کلتوری و ئاڵوگۆڕی پیشەیی.

بەیاتی هیوای خواست کە "هاوبەشییه‌كه‌ خزمەت بە هەوڵەکانی عێراق بکات بەرەو سەقامگیری و تاووتوێکردنی ئاستەنگە ئەمنیەکان کە بریتین له‌ هەڕەشەی تیرۆریستی لەگەڵ میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێران".

وتی: "بەهیواین ویستێکی سەربەخۆ و نیشتمانی هەبێت بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ لەلایەن عێراقەوە کە ئازد بێت لە نفوزی ئێران و میلیشیاکانی یان هەر لایەنێکی ناوچەیی."

وتیشی: "تائێستا، پێمانوایە هەنگاوی راستمان ناوە و متمانەمان هەیە بەوەی حکومەتی سەرەکوەزیران مستەفا کازمی دیدگایەکی نوێی هەیە بۆ بنیاتنانی عێراقێك کە یەکێتی و سەربەخۆیی دەپارێزێت."

ئاسایش بابەتی ناوەندیی گفتوگۆکانە

وانەبێژی زانستی سیاسەت لە زانکۆی موستەنسریە، عیسام فەیلی وتی ئاسایش بابەتێکی گرنگی دیالۆگە دوولایەنەکانە.

بە دیارونای وت: "سەرەڕای سەرکەوتنی عێراق لە شکستهێنان بە تیرۆریزم، بەیارمەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هێشتا رووبەڕووی هەڕەشەی پاشماوەکانی تیرۆریزم دەبێتەوە."

وتی لەبەردەم ئەم هەڕەشانەدا، کە بەمدواییانە برەویانسەندووە، هێشتا پێویستییه‌كی زۆر هه‌یه‌ بە پشتیوانیی ئەمریکا لەڕێی راهێنان و چەکدارکردن و راوێژکاریی دابینکراوه‌وه‌ بۆ هێزەکانی عێراق لەڕێی سەرکردایەتیكردنییه‌وه‌ بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

هاریکاری ئابوری بابەتێکی دیکەی سه‌ره‌كییه‌ کە تاووتوێدەکرێت.

فەیلی وتی ئەمریکا وڵاتێکە سەرچاوەی بەرفراوانی هەیە و هاوبەشی لەگەڵیدا دەرگادەکاتەوە بەسەر وەبەرهێنان و گەشەپێدان و بنیاتنانەوەدا.

وتیشی یارمەتی عێراق دەدات بەسەر قەیرانی ئابوریدا زاڵبێت و سەرچاوەکانی داهاتی فرەجۆر بکات و ئەو پارەیەش بگەڕێنێتەوە کە کەسایەتیە گەندەڵەکان ناردوویانە بۆ دەرەوەی عێراق.

هه‌روه‌ها وتی: "بەهیواین ئەم هاوبەشیە ستراتیژییە لەگەڵ واشنتۆن دەستپێکێکی نوێ و ئاشکرا بێت بۆ پەیوەندییە دوولایەنەکانمان کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوو وڵات دەکات و یارمەتی پێشکەوتنی وڵاتەکەمان دەدات."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500