سوپای ئەمریکا دووشەممە (8 حوزەیران) رایگەیاند کە موشەکێک له زهوییهكهی ناو فڕۆکەخانەی بەغدا کەوتۆتەخوارەوە، ئەو شوێنەی هێزەکانی ئەمریکای لێ جێگیرن، لە هێرشێکی دیکەی دژ بە بەرژوەندییەکانی ئەمریکادا لە عێراق.
لەکاتێکدا شەپۆلێک هێرشی هاوشێوە لە تشرینی یەکەم دەستیپێکرد بەڵام کەمبوونەوە، ئهم دواهەمین هێرشە سێ رۆژ پێش گەڕی گفتوگۆکانی ئەمریکا-عێراق روویدا، كه بەشێکن لە "دیالۆگێکی ستراتیژی" کە هاوكاری سەربازی ئاییندهش لهخۆدهگرێت.
ئەفسەرێکی ئەمنی بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت هێرشەکە "هیچ قوربانییەک یان زیانێکی" لێنهكهوتهوه.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بەهۆی رێوشوێنەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆوە داخراوە لە عێراق، کە 13,000 حاڵەتی تووشبوونی بە نەخۆشییەکە لێ تۆمارکراوە و بووەتە هۆی مردنی 400 کەسیش.
هاویشتنی موشەکەکەی دووشەممە، 29یەمین موشەکی هاوشێوە بوو لە دژی سەربازان و دیپلۆماتکارانی ئەمریکا لە تشرینی یەکەمەوە.
هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی هێرشەکانی لەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام واشنتۆن ئەو گروپانەی تۆمەتبارکردووە کە لەلایەن ئێران و سوپای پاسدارانەوە پشتیوانیدەکرێن.
لە کانونی دووەمدا، درۆنێکی ئەمریکا فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران، قاسم سولیمانی، لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوشت و بووە هۆی هێنانە کایەی بارگرژییەکی نوێ لەنێوان واشنتۆن و تاراندا.
لە وەڵامدا، پەرلەمانی بەغدا دەنگیدا بۆ وەدەرنانی تەواوی سەربازە بیانییەکان لە خاکی عێراق، بەڵام بڕیارەکە هەرگیز جێبەجێ نەکرا.