قەزای حەزەر لە باشوری نەینەوا هەوڵدەدات خزمەتگوزاریەکان بگەڕێنێتەوە و ئەو شوێنانە دروستبکاتەوە کە لە میانهی شەڕی دژ بە "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا وێرانبوون، بەرپرسێکی ناوخۆ سێشەممە (9 حوزەیران) وتی.
قایمقامی حەزەر، بهسمان ئەحمەد سوڵتان بە دیارونای وت كارگێڕیی ناوخۆیی حەزهر سەرکەوتووانە چەند پڕۆژەیەکی ژێرخانی ئابوری و بیناسازیی بوژاندۆتەوە و ئامادەکاریدەکات بۆ دەستپێکردنی چەند پڕۆژیەک وەک بەشێک لە پلانی گەشەپێدانی ههرێمهكان.
وتی پڕۆژەی ئاوی حەزەر تەواوکراوە لەڕێی هەوڵەکانی فەرمانگەی ئاوی نەینەوا و حکومەتی ناوخۆیی پارێزگاکەوه.
وتی کارەباش گەڕێنراوەتەوە دوای ئەوەی چەند هێڵێکی کارەبا چاککرانەوە.
![سەربازانی عێراق لە 4 شوبات خانووە بەجێهێڵراوەکان دەپشکنن لە میانهی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش لە دوورگەی حەزەر، باشوری پارێزگای نەینەوا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]](/cnmi_di/images/2020/06/09/24442-Iraq-Hatra-security-600_384.jpg)
سەربازانی عێراق لە 4 شوبات خانووە بەجێهێڵراوەکان دەپشکنن لە میانهی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش لە دوورگەی حەزەر، باشوری پارێزگای نەینەوا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]
سوڵتان وتی: "کارەکانی بونیادنانی بیناکانی كارگێڕیی ناوخۆیی، ئەنجومەنی ناوخۆ، شارەوانی و ناوەندی تەندروستی گشتی لە ناوەندی قەزاکە تەواوکراون."
وتی ئەو خوێندنگانەی لە کاتی شەڕەکەدا وێرانكران ئێستا کراونەتەوە، لهنێویاندا خوێندنگە سەرەتایی و ئامادەییەکانی حەزەر.
هەروەها، چەندین شەقام قیرتاوکراون و شوێنەکانی پەڕینەوە نوێکراونەتهوە و بونیادنانی پردی گرنگی حەزەر تەواوبووە کە قەزاکە و پارێزگای ئەنبار بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش دەبێتە مایەی گەشەسەندنی بازرگانی و ئابوری ناوخۆ.
سوڵتان وتی: "ئەمساڵ ئامادەکاری دەکەین بۆ دهستكردن به چەندین پڕۆژەی دیکەی پلانی گەشەپێدانی ههرێمهكان، لەوانەش نۆژەنکردنەوەی بینا خزمەتگوزاریەکانی حکومەت، وەک فەرمانگەکانی ئاو، کارەبا، پەیوەندییەکان و لقی کشتوکاڵی حەزەر."
وتی پڕۆژەکانی نۆژەنکردنەوەی قەزاکە لە بەرەوپێشچووندان سەرباری ئەو ئاڵەنگاریانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوه (کۆڤید-19) هاتوونەتە ئاراوە.
وتیشی لەکاتێکدا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون لە قەزاکە تۆمارنەکراوە، خزمەتگوزاریە ناوخۆییەکانی تەندروستی "داوای هاوکاریی زیاتر دەکەن بۆئەوەی خۆیان بۆ دۆخی ناكاو ئامادەبکەن."
ئەمنیەتی زیاتر
سوڵتان وتی ئۆپەراسیۆنە سەربازیهكان بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش له دوورگەی حەزەر "بێوچان بەردەوامن".
وتیشی ئەمنیەت جێگیرە لە ناوەندی قەزاکە و ناحیەکانی دەوروبەری، سوپاس بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنانە کە چالاکی سەربازییان لەو بیابانه ئەنجامداوە کە بەرەو ئەنبار و سنووری سوریا درێژدەبێتەوە.
دووشەممە، سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی ئەنجامدا دژ بە داعش، بەناوی "پاڵەوانانی عێراق"، بۆ شهنوكهوكردنی نزیکەی 200 کیلۆمەتر دووجا لە دوورگەی حەزەر و بیابانی نەینەوا.
لەنێو ئەو ناوچانەی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا كرانه ئامانج، فڕۆکەخانەی سەربازیی جنێف، گردەکانی موعەینی، عەین تەرەفەوی و ئەلبو عادل هەبوون.
سوڵتان وتی تەواوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژ بە داعش ئامانجەکانیان پێکاوە، لەکاتێکدا پاشماوەکانی گروپەکە چیتر ناتوانن بەئازادی بجوڵێنەوە و تواناکانیان سنووردارکراوه.