بۆ دڵنیاییدان لە سەرکەوتنی هەوڵەکانی دژ به تیرۆریزم، حکومەتی نوێی عێراق ئەو کەسانه له پێگە ئەمنییه باڵاكاندا دادهمهزرێنێت کە رۆڵێکی کاریگەریان هەبووە لە شەڕی دژ به رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا.
پسپۆڕانی ئەمنی وتیان ئەم هەنگاوە رەنگدانەوەی جەختکردنەوەی حکومەتەکەی سەرەکوەزیران مستەفا کازمییە دەربارەی سەقامگیرکردنی دۆخی ئەمنی و تاووتوێکردنی بەربەستەکانی وەك پاشاگەردانی و بڵاوبوونەوەی چەکی نایاسایی.
کازمی، کە حکومەتەکەی لەلایەن پەرلەمانەوە پهسهندکرا لە 7 ئایار، کەسایەتی سەربازی بۆ دوو وەزارەتی گرنگ دیاریکردووە: سهرۆك ئەرکانی پێشووی سوپا عوسمان غانمی بۆ وەزیری ناوخۆ دیاریکرا و فەرماندەی پێشووی هێزە زەمینیەکان جومعە عیناد جەبوری بۆ وەزارەتی بەرگری دیاریکرا.
پەرلەمانتارێكی عێراق، کاتع نەجمان ریکابی کە ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پهرلهمانه، وتی ئەم دوو کەسایەتیە ناسراون بە "پیشەوەرییهكی باڵا و دەرخستنی ئەدای بێوێنە" لەکاتی شەڕهكانی دژ به تیرۆریزمدا.
![سەرەکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی لەکاتی کۆبوونەوەیەکدا له 28 ئایار لەگەڵ سەرکردە سەربازی و ئەمنیەکان بۆ تاووتوێکردنی باشترکردنی هەوڵەکانی بنەبڕکردنی داعش. [خاوەنی وێنە: نوسینگەی راگهیاندنی سەرەکوەزیران]](/cnmi_di/images/2020/06/11/24397-meeting-kazimi-defence-600_384.jpg)
سەرەکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی لەکاتی کۆبوونەوەیەکدا له 28 ئایار لەگەڵ سەرکردە سەربازی و ئەمنیەکان بۆ تاووتوێکردنی باشترکردنی هەوڵەکانی بنەبڕکردنی داعش. [خاوەنی وێنە: نوسینگەی راگهیاندنی سەرەکوەزیران]
بە دیارونای وت دیاریکردنیان هەنگاوێکی ئەرێنی بوو "چونکە هیچ ناڕەزاییەك نەبوو لە پەرلەمان لە دژیان، لەبەرئەوەی ئەم ژەنەراڵانە ناسراون بە لێهاتویی و پسپۆڕییان لە بوارەکانیاندا".
کازمی ژەنەراڵ عەبدولوەهاب ساعدی دامەزراندەوە و پلەی بەرزکردەوە، کە کەسایەتیەکی سەربازیی جەماوەرییە و دەرکردنی کتوپڕی لە دەزگای دژە تیرۆریزم لەلایەن سەرەكوەزیرانی پێشووهوه، عادل عەبدولمەهدی، لە ئەیلولدا هۆیهكی سهرهكی بوو بۆ دەستپێکردنی یەکەمین خۆپیشاندانەکان له عێراق. لەئێستادا ساعدی بەڕێوەبەری دەزگای دژە تیرۆریزمە.
بەردەوامبوون لە شەڕی دژە تیرۆریزم
ریکابی وتی دیاریکردنی ئەم سەرکردانە ئاماژەیە بەوەی حکومەتی نوێ شێلگیرانە بەردەوامە لە شەڕی دژی داعشدا و "پرۆسەی بەگەڕخستنی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ بەتەواوی لەناوبردنی" گروپەکە.
لە یەکەمین بەیاننامەیدا دوای وەرگرتنی ئەرکەکەی، ساعدی بەڵێنی کارکردنی دا بۆ "پاراستنی دەوڵەت و هاوڵاتیان لە هەڕەشە تیرۆریستیەکان".
پسپۆڕی ئەمنی، محەمەد رەزاق روبەیعی بە دیارونای وت بڕیار بۆ دامەزراندنەوە و بەرزکردنەوەی پلەی ساعدی ددانپێدادان بوو بە رۆڵ و دلێرییدا لە شەڕەکانی رزگاریدا و بەشێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن عێراقیەکانەوە پێشوازیی لێکرا.
وتی رۆڵی پێشووی کازمی وەك بەڕێوبەری هەواڵگری، رێگەی پێداوە پەیوەندی دروستبکات و بەردەوامیی پێبدات لەگەڵ هەموو فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکاندا کە نفوزیان هەبووە لە شەڕی دژی داعشدا.
وتیشی لەمڕۆدا، سەرەکوەزیرانی نوێ هەوڵدەدات سوود لە پسپۆڕییان ببینێت لە پاراستنی دۆخی شەڕی دژی پاشماوەی تیرۆریستان و شکست پێهێنانیاندا، وەك دیارە لە ئاستی بەرزی هەڵمەتە ئەمنیەکاندا کە ئێستا لە چەندین ناوچە بەردەوامن.
بەگوێرەی روبەیعی، ئەم هەوڵە بەمدواییانە بۆتە هۆی تێکشکاندنی ژمارەیەکی زۆری حەشارگەکانی دوژمن و کوشتن یان دەستبەسەرکردنی فەرماندە باڵاکانی داعش، لهنێویاندا جێگری سەرۆکی داعش حاجی تەیسیر.
وتی پلەپێدانە نوێکان ئامانجی بەرپێگرتنی چەکی نایاسایی و چالاکیەکانی میلیشیا چەکدارەکانیشە.
سەربەخۆیی دەزگا سەربازییەکان
پلەپێدانەکانی حکومەت فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە، لیوا قاسم محەمەدیشی گرتهوه، کە کەسایەتیەکی پێشڕەو بوو لە شەڕی دژی داعشدا وەك فەرماندەی هێزە زەمینیەکان.
عەمید یەحیا رەسوڵ، کەسایەتییەکی بەناوبانگی نێو میدیا لەکاتی شەڕی دژی داعشدا، بە وتەبێژی فەرمیی فەرماندەی هێزە چەکدارەکان دیاریکرا.
شیکاروانی ئەمنی، سەفا ئەعسەم وتی پلەپێدانە نوێکان "پشتیوانیی سەربەخۆیی دەزگا سەربازی و ئەمنیەکان دەکات و دەیانپارێزێت لە سیستمی کۆتا و فشارە سیاسی و حیزبیەکان".
وتی بەرزکردنەوەی پلەی ئەو کەسانەی تۆمارێکی بەرچاویان هەیە لەکاتی شەڕەکەدا "هەنگاوێکی گرنگە کە کاریگەرییەکی ئەرێنی دەبێت لەسەر دۆخی ئاسایش،" ئاماژەشیکرد بەوەی پاشماوەکانی داعش ماوەیەکە سوود لە پشێوییه جەماوەرییهكانی ئەمدواییە و لاوازی هەنگاوە ئەمنیەکان دەبینن لە ناوچە دوورەدەستەکاندا بۆ ئەنجامدانی هێرشی نوێ.
ئەعسەم وتی: "بەڵام لەژێر رۆشنایی گۆڕانکارییە سەربازییەکانی ئەمدواییەدا، پێشبینی دەکەین هەڕەشەی داعش بنەبڕبکرێت لە چهند مانگی داهاتوودا."
موسڵمان
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت