پۆلیسی ناوخۆی ئەنبار لە سەرەتای حوزەیراندا رایگەیاند كه چەندین لقی هێزەکانیان پتهودهكهن کە بەرپرسن لە پاراستنی شاڕێکان و رێگاكانی نێوان شاران.
هێزەکان نوێترین جۆری چەکیان پێدراوە لە هەوڵێکدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەوڵێکی تیرۆریستی کە مەترسی بخاتە سەر ئەم جادانە و ژیانی گەشتیارانیان.
فەرماندەی ناوچەی خۆرئاوای هێزی پۆلیسی ئەنبار، عەمید فاروق جوغەیفی وتی: "جادەکانی نێوان شاران لە ئەنبار بەتەواوی پارێزراون."
وتی: "ژمارهیهكی زۆر له هێزمان جێگیرکردووە بەدرێژایی ئەم رێگانە کە لە رەمادیەوە لە خۆرئاوا درێژدەبنەوە بەرەو قەزای هیت و حەدیسە و عەننە، تا دەگەنە قائیم."
وتیشی پۆلیس لەسەر ئەو شاڕێگە نێودەوڵەتییە جێگیرکراون کە درێژدەبێتەوە لە رەمادییەوە تا قەزای روتبە بەرەو سنووری سوریا و ئەردەن و جادەی نەخیب.
هێز و ئامرازی زیاتر
جوغەیفی وتی فەوجەکانی دۆخی کتوپڕ لە بەڕێوبەرێتی پاراستنی رێگاكانی نێوان شاران له پۆلیسی ئەنبار، بەمدواییانە ئهندامانی نوێیان بۆ زیادکراوە، لەگەڵ نوێترین جۆری چەك و ئامرازی چاودێریکردن.
نزیکەی 400 ئهندامی نوێی هێزه ئەمنییهكان پەیوەندییانكردووه بە بەڕێوبەرێتییهكهوه و جێگیردەکرێن بۆ پاراستنی رێگەکان بەدرێژایی شاڕێگەکانی کیلۆ 5 و کیلۆ 60 لە خۆرئاوای بیابانی ئەنبار.
وتی ژمارەی زیاتری هێزەکان رێگەی بە هێزەکانی پۆلیس داوە بازگە و بنکەی چاودێری زیاتر دابنێن بەدرێژایی رێگەکان.
لە هەنگاوەکانی دیکە، بریتین له زیادکردنی دەوریەی شەوانە و بۆسهدانان و بوونی رۆڵ لە پاراستنی ناوچە بیابانیەکاندا بە هاریکاری هێزه سەربازی و ئهمنییهكانی دیكه.
پۆلیس کامێرای گەرمیبینیشی پێدراوە، لەگەڵ چەندین ئامرازی چاودێریکردن، ئۆتۆمبیلی سەربازی و موشەکهاوێژ بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵەکانیان و پاراستنی کردەکانیان.
جوغەیفی وتی: "یەکەکانی پۆلیس و سوپا و هێزە خێڵەکیەکان جارجاره ئهركی ئەمنی ئەنجامدەدەن تا کنەوپشکنینی ناوچە بیابانیەکان بکەن بەدرێژایی رێگاكانی نێوان شاران.
لە چەند هەفتەی رابردوودا، ئەو هێزانە چەند ئهركێكی چاودێری و ئۆپەراسیۆنی هێرشبردنیان بەقوڵایی نێو بیابانی خۆرئاوای ئەنبار ئەنجامداوە کە بوونهته هۆی كوشتنی چەندین تووندڕەو، لەنێویاندا سێ لە مودهەم و چوار لە سوکەریات.
سەرکردەیەکی خێڵەکی لە ئەنبار، شێخ بەرزان عوبێدی، وتی چەکدارە خێڵەکیەکان "فاکتەرێکی پشتگیریی بەهێزن بۆ هەوڵەکانی پاراستنی پارێزگاکە، بەتایبەتی رێگەکان".
بە دیارونای وت: "لەگەڵ هەموو یەکە سەربازییەکان هەماهەنگی دەکەین بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی گەڕان لە ناوچە بیابانیهكان تا هەر بۆشاییەکی [ئەمنی] هەبێت دایبخەین و بهكارنههێنرێت لەلایەن دوژمنەوە بۆ تێکدانی هاتوچۆی خەڵك یان گواستنەوەی شمەك."
'رێگەکان سەلامەتن'
وتی هەڕەشە تیرۆریستیەکان له كهموونهوهدان و ئاماژەیکرد بەوەی جادەكانی نێوان شاران، تەنانەت له دوورەدەستترین ناوچەکان، سەلامەتن و ماوەیەکی زۆرە شایەتی هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی نەبوون.
عوبێدی تێبینی ئاماژهی بهوهش کرد کە هێزەکان لەئیستادا سەدان چەکداری مەشقپێکراویان هەیە کە ئامادەن پارێزگاری بكهن لە شارۆچکەکانیان و دڵنیایی بدهن لە سەلامەتی هەموو پرۆژە و خزمەتگوزارییە گرنگەکان.
داوای فراوانکردنی زیاتری ئۆپەراسیۆنەکانی کرد بۆ کۆنترۆڵکردن، پاراستن و داخستنی سنووری خۆرئاوا تا رێگربێت لە دزەکردنی چەکدارانی تیرۆریست کە خۆیان لە دۆڵ و ئەشکەوتەکانی ناوچەکە دەشارنەوە.
ڕێگاكانی نێوان شاران رۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە گواستنەوەی مەدەنیەکان کە گەشتدەکەن بۆ دەرەوەی ئەنبار یان لەنێو قەزا دوورەدەستەکانی ئەنبار خۆیدا.
ئەم رێگانه سهرچاوهی رزق و رۆزی پارێزگاکەشن چونکە رێچکەی زەمینین بۆ گواستنەوە و هاوردەکردنی شمەك.
بەڕێوبەری لیژنەی وەبەرهێنانی ئەنبار، مەهدی نوعمان بە دیارونای وت ئاسایشی جادە و شاڕێگەكان ئەوپەڕی گرنگه، لەهەردوو رووی خزمەتگوزاری گشتی و ئاستی ئابورییەوە.
وتی: "بەهۆی هەوڵە بێوچانەکانی هێزە ئەمنیەکانەوە، هەستمانکردووە ئەم رێگانە سەلامەت بوون و خەڵك بەشێوەیەکی ئاسایی هاتوچۆیان پێدا دەکەن بەراورد بە ساڵانی رابردوو."
نوعمان وتی پارێزگاکە چەندین جادەی نێوان قەزاکانی ئەنباری چاککردۆتەوە، لەنێویاندا شاڕێگەکانی هیت-حەدیسە-راوە، لەگەڵ ئهو رێگانهی بەرەو دەرەوەی پارێزگاکە دەچن وەك دووڕیانی فەلوجە-سامەڕا.
کاری باشترکردن و چاککردنەوەی ئەو شاڕێگانەش بەردەوامە کە بەرەو وڵاتانی دراوسێ، وهك ئەردەن و سوریا و سعودیە دەچن.