سەرکردەیەکی باڵای رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە هێرشێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا لە دێرە زووری سوریا کوژرا، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری، عەمید یەحیا رەسوڵ سێشەممە (26 ئایار) وتی.
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لیوا تەحسین خەفاجی بە دیارونای وت فڕۆکەکانی هاوپەیمانان موعتەز نوعمان عەبد نەیف نەجم جبورییان كرده ئامانج بەگوێرەی زانیاری هەواڵگریی دەزگای دژە تیرۆریزمی عێراق.
وتی جبوری، کە ناسراویشه بە حاجی تەیسیر، بە یەکێک لە "ترسناکترین پیاوەکان [لە داعشدا] دادەنرێت" کە پێگەی جێگری سەرکردەی داعش و "والی" عێراقی هەبووە.
هەروەها بەرپرسیاربووە لە چاودێریکردنی چالاکییەکانی گروپەکە لە دەرەوەی عێراق.
ساڵی رابردوو، ئەمریکا بڕی 5 ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات راگەیاند بۆ هەر کەسێک کە زانیاری دەربارەی جبوری بدات، کە دەوترا چاودێریی دروستکردنی تەقەمەنی دەستکردی دهكرد، بەگوێرەی راگەیاندنەکەی ئەمریکا.
خەفاجی وتی ئاشکراکردنی شوێنی جبوری و کوشتنی، "روخانی سیستمی تیرۆریستی و کەوتنی یەک بە یەکی سەردەکانی گروپەکە دەردەخات، سوپاس بۆ دەستکەوتە بەنرخە هەوڵگرییەکانی هێزەکانمان".
پاشهكشێی داعش
خەفاجی وتی ئۆپەراسیۆنەکە هاوکاتی "دەستگیرکردنی تیرۆریستێکی ترسناک بوو لە سێشەممەدا لە شارۆچکەی رومانە لە ناحیەی قائیم [خۆرئاوای ئەنبار] لەگەڵ گەیشتنیدا بۆ سوریا".
وتیشی چەکدارەکە لە دادگا داواکراوبووە بەتۆمەتی بەشداریکردن لە شەڕی دژ بە هێزەکای عێراقدا لە شاری حهدیسە لە میانهی شەڕەکانی ئازادکردندا، هەروەها بۆ بەشداریکردن لە شەڕەکانی شارۆچکەی سنووریی ئەلبو کەمال لە سوریا.
هەروەها هێزەکانی عێراق لە ئۆپەراسیۆنێکی پێشوەختەدا شانەیەکی تیرۆریستیی نهێنییان پوچەڵکردەوە لە شاری هیت له پارێزگای ئەنبار. شانەکە بەشداربووە لە بەڕێکردنی پارە بۆ چەکدارانی داعش بەشێوەیەکی نایاسایی.
خەفاجی وتی: "شانەکە پێکدههات لە چوار ئەندام، لهنێویاندا ژنێك، کە هەڕەشەیان لە دانیشتوانی دهكرد و دهیانترساندن و بەزۆر پارەیان لێدهسهندن و بەڕێیاندهكرد بۆ تیرۆریستەکان."
وتیشی "زهبرێكی جهرگبڕ" له داعش درا لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا لە دوو رۆژی رابردوودا لە ناوچە بیابانیەکانی قەبدات غەزلان لە ناحیەی روتبە.
سەرکردەیەکی باڵای داعش لە ئۆپەراسیۆنێکدا کوژرا لەکاتێکدا چەکدارێکی تر، کە توانیی هەڵبێت، بریندارکرا.
خەفاجی وتی: "لەمیانهی ئۆپەراسیۆنەکەدا، بنکەیەکی گەورەی داعشمان وێرانکرد کە پێکدههات لە چەند شوێنێکی حەوانەوە و تەقەمەنی دەستکرد و چەندین جۆری چەک و پێداویستی تێدابوو." ئاماژەی کرد بۆ ئەوەش کە شوێنەکە وەک ناوەندێکی پشتیوانیی لۆجستی بوو بۆ چەک و خۆراك.