لەڕێی زنجیرەیەك ئۆپەراسیۆنی بەرپێگرانەوە، هێزەکانی عێراق سەرکەوتوو بوون لە شکستهێنان بە زنجیرەیەك هێرش کە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) پلانی دانابوو ئەنجامیانبدات لەکاتی مانگی پیرۆزی رەمەزاندا، بەرپرسانی سەربازی وتیان.
وتیان هێزە هاوبەشەکان لە سوپای عێراق و دەزگای دژە تیرۆریزم و دەزگای هەواڵگری نیشتمانی پێکەوە رێگرییانکرد لە پلانێکی گەورەی داعش بۆ ئەنجامدانی چەند هێرشێك لەنێوان 16 و 24 ئایاردا.
هێزە ئەمنیەکان سەرکەوتوانە چوار شانەی داعشیان پوچەڵکردەوە، كه هەندێك سەرکردەی بەناوبانگی داعشیان لەنێودا بوو، لە ئەنبار و خۆرئاوای نەینەوا و باشوری خۆرئاوای بەغدا.
پشتێنی بۆمبڕێژکراویان دۆزییەوە لای یەکێك لە شانەکان.
![هێزە هاوبەشەکانی عێراق شکستیان بە هێرشێکی بەرفراوانی داعش هێنا لەکاتی مانگی پیرۆزی رەمەزاندا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق/فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار]](/cnmi_di/images/2020/06/12/24475-Iraq-security-operation-600_384.jpg)
هێزە هاوبەشەکانی عێراق شکستیان بە هێرشێکی بەرفراوانی داعش هێنا لەکاتی مانگی پیرۆزی رەمەزاندا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق/فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار]
هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی عێراق ئەنجامدران، لە دوو پێگەی داعشیان دا لە نەینەوا و باکوری سەلاحەدین و ژمارەیەك له ئەندامانی داعشیان کوشت.
هاوپەیمانان یارمەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)شیان دا لە رادەستکردنی ئەندامێکی تووندڕەو لە سوریا، کە ددانپێدانانەکەی بووە هۆی دەستگیرکردنی ژمارەیەك تووندڕەوی دیکە کە خۆیان لە شارۆچکەیەکی باکوری عێراق حهشاردابوو.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری عەمید یەحیا رەسوڵ وتی لە ماوەی دوو هەفتەدا، هێزە ئەمنیەکان 30 ئەندامی داعشیان دەستگیرکرد یان کوشتیانن.
وتی: "هەندێك لە ئۆپەراسیۆنەکان بەیارمەتی دانیشتوان ئەنجامدران، کە زانیاریهكانیان بەشداربوون لە رزگارکردنی ژیانی زۆرێك."
پیلانی رەمەزان شکستی پێهێنرا
رەسوڵ وتی بە پیلاندانانی هێرشی وەك هەڵمەتی بەناو "داگیرکاری رەمەزان"، داعش هەوڵدەدات بانگەشەی ئەوە بکات كه "هیشتا بەهێز و کاریگەرە. بەڵام راستیەکەی تەواو پێچەوانەی ئەوەیە".
وتی هێزەکانی عێراق چەند ئۆپەراسیۆنێکی بەرپێگرانەیان ئەنجامداوە کە بەشداربوون لە کەمبوونەوەی ژمارەی هێرشە تیرۆریستیەکان و ئاماژەیکرد بەوەی ئەم هەوڵانە بەردەوامدەبن "تا دڵنیابین لەوەی دوایین شانەی چالاکی داعش پوچەڵکراوەتەوە".
وتیشی بۆ ئەم مەبەستە، هێزەکانی عێراق بەردەوامدەبن لە "هاریکاریی بەسوود و بنیاتنەرانە" لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
ئهندامێكی پەرلەمانی عێراق، محەمەد رهزا، کە سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی ئاسایش و بەرگرییە، وتی پیلانهكهی رەمەزان گهوره و بەرفراوان بوو، بەغدا و ئهو پارێزگانهی دیکەی عێراقی دهكرده ئامانج کە لەدەستی داعش رزگارکراون.
بە دیارونای وت هێزەکانی عێراق بەردەوامدەبن لە راوەدونانی هەندێك لە شانە و گومانلێکراوەکان و دەستیان بەسەر تەقەمەنیهكاندا گرتووە و چەند چەکدارێکی تووندڕەویان لە نزیك بەغدا کوشتووە.
وتی بەهۆی هەوڵە هەواڵگرییەکان و ئەزمونی هێزەکانی عێراقهوه لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشەی تیرۆریستی و هاریکاریی هاوڵاتیانی عێراق، پلانی داعش نەتوانرا جێبەجێبکرێت.
هاریکاریی مەدەنیەکان گرنگە
پسپۆڕی ئەمنی فوئاد عهلی وتی ئەو هێرشانهی هێزەکانی عێراق سەرکەوتووبوون لە شکستپێهێنانیان، زیاتر وەڵامێك بوون بۆ مەرگی سەرکردەی داعش ئەبوبەکر بەغدادی لە تشرینی یەکەم.
وتی ئامادەکاریی دوورودرێژ ئەنجامدرابوو بۆ هێرشی تۆڵەکردنەوە، کە داعش دەیویست "گەورە و کاریگەر بن و جۆرێك بن هاوتای ئاستی شکستەکەیان بێت،" بەڵام ئەم هەوڵانە شکستیان هێنا و گروپەکە چەکداران و چەکەکانی لەدەستدا.
عەلی وتی دانیشتوانی هەردوو شارۆچکەی روتبەی خۆرئاوای ئەنبار و شارۆچکەی شەرگاتی باکوری پارێزگای سەلاحەدین زانیاری و کۆمەکیان بەخشی بە هێزەکانی عێراق کە یارمەتی دیاریکردنی شوێنی شانەکانی داعشیان دا.
وتی: "لەئێستادا دانیشتوانە مەدەنیەکە بەهێزترین چەکی دەستی دەوڵەتن لە شەڕی داعشدا. گەر خوانهخواسته پلانەکەی داعش سەرکەوتوو بوایە، دەیان عێراقی دهكوژران."