کۆمپانیای ئێرانیی هێڵی ئاسمانی ماهان کە لە لیستی رەشدایە، جارێکی دیکە لە چالاکی گومانلێکراوەوە تێوەگلاوە له بهرژهوهندی رژێمی ئێران، بەجۆرێك بەمدواییانە چەند گەشتیکی ئاسمانی بۆ فەنزوێلا ئهنجامداوه بۆ پشتگیریکردنی ههوڵهكانی ئەو دوو نەیارەی ئەمریکا، پسپۆڕان بە دیارونایان وت.
هەوڵەکانی ئێران بۆ هەناردەکردنی بهنزین و بەرهەمە نهوتییهكانی دی بۆ فەنزوێلا لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا بۆتە باسی رۆژنامەکان، چونکە پێنج کەشتی گواستنەوەی بهنزین و بەرهەمە نەوتیەکان بەرەو پاڵاوگەی سەرەکی فەنزوێلا بەڕێوەبوون.
هاوکات، ماهان شمهك دهگوێزێتهوه بۆ فەنزوێلا، کە ئەمریکا سزای بهسهردا سهپاندووه و لە لێواری رووخانی ئابوریدایە.
فەنزوێلا هەڵیداوە یارمەتی لە ئێرانەوە پێبگات بۆ بنیاتنانەوەی دەزگا نەوتیە داڕماوەکانی، لەکاتێکدا ئێران، کە ئەویش بەر سزاکانی ئەمریکا کەوتووە، ناتوانێت بەشی پێویست نەوت به دراوی نهختینه بفرۆشێت و بەهیوایە قەرەبووی ئەمە بە پارە وەرگرتن بە ئاڵتون لە فەنزوێلا وەربگرێت.
هێڵی ئاسمانی ماهان، کە لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستی رەشەوە، بە هاریکاریکردن لەگەڵ سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و هێزی قودس تۆمەتبارکراوە.
ئەو پسپۆڕانەی بۆ دیارونا دووان، وتیان پێیانوایە لێکۆڵینەوە لە چالاکیە جیهانیەکانی هێڵی ئاسمانی ماهان دەکرێت وێنەیەکی قوڵتری چالاکیەكانی پاسدران دژ به سەقامگیری لە جیهاندا بدهن بهدهستهوه و وردهكاریی زیاتری سروشتی شێوە مافیایی پاسداران دەربخەن.
هاریکاری سەربازی لەگەڵ پاسداران
"هێڵی ئاسمانی ماهان بە هەموو چالاکیە نائاساییەکانی پاسدارانەوە پەیوەستە لەگەڵ فراوانخوازی ئێران لە ناوچەکە و جیهان،" چالاکوانی سیاسی ئەحمەد گیلانی بە دیارونای وت.
گیلانی وتی هاریکاری سەربازی ئەو کۆمپانیایە لەگەڵ پاسداران سەرەتا لەلایەن ئەمریکاوە درکی پێکرا، بەڵام بەرپرسانی ئێران نکۆڵییان لە هەر جۆرە هاریکارییەك کرد.
لە وتارێکی تشرینی دووەمدا، فەرماندەی پاسداران عەمید نوسرەتوڵا حوسێنپور ددانی بەوەدا نا هێزی قودس فڕۆکەکانی ماهانی بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی هێز.
گیلانی وتی لەئێستادا وادەردەکەوێت رژێمی ئێران رۆڵی ئەم کۆمپانیایە بەئاشکرا رادەگەیەنێت و تێبینیکرد کە "لە یەمەنەوە بۆ سوریا و چین، لەمڕۆشدا فەنزوێلا، هێڵی ئاسمانی ماهان لە هەموو شوێنێکە".
وتی فڕۆکەکانی ماهان چەندین جار کەلوپەلی سەربازییان بۆ یەمەن گواستۆتەوە، "تەنانەت جارێك، سەرەڕای هەڕەشەکانی هێزەکانی سعودیە، خەریکبوو لە فڕۆکەخانەی سەنعا بنیشنەوە" پێشئەوەی ناچاربکرێن بگەڕێنەوە.
