چاودێرێکی شەڕ وتی هێرشە ئاسمانییهکانی روسیا بۆسەر باکوری خۆرئاوای سوریا سێشەممە (9 حوزەیران) بوونە هۆی کوشتنی مەدەنییەک، كه یەکەمین رووداوی لەمجۆرەیه لەوکاتەوەی ئاگربەستێک سێ مانگ پێشتر واژۆکرا.
رێکخراوی روانگەی سوری بۆ مافهكانی مرۆڤ رایگەیاند كه فڕۆکەکانی روسیا نزیکەی 15 هێرشیان بۆسەر شارۆچکە و گوندەکانی پارێزگای ئیدلیب ئەنجامدا.
سەرۆکی روانگەکە، رامی عەبدولڕەحمان وتی هێرشەکان بوونە هۆی کوژرانی مەدەنییەک لە گوندی بالیون -- "یەکەمین کەس کە بههۆی هێرشێکی ئاسمانییەوە بكوژرێت" لە راگەیاندنی ئاگربەستەکەی ئازارەوە.
ههرێمی ئیدلیب، كه ماڵی نزیکەی سێ ملیۆن کەسه، دواهەمین پێگەی ئۆپۆزسیۆنە دوای نۆ ساڵ لە شەڕێكی ناوخۆ وێرانکەر.
هێرشێکی حکومەتی پشتیوانیکراو لەلایەن روسیاوە لەنێوان کانونی یەکەم و ئازاردا بووە هۆی ئاوارەکردنی نزیکەی ملیۆنێک کەس لە ناوچەکە.
ئاگربەستێک کە لە 6 ئازار واژۆکرا، بە شێوەیەکی بەرچاو شەڕەکەی راوەستاند، بەڵام سەرۆک بەشار ئەسەد سوێندیخوارد کە کۆنتڕۆڵی تەواوی ههرێمهكه بکاتەوە.
رێکخراوەکە رایگەیاند کە روسیا لە دەسپێکی ئهم مانگەوە هێرشە ئاسمانییەکانی دەستپێکردۆتەوە و دووشەممە چەند بەشێکی پارێزگاکانی ئیدلیب و ناوچەکانی دەوروبەری حەمای بە دەیان هێرشی ئاسمانی کردۆتە ئامانج.
رژێم هێرشەکانی دەستپێدەکاتەوە
دووشەممە، باڵێكی قاعیدە سەرپەرشتی هێرشێکی کرد بۆسەر هێزەکانی رژێم لە باکوری خۆرئاوای سوریا، ئەمەش بووە هۆی کوژرانی 19 چەکداری لایەنگری حکومەت و 22 تووندڕەو.
رێکخراوەکە رایگەیاند کە میلیشیا تووندڕەوەکان "کە لەلایەن حوراس دینهوه سهرۆكایهتی دهكرێن، هێرشێکیان كرده سەر دوو گوند له ساحل غاب"، ناوچەیەکی ناوەندی پارێزگای حەما.
عەبدولڕەحمان وتی بۆ ماوەیەکی کەم دەستیانگرت بەسەر گوندەکانی فەتاترا و مەنارەدا، بەڵام هێزەکانی رژێم چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە کۆنتڕۆڵیانکردنەوە لەمیانهی تۆپبارانی سەخت و هێرشە ئاسمانییەکانی روسیادا.
ئاژانسی هەواڵی سانای زمانحاڵی دەوڵەتیش هێرشەکەی وەک هێرش بۆسەر "دوو بنکەی سوپای سوریا" باسکرد و رایگەیاند کە پێکهاتبوون لە "ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و چەند بارهەڵگرێک کە تەقەمەنییان لێبارکرابوو".
بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی سەربازی، ئاژانسەکە رایگەیاند کە دۆخەکە ئێستا لەژێر کۆنتڕۆڵدایە دوای ئەوەی تووندڕەوەکان بەهۆی وەڵامدانەوەی رژێمهوه کشاونەتەوە.
حوراس دین گروپێکی تاڕادەیەک بچوک بەڵام بەهێزە کە لەلایەن لایەنگرانی قاعیدەوە بەڕێوەدەبرێت.
گروپەکە رکابەری تەحریر شامە، هاوپەیمانییەکی گروپه تووندڕەوەکان کە زۆرینەیان ئەندامانی پێشووی بەرەی نوسرەی سەر بە قاعیدەن کە پێشتر نێوانیان لەگەڵ سوریادا هەبووە -- هەرچەندە دوو گروپەکە جارجارە هەماهەنگی دەکەن.