شەش تووندڕەو کوژران چوارشەممە (27 ئایار) لە تەقینەوەیەکدا کە ئهمبارێكی چەکی لە باکوری خۆرئاوای سوریا کردە ئامانج، لەکاتێکدا فڕۆکەکانی روسیا بەسەر شوێنی تەقینەوەکەدا فڕین، گروپێکی چاودێری شەڕ رایگهیاند.
رێکخراوی روانگەی سوری بۆ چاودێری مافهكانی مرۆڤ ئهوهی رانەگەیاند ئاخۆ روسیا لەپشت هێرشەکەوە بووە کە بووە هۆی کوشتنی تووندڕەوێکی ناسوری سهر به پارتی تورکستانی ئیسلامی، گروپێکی تووندڕەو کە زۆرینەیان ئوغورن.
سەرۆکی رێکخراوەکە، رامی عەبدولڕەحمان وتی: "نازانین ئەگەر ئەمە ئەنجامی بۆردومانی ئاسمانی بێت یان تەقینەوەیەک لەناو ئەمبارەکەدا."
ئەگەر پشتڕاستبکرێتەوە، دەبێتە یەکەمین هێرشی روسیا بۆسەر ناوچەی ئیدلیب لەوکاتەوەی ئاگربەستێک له ئازاردا چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
دواهەمین ناوچەی گەورەی ئۆپۆزسیۆن لە ئیدلیب لەلایەن تەحریر شامەوە کۆنتڕۆڵکراوە، کە ماڵی نزیکەی سێ ملیۆن کەسە.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، پەلامارەکانی رژێم بەپشتیوانی روسیا لەنێوان کانونی یەکەم و ئازاردا نزیکەی یەک ملیۆن کەسیان لە باکوری خۆرئاوا ئاوارهكرد، بەڵام لانیکەم 140,000 کەس گەڕاونەتەوە لەوکاتەوەی ئاگربەستەکە چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئاگربەستەکە، کە هاوکات بوو لەگەڵ قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-19)، هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی راوەستاند کە لەلایەن رژێم و روسیاوە ئەنجامدەدران و بووەنە هۆی کوشتنی لانیکەم 500 مەدەنی لە چوارمانگی رابردوودا.
رێکخراوەکە رایگەیاند کە تەقینەوەکەی چوارشەممە ئهمبارێكی چەکی کرده ئامانج لە گوندی تەیبات لە نزیک شارۆچکەی جسر شوغور، کە لەلایەن پارتی تورکستانی ئیسلامی کۆنتڕڵکراوە كه هاوپەیمانی تەحریر شامە.
راشیگەیاند كه فڕۆکەکانی روسیا لەوکاتەدا بەسەر شوێنی تەقینەوەکەدا فڕیون.
نزیکەی نیوەی دانیشتوانی ئیدلیب پێکدێن لە ئاوارەی سوری کە لە بەشەکانی دیکەی وڵاتەکەوە ئاوارەبوون.
شەڕی سوریا بۆته هۆی كوشتنی 380,000 کەس و ئاوارەبوونی نزیکەی نیوەی دانیشتوانی پێش شەڕی وڵاتەکە، کە لە 2011 دەستیپێکرد.