وتیشی کارەکانی کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەکات كه "کۆمپانیایەکی گەشتی ئاسمانی مەدەنی ئاسایی نییە و راستیەکەی بەشێکە لە کیانێکی سەربازی کە گەشتیارانی مەدەنی وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت بۆ پاراستنی ئامانجە سەربازیەکانی".
گیلانی وتی بە پاراستنی شێوازی کاری مافیا ئاسای، هێڵی ئاسمانی ماهان بەبێ قازانج هیچ سەرکێشییەك ناکات.
وتی: "ئەسڵی بابەتەکە: رێگەیەکی ئاسمانی بۆ هێڵی ئاسمانی ماهان لەنێوان تاران و کاراکاسدا دەبوو لەکاتی ئەحمەدینەژادی [سەرۆکی پێشووی ئێران] بەگەڕبخرێت، کە پێیوابوو گەشت بۆ کاراکاس رێدهدات بە چوونە نێو 'حەوشە'ی ئەمریکاوه."
بەڵام هێڵی ئاسمانی ماهان تەنیا بەمەرجێك قایل دەبوو بەم رێگەیەدا گەشتبکات گەر مۆڵەتی گەشت بۆ چین و لوبنان بەدەستبهێنیت و دوای یەك گەشتیش "هەموو گەشتەکان بۆ کاراکاس هەڵپەسێردران بەهۆی ململانێیهکی داراییەوە لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی".
گیلانی وتی هێڵی ئاسمانی ماهان هیچ سەرکێشیەك ناکات تا رەچەتەی پارەی گەشتەکانی، کە چەند قات لە نرخی ئاسایی بەرزترن، نەدرێت و ئاماژەیکرد بەوەی "ئەم رەچەتانە لە گیرفانی فەرماندەکانی پاسداراندا ههڵدهگیرێن".
ئێران کێشەی دارایی قوڵی هەیە
پسپۆڕێكی ئابوری، بەهزاد گونابادی بە دیارونای وت ئەو راستیەی كه هێڵی ئاسمانی ماهان گەشتی ئاسمانی بۆ فەنزوێلا رێکدەخات تا ئاڵتون بۆ ئێران بهێنێتەوە، دەیسەلمێنێت کە پرۆژەی ئێران بۆ خۆلادان لە سزاکانی ئەمریکا لەڕێی ئاسیاوە کێشەیەکی جددی هەیە.
وتی ئەمە ئاماژەیە بەوەی ئێران پارەی نهختینهی تەنانەت لە وڵاتانی ئاسیاشەوە پێناگات، بەهۆی ئاکامەکانی سزا بەردەوامەکانەوە.
گونابادی وتی ئەوە روون نییە بۆچی هێڵی ئاسمانی ماهان گەشتە ئاسمانیەکانی بۆ فەنزوێلا دەستپێکردۆتەوە، لەکاتێکدا ژمارەی پێویست گەشتیار نییە تا قازانجی لێبکات، بەڵام ئاماژەیەکە بەوەی رەنگە پێویستی زۆری بە کاش ههبێت.
وتی بەهەمانشێوە، "پێویستیی قوڵی ئێران بە پارە هۆکاری سەرەکییە لەپشت ئەوەی رژێم ئەو سەرکێشیە گەورەیە بکات".
گونابادی وتی ئەم گەشتانە بەشێکن لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزی قودسی سوپای پاسداران بۆ خۆلادان لە سزاکان و ئاماژەیکرد بەوەی "هیچ جیاوازییەك نییە لەنێوان ئەم گەشتانە و ئەوانەی پێشتر لە سوریا و یەمەن یان تەنانەت چینیش روویاندا".
وتی: "لەپشت هەموو ئەمانەوە مافیایەکی میلیشیای تیرۆریستی مەترسیدار هەیە کە قازانجی زەبەلاح دەکات لە نائارامی و ناسەقامگیری لە جیهاندا."
وتیشی سزاکانی سەر ئێران بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی خێرا و بەردەوامی سەرچاوەکانی پارەی حکومەتی ئێران، هەربۆیە رژێم "ئاڵتون پەیدادەکات تا هیچ بەدواداچوونێك بۆ ئاڵوگۆڕی پارەکانی هێزی قودس نەکرێت".